پرسیاری فەلسەفی لای منداڵان

چرۆ رەشید- مامۆستا

ئەوکاتەی پرسیاری فەلسەفی دەبێتە دەستپێکی زانین و بنچینەی پەروەردە لای منداڵان لە جیهانێکدا کە زانست و تەکنۆلۆژیا بە خێرایی بەرەوپێش دەچن، دەردەکەوێت سەرکەوتنی پەروەردە تەنیا بە کۆکردنەوەی زانیاریی زۆر پێوانە ناکرێت بەڵکو بە توانای تاک لە بیرکردنەوە، تێگەیشتن، شیکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەپێورێت، لەم روانگەیەوە پرسیاری فەلسەفی لای منداڵان وەک یەکێک لە ئاراستە نوێیەکانی پەروەردە دەردەکەوێت کە ئامانج لێی گەشەپێدانی بیرکردنەوە و گفتوگۆیە لای منداڵان، ئەم ئاراستەیە پێیوایە منداڵ خۆی بە سروشت خاوەنی ئارەزووی زانین و پرسیارکردنە و ئەو پرسیارانەش دەکرێت سەرەتای دروستبوونی کەسایەتییەکی هۆشیار و بیرمەندبن.


پرسیاری فەلسەفی لای منداڵان مەبەستی فێرکردنی تیۆر و بیروباوەڕە ئاڵۆزە فەلسەفییەکان نییە، بەڵکو هەوڵدەدات منداڵ فێری بیرکردنەوەی قووڵ و دروست، گفتوگۆ، لێکدانەوە و تێڕامان بێت، لە رێگەی پرسیارکردن و گۆڕینی بۆچوونەوە، منداڵ فێردەبێت چۆن لەسەر بابەتە جیاوازەکان بیربکاتەوە و بۆچوونی خۆی بە شێوەیەکی لۆژیکی دەرببڕێت.


گرنگیی پرسیاری فەلسەفی لای منداڵان لەوەدایە کە منداڵ لە وەرگرێکی زانیارییەوە دەگۆڕێت بۆ بەشداربوویەکی چالاک لە دروستکردنی زانیاریدا، کاتێک دەرفەت دەدرێت بە منداڵ بۆ ئەوەی بیرۆکە و بۆچوونەکانی خۆی دەرببڕێت، متمانەی بە خۆی زیاتر دەبێت و هەست بە بەها و گرنگیی بۆچوونەکانی خۆی دەکات، هەروەها فێری گوێگرتن لە کەسانی دیکە و رێزگرتن لە جیاوازییەکان دەبێت، ئەمەش یارمەتیدەدات کە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگی هەبێت.


کاریگەریی پرسیاری فەلسەفی منداڵان تەنیا لە گەشەپێدانی هزر و بیرکردنەوەدا نییە، بەڵکو لە پەرەپێدانی بەها مرۆیی و ئاکارییەکانیشدا رۆڵی گرنگ دەگێڕێت، منداڵ لە رێگەی گفتوگۆ و باسکردنی بابەتە جیاوازەکانەوە، مانای راستگۆیی، هاوڕێیەتی، دادپەروەری، یارمەتیدان و بەرپرسیارێتی باشتر تێدەگات و فێری جێبەجێکردنیان دەبێت.


لە پرسیاری فەلسەفی منداڵاندا، مامۆستا تەنیا زانیاری ناگوازێتەوە، بەڵکو رێنیشاندەر و ئاسانکارێکی گفتوگۆیە، مامۆستا بە پرسیاری کراوە هانی منداڵان دەدات بیر بکەنەوە و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، هەروەها کەشێکی ئارام و دڵخۆش دابین دەکات کە هەر منداڵێک بتوانێت بە ئازادی قسە بکات و هەست بە گرنگیی خۆی بکات.


چیرۆک یەکێکە لە باشترین ئامرازەکانی جێبەجێکردن و وروژاندنی پرسیاری  فەلسەفی لای منداڵان، چیرۆک خەیاڵی منداڵ دەجوڵێنێت و پرسیاری نوێ لە مێشکیدا دروست دەکات، لە دوای خوێندنەوەی چیرۆک، مامۆستا دەتوانێت لەسەر کردار و رووداوەکان گفتوگۆ بکات و منداڵان هان بدات بۆ بیرکردنەوە و لێکدانەوەی ئەو بابەتانەی کە لە چیرۆکەکەدا هاتوون.


لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای نوێدا، منداڵان رۆژانە بەرکەوتەیان لەگەڵ  زۆرترین زانیاریدا دەبێت، لەبەرئەوە پێویستە فێری شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان ببن و گرنگە منداڵ فێر بکرێت چۆن بیر بکاتەوە، نەک تەنیا بیر لەچی بکاتەوە.


لە کۆتاییدا، پرسیاری فەلسەفی منداڵان تەنیا میتۆدێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو دیدێکی مرۆییە کە باوەڕی بە توانای منداڵە لە بیرکردنەوە، پرسیارکردن و داهێناندا، بەمشێوەیە دەتوانین نەوەیەک پەروەردە بکەین کە هۆشیار، داهێنەر و بەتوانا بێت لە بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی و خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەیدا.