تایبەتمەندیی جیهانی منداڵان، چۆنە؟
چرۆ ڕەشید - مامۆستا
منداڵ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی تەواو جیاواز و هەستیار و گرنگە، تایبەتمەندیی خۆی هەیە، شێوەی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و جیهانبینی ئەو لە هیچ بوونەوەرێکی دیکە ناچێت.
جیهانی منداڵان لێوان لێوە لە خەیاڵ و فەنتازیا، بۆ دۆزینەوە و پەیبردن بە خەیاڵە بێسنوور و فراوانەکانیان، منداڵان پێویستیان بە دەروازەیەکە بۆ جیهانبینی، ئەو دەروازەیە دەکرێت کتێبێک بێت یان چیرۆکی ناو گۆڤارێکی رەنگاوڕەنگ کە لە ناوەرۆکەکەیدا خەون و خەیاڵ یان سەرکێشی و بیرۆکەی نوێ لەخۆبگرێت، خوێندنەوە تەنیا کارامەییەک نییە تا منداڵان لێیەوە فێرببن بەڵکو کەلتورێکی مرۆڤ دۆستییە دەتوانێت بە درێژایی تەمەنی لەگەڵیاندا بمێنێتەوە توانای بیرکردنەوە و خەیاڵ و تێگەیشتنیان پەرەپێبدات، کاتێک منداڵان لە تەمەنێکی بچووکی سەرەتای ژیانەوە بە کتێب و گۆڤار خوێندنەوە ئاشنادەبن، درک بەوە دەکەن کە کتێب وەک هاوڕێیەکی پڕ زانیاری و میهرەبان وایە کە چیرۆکی بۆ بگێڕێتەوە، گەشتی دوور و درێژ دەکەن، لە هەر چیرۆکێکدا کە منداڵ دەیخوێنێتەوە بە ئەزموونێکی نوێ ئاشنا دەبێت وەک ئەوەی لەگەڵ پاڵەوانێکی ئازای راستەقینە گەشت بکات یان وانەیەک لەسەر هاوڕێیەتی یاخود نهێنی ژیان و سروشتی ژینگەکەی فێرببێت، بەم شێوەیە خوێندنەوە لە چالاکییەکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ چێژ و خۆشی و منداڵ بە تامەزرۆییەوە زۆرشتی لێوە فێردەبێت.
خۆشەویستی منداڵان بۆ خوێندنەوە پێویستی بە هاندانی خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکانە، لەبەرئەوەی منداڵان حەزی لاساییکردنەوەیان هەیە، کاتێک دەبینن دایک یان باوک کتێبێکیان بە دەستەوەیە و دەیخوێننەوە هەست دەکەن خوێندنەوە سروشتی ژیانە یاخود کاتێک مامۆستا بە شێوازێکی راستی پەروەردەیی چیرۆکێکی پڕچێژیان بۆ دەگێڕێتەوە و گفتوگۆی دەکەن لێرەوە کتێب بۆیان دەبێت بە جیهانێکی پڕ لە خۆشی و دۆزینەوە لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت! ئایا چ کتێبێک گونجاوە بۆ منداڵان بخوێنرێتەوە؟ بێگومان گرنگە ئەو کتێبانەی بۆ منداڵان دابین دەکرێن لەگەڵ ئاست و تەمەنی منداڵەکە و حەز و ئارەزووەکانیدا بگونجێت پڕبێت لە رەنگ و وێنەی جوان لەبەرئەوەی وێنە یارمەتی منداڵان دەدات تا زیاتر لە چیرۆکەکان تێبگەن هانیان دەدات زیاتر بخوێننەوە لە هەمانکاتدا دەتوانرێت خوێندنەوە بگۆڕێت بۆ چالاکی، بۆ نموونە داوا لە منداڵان بکرێت کۆتایی جیاواز بۆ چیرۆکەکان پێشنیاز بکەن بە شێوەیەک کە لەگەڵ حەز و ئارەزووی ئەواندا بگونجێت یاخود رۆڵێک لە چیرۆکەکە لەگەڵ هاوڕێکەیدا بگێڕێت خەیاڵ و بیرۆکەکانی بەشداری تێدا دەکەن، بەمجۆرە منداڵان هەست دەکەن کە خوێندنەوە چێژبەخشە.
هەرلەبەرئەوەیە ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەکی پڕ لە کتێب و کەسانی کتێب دۆستدا گەورەدەبن توانای هزری و قسەکردنیان باشترە، چونکە لە رێگەی خوێندنەوەوە وشەسازی پەرەپێدەدەن، یارمەتییان دەدات بۆ دەربڕینی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانیان بە متمانەوە، خەیاڵیان فراوان دەکات و داهێنەر و بیرمەند دەبن، خوێندنەوە هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی بەهاو خوڕەوشت و کارامەییەکان بە تێپەڕبوونی کات خوێندنەوە دەبێت بەخویەکی رۆژانە و دەرفەت بۆ فێربوون دەڕەخسێنێت، ئەو منداڵانەی خۆشەویستییان بۆ خوێندنەوە پەرە پێدەدەن نەک هەر بە دوای زانستتدا دەگەڕێن، بەڵکو پرسیاری زیاتریش دەکەن باشتر لە وەڵامەکانی پرسیارەکانیش تێدەگەن، لە کۆتاییدا چاندنی تۆوی خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە لە ناخ و دەروونی منداڵەکاندا جوانترین و بە نرخترین دیارییە پێیانی ببەخشین، ئەو کتێبە بچووکەی ئەمڕۆ بە دەستی منداڵێکەوەیە دەتوانێت ببێتە سەرەتای گەشتێکی دوور و درێژی زانستی و داهێنان بۆ داهاتووی.