نابێت بهێڵین منداڵان پێشوەختە گەورەبن

چرۆ ڕەشید- مامۆستا

هەموو ساڵێک لە جیهاندا، لەژێر دروشمی مافی منداڵان بۆ ژیانێکی باشتر، پەروەردە، تەندروستی و یاریکردن رۆژێکی تایبەت و جیاوازی پڕ لە چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت، شاشەکان پڕدەبن لە وێنە و وشەی رەنگاوڕەنگی جوانی  منداڵانە، لەسەر خەونەکانی منداڵ و مافی ئایندەیەکی باشتر بۆیان، ئەو رۆژەش ناونراوە رۆژی جیهانیی منداڵان، لە کاتێکدا بەشێک لە منداڵان لە وڵاتە جیاوازەکاندا نەک هەر ئەم رۆژە ناناسن بەڵکو بەردەوام سەرقاڵی هەوڵدانن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، لە کوردستانیش بینینی منداڵ لەسەر شەقامەکان بووەتە دیاردەیەکی ئازاربەخش دیمەنێکی تراژیدی لە کاتێکدا ئەم منداڵانە پێویست بوو لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا خەونەکانیان بنەخشێنن ئەمجۆرەی منداڵ لەبری جانتای قوتابخانە و قەڵەم و دەفتەر سندوقی پێڵاو بۆیاخکردنیان لەبەردەمدایە و رادەکەن بە دوای ئۆتۆمبێلی سەرشەقامەکاندا بۆئەوەی پاکی بکەنەوە یاخود ئاو دەفرۆشن، روخساریان ماندوێتییەکی  زیاتر لە تەمەنی خۆیانی هەڵگرتووە، چاوەکانیان لەبری ئەوەی پڕبێت لە بریسکانەوە و سەرسوڕمان پڕن لە دڵەڕاوکێی ژیان،  بارودۆخی سەختی ئابوری ناچاریکردون بچنە جیهانێکەوە لە ئاستی تەمەن و توانای خۆیان زیاترە، ئەو منداڵانەی کە لەسەر شەقام کاردەکەن نەک هەر خوێندن بەڵکو مافی منداڵێتیشیان لەدەست دەدەن، منداڵی تەنیا تەمەنێکی کاتی نییە بەڵکو هەستکردنە بە ئاسایش و یاریکردن، کاتێک منداڵ ناچاردەبێت زۆر زوو بارگرانییەکانی ژیان هەڵبگرێت خەونەکانی لە قووڵایی ناخیدا تێکدەشکێت،  لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا ناکرێت تەنیا بە وشە گوزارشت لە مافی منداڵ بکرێت لە کاتێکدا هەزاران منداڵ لە پشت جامی ئۆتۆمبێلەکانەوە وەستاون چاوەڕێی نیگایەکی میهرەبان یاخود بڕە پارەیەکی کەمن، نەک رۆژێکی ئاهەنگگێڕان  پێویستیان بە کۆمەڵگەیەکە هەموو رۆژێک بیانپارێزێت، قوتابخانەیەک کە دەرگای هیوا و خۆزگەیان بۆ بکاتەوە.


لە روانگەی پەروەردەییەوە منداڵان کە لەسەر شەقام دەمێننەوە چەندین دەرفەتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، دەروونی و تەندروستی لەدەست دەدەن، ترس و دڵەڕاوکێ پێش ئاسایش فێردەبن ماندوێتی پێش یاریکردن و بەرپرسیارێتی پێش ئەوەی لە مانای منداڵی تێبگەن، ئەوەش وادەکات بۆشاییەکی سۆزدارییان بۆ دروست ببێت و پڕکردنەوەی لە داهاتوودا قورس بێت، سەرەڕای هەموو ئەمانە تروسکاییەکی بچووکی هیوا لە چاوی ئەم منداڵانەدا دەمێنێتەوە لەوانەیە هەندێکیان خەون بە جانتایەکی قوتابخانەوە ببینن یاخود یارییەکی سادە، یاخود رۆژگارێک کە بەبێ ترس و ماندوێتی بگەڕێنەوە ماڵەوە، خەونی زۆر بچووک، بەڵام لەلای ئەوان هێندەی ژیان گەورەن، لەبەرئەوە پێویستە رۆژی جیهانیی منداڵان تەنیا رۆژێکی ئاهەنگگێڕان نەبێت ،بەڵکو باشترە یادێکی مرۆیی راستەقینەبێت و لەخۆمان بپرسین چ جۆرە جیهانێک بۆ منداڵان دروست بکەین؟ ئایا تەنیا ئاهەنگگێڕان بۆ منداڵان بەسە؟ لە کاتێکدا بەشێک لە منداڵان لە شەقامەکاندا رۆژ دەکەنەوە، نابێت بهێڵین پێشوەختە گەورەبن، منداڵی بۆ خەون بینین و خەندە و خۆشی و فێربوونە نەک ماندوبوون.