ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چوار دەیەی خوێناوی
ڕۆزا حەمە ساڵح - نووسەرو وەرگێڕ
ماوەی ٤٧ ساڵە، ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەورێکی ڕەشی سیاسی داپۆشراوە، مێژوویەک کە لێوانلێوە لە ململانێی نێوان ئیرادەی گەلێک بۆ ژیان و ڕژێمێک کە زمانی گولـلە و پەتی سێدارە و سەرکوتکردن تەنها ئامانجێتی.
لەو ساتەوەی تیشکی شۆڕشی گەلان لە ساڵی ١٩٧٩دا تێکەڵی تەمومژی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری مەزهەبی بوو، کورد بە ئومێدی "دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان" هاتە مەیدان، بەڵام وەڵامی ئەم داخوازییە مرۆییە، فەتوایەکی خوێناویی "جیهاد" بوو کە لە لایەن خومەینییەوە دەرکرا.
لەو ڕۆژە غەمگینانەی ئابی ١٩٧٩دا، کوردستان بووە مەیدانی جەنگێکی نایەکسان. سادق خەڵخاڵی، وەک نوێنەری مەرگ، لە شارەکانی سنە، مهاباد، سەقز و پاوە، دادگایەکی کورتی چەند خولەکی و بێ پارێزەری ڕێکخست، کە تێیدا تەنیا حوکمێک دەبیسترا ئەویش "گوللەباران" بوو، تیایدا سەدان گەنجی کوردی گوللەباران کرد.
ڕژێمی ئێران لە ماوەی ئەم چوار دەیەیەدا، سێدارەی کردە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ویژدانە زیندووەکان. چالاکوانانی مەدەنی، ژینگەیی و سیاسی بە تۆمەتی ناڕەوای "دژایەتی خودا" ڕەوانەی پایەی سێدارە دەکرێن.
ئەم دەسەڵاتەی ڕژێمی سێدارە تەنانەت لە سنوورەکانی ئێرانیش تێپەڕی، لە ڤییەننا دەستی غەدر گەیشتە جەستەی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە کاتی دانوستانی ئاشتیدا، و لە بەرلینیش دکتۆر سادق شەرەفکەندی کردە ئامانجی تیرۆر، تا بیسەلمێنێت کە لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا بەرگەی دەنگی ڕەوای کورد ناگرێت.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بە شەهیدبوونی مەزڵوومانەی کچە کوردی کوردستان، ژینا ئەمینی، ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک گەردەلوولێک هەڵیکرد. ڕۆژهەڵات بووە ناوەندی ئەم بزووتنەوەیە و جارێکی تر ڕژێمی ئێران بە توندترین شێوە و بە چەکی قورس (دۆشکە و تانک) وەڵامی شارەکانی وەک جوانڕۆ، مەهاباد و سنەی دایەوە و لەو نێوەدا سەدان کورد شەهید بوون.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتە ناوچەیەکی پەراوێزخراو. سامانی ئاو و کانی و کانزاکانی دەبرێن بۆ ناوچەکانی تری ئێران، لە کاتێکدا گەنجانی کورد بۆ نانێکی حەڵاڵ، ناچارن کێو و تەم و فیشەکی سوپای پاسداران ببڕن. کۆڵبەری تەنیا کارێک نییە، بەڵکو چیرۆکی خەباتێکی ڕۆژانەیە بۆ مانەوە لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکدا کە نەک هەر نان، بەڵکو هەناسەدانیشی لێ زەوت کردوون.
ئەم ڕژێمە بە بەرنامە کار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەکات، لە ڕێگری کردن لە خوێندن بە زمانی دایک و بگرە تا زیندانیکردنی مامۆستایانی خۆبەخشی وەک زارا محەمەدی.
مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ ڕژێمێک بە خوێن و سێدارە سەرکەوتوو نەبووە. ئەو دەسەڵاتەی کە بناغەکەی لەسەر زوڵم و چەوساندنەوەی نەتەوەکان بونیات ناوە، مەحکومە بە ڕووخان. ئەوەی ئەمڕۆ پشتیوانی لەم ستەمە دەکات یان بە دۆستی کوردی دەزانێت، نەک هەر شارەزایی لە مێژوودا نییە، بەڵکو بێڕێزی بە خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم خاکە دەکات.