بەشداری ژنان لە کاندیدکردنی تاکەکەسی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی لیبیا وەک پێویستنییە

چالاکوانانی لیبیا بیروبۆچوونیان وایە ئەوەی ئەمڕۆ ژنانی لیبیا پێویستیانە تەنها یاسادانانێکی زیاتر نییە، بەڵکو جۆرێکە لە هەژاندنی هزری و کۆمەڵایەتی کە وایان لێبکات خۆیان وەک چالاک ببینن نەک ژێردەستە، دەستپێشخەربن نەک وەرگر.

مونا توکا


لیبیا- لەگەڵ نزیکبوونەوەی گروپی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە لیبیا، ژنان تادێت دوودڵن لە خۆکاندیدکردن بۆ کورسی تاکەکەسی، پێیان باشە لە لیستی هەڵبژاردنەکاندا شانبەشانی پیاوان خۆیان کاندید بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە یاسا ڕێگەیان پێدەدات وەک سەربەخۆ لە سێ بەشدا خۆیان کاندید بکەن: کورسی تاکەکەسی، کورسی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان،کورسی پێکهاتەکان.


هۆکارەکانی خۆبەدوورگرتنی ژنان لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆست

مریەم مەشموور،باڵیۆزی هۆشیاری و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە نەوەی دووەمی بەڕێوبەرایەتی هەڵبژاردنەکان لە سەبا، جەختی لە هەوڵە بەردەوامەکان کردەوە، بۆ هۆشیاردان بە  ژنان سەبارەت بە گرنگی بەشداری چالاکانەیان،چ وەک کاندید یان دەنگدەر. بەڵام ئەو دوودڵییە لە کاندیدبوونی ژنان زیاترە بۆ ناو تۆمارکردن وەک دەنگدەر.

 

مریەم مەشمور،باڵیۆزی هۆشیاری و چالاکوانی مەدەنی پێی وایە "هۆکاری سەرەکی دوودڵی ژنان بۆ خۆکاندیدکردنی کورسییە تاکەکەسییەکان، نەبوونی متمانەیە بە پرۆسەی هەڵبژاردن، زۆرێک پێیان وایە خۆ کاندیدکردن وەک کاندیدی تاکەکەس گەرەنتی نییە، کەس دەنگیان پێنادات، بەپێچەوانەی خۆکاندیدکردن لەسەر لیستەکان،ئەمە جۆرێک لە پاڵپشتییان بۆ دابین دەکات، نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە مافی ژنان بۆ خۆکاندیدکردن وەک سەربەخۆش بەشداربووە لەم دوودڵییە، چونکە زۆربەی ژنان کورسی تاکەکەسی وەک مەترسییەکی حیساب نەکراو سەیر دەکەن.

 

ئەو پێی وایە ژینگەی هەڵبژاردنی ئێستا بەتەواوی ئامادە نییە، بۆ پشتیوانی لە بەشداری ژنان وتی: پێویستە چاودێری و پاڵپشتی لایەنە جیاوازەکان هەبێت، لەوانە باڵیۆز و کۆمەڵگەی مەدەنی و تەنانەت خێزانەکانیش، بۆ ئەوەی ژنان قەناعەتی پێبکەن، کە هەڵبژاردن شوێنێکی سەلامەتە، دەتوانن تێیدا خۆیان بەڕێوەببەن،لەڕێگەی شارەزایی و بەرنامەکانیانەوە خزمەتی شار و وڵاتەکەیان بکەن.

 

فشارە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژیی هەڵبژاردن

هەندێک لە ژنان کە بڕیاری خۆکاندیدکردنیان داوە،بە تاک بێت یان لە لیستەکاندا، کەوتوونەتە بەر فشاری کۆمەڵایەتی کە ناچاریانی کردووە کاغەزی کاندیدبوونیان بکشێننەوە. "ژنان هەن کە لەڕاستیدا ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام دوای ئەوەی خێزانەکانیان ڕەتیانکردوەتەوە، بەهۆی ئەوەی مەرجیان بەسەریاندا سەپێندراوە بچنە ناو هەندێک لیستەوە، لەگەڵ کەسایەتی دیاریکراودا کاربکەن، ناچاربوون بکشێنەوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە توندوتیژیی هەڵبژاردنەکان.

 

 ئاماژەیبەوەکرد، ئەم ڕاهێنانە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کایەی سیاسیدا، تەنانەت کاتێک ژنێک چالاکە لە هۆشیاری هەڵبژاردنەکاندا، تەنها لەبەر ئەوەی ژنە ڕەت چەکرێتەوە یان دووردەخرێتەوە. کۆمەڵگە ئەو بیرۆکەیە قبوڵ دەکات کە ژنان کاروباری تەقلیدی بەڕێوەببەن، بەڵام ئامادە نییە وەک یاریزانێکی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا قبوڵیان بکات.

 

ڕۆڵی هۆشیاری لە بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان

سەرەڕای ئاڵەنگاریەکان، مریەم مەشموور جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی هەوڵەکانی هۆشیارکردنەوە و پشتیوانیکردنی ژنان لە یەکتر دەکاتەوە وتی: بە زیادبوونی هۆشیاری و پاڵپشتی، شتەکان وردە وردە دەگۆڕدرێن، ئەگەر ژنان هاندانی پێویست لە خێزان و پێکهاتەکانیان بدۆزنەوە، ئەوا ڕۆڵێکی گەورەتریان دەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چ وەک کاندید یان دەنگدەر، ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەلی سەرکەوتنیان، دوودڵی بۆ خۆکاندیدکردن تاکە کێشە نییە. ژنان وەک دەنگدەر کەم تۆمارکراون، ئەمە کاریگەرییان لە هەڵبژاردنەکاندا سنووردار دەکات، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا تەنها مافێک نییە، بەرپرسیارێتی و متمانەیە، دەبێت هەموو ژنێک درک بەوە بکات کە بەشێکی گنگە لەم پرۆسەیەدا، چ وەک کاندیدێک یان وەک دەنگدەرێک.


خۆڕەخنەگرتن و بانگەوازێک بۆ گۆڕانکاری

عەزیزە حسێن، ئەندامی وەزارەتی حکومەتی خۆجێی، نیگەرانی قوڵی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە "بێباکی ژنان" پێناسەکرد، سەبارەت بە خۆکاندیدکردن بۆ کورسی تاکەکەسی، بەتایبەتی لە هەرێمی باشوور. ئەو پێی وایە ژنانی باشوور "زۆر لە هاوتاکانیان لە ناوچەی عەرەبی دواکەوتوون"، نەک بەهۆی یاسا و سیستەمەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی بە "نەبوونی دەستپێشخەری و متمانە بەخۆبوون" دەزانێت.

 

وتیشی: یاساکان شوێنێکی سنوورداریان بە ژنان داوە، بۆ بەشداریکردن. کورسی پشک هەیە، هەلیان لە پۆلەکانی کەمئەندامی و پێکهاتەکانی دیکەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەدا سەرمایەگوزارییان لەم شوێنە نەکردووە.  خۆیان وەک بەشێک لەم تەڤگەرە نابینن، وەک ئەوەی چاوەڕێی بن کەسێک دەستیان بگرێت لەبری ئەوەی خۆیان بەرەو پێشەوە بچن.

 

هۆشداریشی دا لە بەردەوامیی ئەم ڕێبازە، کە ژنان بۆ دەیان ساڵی داهاتوو لە پەراوێزدا دەهێڵێتەوە، گەر هەڵوێستێکی ڕوون لە ناو خودی کۆمەڵگەی ژنانەوە نەگیرێتەبەروتی: هیچ شتێک ناگۆڕێت ئەگەر ژنان لە خۆیانەوە دەست پێنەکەن، باوەڕیان بەوە هەبێت کە دەنگەکانیان گرنگە،  دەستپێشخەرییەکەی ئەوان کلیلی گۆڕانکارییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمەڵگەی لیبیا بە سروشت ئاڵۆز نییە، تەنها پێویستی بە کەسێکە کە سەرنجی خۆی ڕابکێشێت. ژنان دەتوانن ئەم چەشنە کۆنەپەرستانە بگۆڕن، بەڵام دەبێت واز لە چاوەڕوانی قبوڵکردن بهێنن و دەست بکەن بە گرتنەبەری هەنگاو.

 

ئەوەی ئەمڕۆ ژنانی لیبیا پێویستیانە تەنها یاسادانانێکی زیاتر نییە، بەڵکو "جۆرێک لە هەژاندنێکی هزری و کۆمەڵایەتییە کە وایان لێدەکات خۆیان وەک چالاکانە ببینن نەک وەک ژێردەستە، وەک دەستپێشخەر نەک وەک وەرگر".

بانگەوازێک بۆ سەلماندنی خۆد و ئاڵەنگاری چەشنە کۆنەپەرستانەکان
ئیخلاس مەهدی، ئەندامی وەزارەتی حکومەتی خۆجێیە، تیشکی خستەسەر یەکێک لە لایەنە هەستیارەکانی دوودڵی ژنان بۆ خۆکاندیدکردن، ئەویش تێڕوانینی کۆمەڵگەی دەوروبەری، "کۆمەڵگە هێشتا وەک توخمێکی لاواز سەیری ژن دەکات. کاتێک هاوڵاتی دەبینن ژنێک خۆی کاندید دەکاتە، گریمانەی ئەوە دەکەن کە کەسێک پاڵی پێوە ناوە، بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، نەک ئەوەی توانا یان خواستی خودی خۆیەتی. تەنانەت کاتێک سەردەکەوێت دەوترێت کەسێک لە پشتەوە پشتگیری لێکردووە.

 

ئەم بۆچوونە پەیوەستە بەو ئەزموونە سنووردارانەی کە ژنان هەیانبووە. دەڵێت: ژنان هەلی پێویستیان پێنەدراوە، بۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن لە پۆستە بەرپرسیارییەکان، کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی ئەزموونەوە متمانە دروست دەکەن، ئەگەر ئەو هەلانەیان پێنەدرێت، ژنان لە دەوری گوماندا دەمێننەوە.

 

گۆڕانکاری تەنها لەڕێگەی دەستپێشخەری بوێرانەی ژنان خۆیانەوە دێت. "دەبێت ژنان دەستپێشخەری بکەن، خۆیان کاندید بکەن، دەنگ بدەن،بەشداری لیژنە و دامەزراوە ناوخۆییەکان بکەن. ئەمە بە تەنها ئەو چەشنە چەقبەستووە دەشکێنێت. ئەگەر چاوەڕێی کەسێکی دیکە بیب  هەلمان پێبدات، هەرگیز نایەت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئیخلاس مەهدی، ئەندامی وەزارەتی حکومەتی خۆجێی، داوای لە ژنان کرد "ئەمڕۆ دەست پێبکەن نەک سبەی، هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ نیشاندانی هێز و تواناکانیان، نەک تەنها قسە لەسەر گۆڕانکاری بکەن.

 

شایانی باسە کە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی لیبیا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، لەکاتێکدا بڕیارە قۆناغی دووەم لە مانگی حوزەیران بەڕێوەبچێت، بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای نیشتمانیی هەڵبژاردنەکان.