سیاسەتی درێژەپێدانی شەڕ و بۆردومان و پەلاماردانی خەڵكی سڤیل بەردەوامە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد – ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەداخەوە كە سیاسەتی درێژەپێدانی شەڕ و بۆردومان و پەلاماردانی خەڵكی سڤیل بەردەوامە، لە درێژەی ئەو سیاسەتە شەڕەنگێزییەشدا، ئەمڕۆ بە بەرچاوی دنیاوە، گوندی شێنێی ناوچەی پشدەر، لەدووكاتی جیاواز و لەرێی فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركیاوە كەوتەبەر شاڵاوی بۆردومان و پەلاماردان، ئەو سنووربەزاندن و بێ رێزییە لەبەرامبەر سەروەری دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هیچی تێدا نەهێشتۆتەوە و گەواهی ئەوەش دەدات كە لە سایەی دابەشبوون و رادەستبوون بە ئەجێندای هەرێمییەوە، خاكی كوردستان بۆتە شوێنی تەراتێنی سەرباز و سوپای وڵاتان و ئاسمانەكەشی هەر رۆژە لە لایەن دەوڵەتێكی ناوچەكەوە دەبەزێنرێت.
"هەرێمی کوردستان وەک تەماشاکار لە ڕووداوەکان دەڕوانێت"
ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر "شێنێ" ڕوویدا و ماوە ماوەش لە بەرامبەر ناوچەكانی تری باشووری كوردستان دووبارە دەبێتەوە، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە هەم دەوڵەتی عێراق لە بەرامبەر لەشكركێشی هەرێمیی سەروەریی خۆی لەدەستداوە و هەمیش هەرێمی كوردستان لە بری ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە مەترسی بە ئامانجگرتنی ناوچەی نیشتەجێبوون و ئاوەدانی ئاگادار بكاتەوە، وەك تەماشاكار لەو ڕووداوە مەترسیدارانە دەڕوانێت و تەنانەت بە بەیاننامەیەكیش زاتی ئیدانەكردنی ئەو پێشێلكارییانە ناكات.
بۆردومان ڕۆحیەتی نیشتمان پەروەری بەهێز دەکات
مێژوو سەلماندوویەتی كە ڕێگای شەڕ و بۆردومان دژی نەتەوەی كورد تاقیكراوەتەوە و هەر بێهودەیە، هەموو بۆردومانێك، ژمارەی تاوان و تاوانباران زیاد و رۆحییەتی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازیش بەهێزتر دەكات.
لە كاتێكدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە و بەئامانجگرتنی گوندی سەربەرزی "شێنێ" دەكەم، داواش لە هێز و لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم لە پێناو شكۆ و كەرامەتی نەتەوەییمان فشارێك لەسەر دەوڵەتی توركیا دروست بكەن تا چیتر ئەوە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ئەوكات ڕووداوی كارەساتبارتر و چاوەڕواننەكراو تر، بەرۆكمان دەگرێتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
٢-٢-٢٠٢١