نیشتمان جێناهێڵین
سۆما بەرزنجی - نووسەر
نیشتمان بەتەنیا شوێنی لە دایکبوون و ناسنامەمان نییە، بەڵکو ئامانجێکە و دەبێت بۆی بژین و قوربانی لەپێناو بدەین، ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێ، ئەوەی بە گوێی جیهاندا چرپاندی، ئەوەیە کە ئیرادە لە رۆح گرنگترە، نیشتمان لە گیان و رۆح گرنگترە، بڕینی کەزیی کچانمان، ئیرادەی زیاتر دەدات بە رۆحی گەنجانمان و زیاتر رەگی خۆشەویستییان بۆ نیشتمان دادەکوتێت.
برینی رۆژئاوا، جیهانی بە ئاگا هێنا، لەوەی کە کورد یەک دەنگ و یەک رەنگە بەرامبەر بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
ئەوەی لە شەقەماکان بینیمان، وەڵامێکی کاریگەر بوو بۆ هەموو ئەوانەی دەیانگوت، گەنج هیوای بە وڵات نەماوە و شارەکان گەنجی تێدا نەماوە، زۆربەیان یاخیبوون و نیشتمانی دایکیان بەجێهێشت، ئەم جۆش و خرۆشە بەتەنیا لە شەقامی سالم و سەهۆڵەکە و لای باخی گشتی سلێمانی نییە، پیرە کۆڵانەکانی هەولێر و لای قەڵا و سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بۆ خۆشەویستیی نیشتمان، گەنجانی هێنایە سەر شەقامەکان.
زۆر بوون ئەوانەی دەیان گوت، گەنج دەربارەی کوردبوون نازانێت، بەڵام ئەمانە نامەیەک و پەیامێکی تۆقێنەر بوو بۆ جیهان، تا بزانن لەهەر جێگەیەک کوردێک بریندار بێت، بە رۆح و ماڵ پشتیوانن، رۆژئاوا تەنیا سنوورێکی جوگرافی نزیک نییە بۆ ئێمەی کورد، بەڵکو خوێنی نەتەوەییە لە گیانماندا.
بژی بەرخۆدانێ رۆژئاوا تەنیا هاواری گەنجێک نییە، ئەمە جەختکردنەوەیە کە گەنج وڵات بوونیاد دەنێ.
گەنجان بە جیهانیان وت نیشتمانمان بە تەنیا بەجێناهێڵین، گەنجی ئەم سەدەیە بە گەنجی سۆشیال میدیا ناسراون، بەڵام پشگیرییەکانیان سۆشیال میدیای کوردی و جیهانیی تەنیوە و چەک هەڵدەگرن و دەچنە سەنگەری شەڕڤانانی رۆژئاوا بۆ کوشتن و شەڕکردن نا، بەڵکو بۆ پارێزگاریکردن، لە دەستدرێژی بۆسەر نیشتمانمان، چونکە بابەتەکە بابەتی کوردایەتی و برینی پارچەیەکی دیکەی نیشتمانمانە، بۆیە پێکەوە هەموو کۆمەک و هاوکاریی یەکدی دەکەین.
شێرکۆ بێکەس لە شیعرێکدا دەڵێت:
"ئەگەر لە ناو شیعرەکانمدا گوڵ دەربێنن، وەرزێکم دەمرێت. ئەگەر ژن دەربێنن، عیشقم دەمرێت. بەڵام ئەگەر (ئازادی) دەربێنن، خۆم و شیعر و وڵاتم پێکەوە دەمرین".
ئەگەر چی لەهەرێمی کوردستان بێ کاری، بێ موچەیی، ململانێی حزبەکان و خراپیی زۆربەی سێکتەرەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی تاک بەتاک دروستکردووە، بەڵام دەشێ جێینەهێڵین، لە جیاتی کۆچ لە نیشتمان، بە ئاسۆییەکی ڕوون و ئیرادەیەکی بەرزەوە بڵێین: وڵات بۆ نەیاران بە جێناهێڵین.