ململانێی نەوەکان بۆ شکۆمەندی
کنێر عەبدوڵا - نووسەر

شکۆمەندی، یەکێکە لە بەها بنچینەییەکانی مرۆڤ و کرۆکی کەسایەتی و ناسنامەکەی پێکدەهێنێت.
رەنگدانەوەی رێزی مرۆڤە بۆ خودی خۆی و رەتکردنەوەیەتی بۆ شەرمەزاری و سووکایەتیکردن و پەرۆشیی بۆ ئەوەی بە دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. چەمکی شکۆمەندی بە درێژایی نەوەکان جێگیر نییە، بەڵکو لە ئەنجامی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتی، کەلتوری و تەکنۆلۆژیاییەکاندا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت.
لێرەوە ململانێی نەوەکان بە تێڕوانینی جیاوازەوە بۆ شکۆمەندی سەرهەڵدەدات.
بۆ نموونە، لای نەوەی رابردوو، شکۆمەندی لە پابەندبووندا بە دابونەریت، گوێڕایەڵی گەورەکان، پاراستنی ناوبانگ و پابەندبوون بە ئەرکە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا بەرجەستە دەبێت.
ئەوان ئارامگرتن لە روبەڕوبوونەوەی نەهامەتییەکان و قوربانیدان لەپێناوی خێزان، یان کۆمەڵگەدا بە نیشانەی شانازی و شکۆمەندی دەزانن، بەڵام نەوەی ئێستا بڕوایان وایە کەرامەت مانای ئازادیی تاکە کەسییە، سەربەخۆییە لە بڕیاردان و رەتکردنەوەی ملکەچیی فەرمانە بێ پاساوەکان، سەرچاوەیان هەرچییەک بێت. ئەوان شکۆمەندی دەبەستنەوە بە توانای دەربڕینی خود، داواکردنی مافەکان و روبەڕوبوونەوەی ستەم بەهەر شێوەیەک بێت.
ئەم جیاوازیی تێڕوانینانە بۆتە هۆی پێکدادانی بەردەوامی نێوان نەوەکان.
دایکان و باوکان لەوانەیە یاخیبوونی منداڵەکانیان لە دژی نەریتەکان، وەک سووکایەتیکردن بە کەرامەت ببینن، لە کاتێکدا، ئەمان ملکەچبوونی رەها بۆ فەرمانەکان بەبێ گفتوگۆ وەک سووکایەتیکردن بە کەرامەتی مرۆڤ دەبینن، بۆیە هۆکارەکانی ئەم ناکۆکییە بریتین لە جیاوازیی لە پەروەردە و باکگراوندی کەلتوری، خێراکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، کاریگەریی میدیا و تەکنۆلۆژیای نوێ و سەهەڵدانی چەمکی نوێی ئازادی، دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤ.
ئەم ململانێیە لە ژیانی رۆژانەدا لە ناو خێزان، قوتابخانە و شوێنی کاردا رەنگیداوەتەوە و دەشێت ببێتە هۆی گرژیی پەیوەندییەکان، نەبوونی تێگەیشتن و تەنانەت دابڕان.
گەنجان لەوانەیە هەست بکەن کە نەوەی رابردوو لێیان تێناگات، لە کاتێکدا گەورەکان هەستدەکەن بەهاکان لەپێش چاویاندا بەرەو داڕمان دەرۆن.
چارەسەر، هەرچەندە ململانێ هەندێکجار توند دەبێت، بەڵام لێکتێگەیشتن دەبێت ئەگەر ئارەزووی گوێگرتن و قبووڵکردن لەلایەن هەردوولاوە هەبێت.
هەر نەوەیەک تایبەتمەندی و ئەزموونی خۆی هەیە و ناکرێت تاکە چەمکێک بۆ شکۆمەندی بەسەر هەموو کەسێکدا بسەپێنرێت و پێویستە دیالۆکی نێوان نەوەکان پەرە پێبدرێت و رێزی هاوبەش هەبێت و بەهاکانی هاوسەنگیی نێوان ئازادی و دیسپلین و ماف و بەرپرسیارێتییەکان بەهێز بکرێت و پەروەردەکردن لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن بێت نەک رق و کینە.
ململانێی نەوەکان بۆ شکۆمەندی، دەربڕینی گۆڕانی سروشتی کۆمەڵگەیە. هەر نەوەیەک جیهانبینی خۆی هەیە، دەبێت ژیرانە هەوڵی دروستکردنی پردی لێکتێگەیشتن بدرێت، نەک قووڵکردنەوەی بۆشاییەکە، چونکە کەرامەت موڵکی نەوەیەک نییە بەتەنها، بەڵکو مافێکی هاوبەشی مرۆڤە کە لەڕێگەی دیالۆکەوە دەپارێزرێت و بە رێزەوە بەرهەمدەهێنرێت و بابەتێکی کۆمەڵایەتی و فکرییە کە باس لە گرژی یان ناکۆکی نێوان نەوەی رابردوو و ئێستا دەکات سەبارەت بە چەمکی شکۆمەندی.
ئەم ململانێیە زۆرجار لەو کۆمەڵگەیانەدا دەردەکەوێت کە بە گۆڕانکاری خێرای کەلتوری یان ئابووریدا تێدەپەرن و دوژمنکارانە نین، بەڵکو جیاوازییەکە لە لێکتێگەیشتن و رەفتاردایە بەهۆی گۆڕانی دەقەکانەوە.