حوسییەکان، پەیممانی مەککەو مەترسیی فراوانبوونی جەنگ بۆ ئێران

ماریا کەریمی

 

لە ناوچەیەکی پڕ لە جەنگ و هاوکێشە ستراتیژییەکاندا، هەندێک ڕووداو لە دەرەوە وەک هێرشێکی تاک و سنووردار دەردەکەون، بەڵام لە ناوەوە دەتوانن دەستپێکی گۆڕانێکی گەورە لە هاوسەنگی هێزەکان بن. هێرشە گەورەکەی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کە شارەکانی ئەبها، جیزان، نجران و خەمیس موشەیت و دامەزراوە نەوتییەکان بوونە ئامانج و ٧٣ کەس بریندار بوون، تەنها درێژکردنەوەی جەنگی یەمەن نییە؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی پەیمانی نوێی بەرگریی هاوبەشی مەککە.

 

پەیمانی مەککە کە لە ٧ی ئابی ئەمساڵ لە نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان واژۆ کرا، بە شێوەیەکی ڕوون بنەمایەکی لەسەر بنەمای «هێرش بۆ سەر یەکێک، هێرشە بۆ سەر هەمووان» دامەزراندووە. لە دەقی فەرمیی پەیمانەکەدا هاتووە کە هێرشێکی چەکدارانە بۆ سەر هەر یەکێک لە سێ وڵاتەکە، بە هێرش بۆ سەر هەموویان دادەنرێت. پاکستانیش جەختی کردووەتەوە کە پەیمانەکە سروشتی بەرگریی هەیە و بە هیچ وڵاتێکی دیاریکراودا ئاراستە نەکراوە. بەڵام ئەو پرسیارەی ئێستا لەبەردەم ئەم هاوپەیمانییەدایە، پرسیاری سهر کاغەز نییە؛ پرسیاری کردارە. ئەگەر هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە بەردەوام بن و لە هێرشێکی تاکەوە بگۆڕێن بۆ پەلامارێکی بەردەوام بۆ سەر ژێرخانی نەوتی، فڕۆکەخانە، بنکە سەربازی و کشتوکاڵ و بازرگانیی سعودیە، ئایه پەیمانی مەککە ناچار دەبێت لە قۆناغی بهیاننامه سیاسییەکانەوە بچێتە قۆناغی هەماهەنگیی سەربازی؟ و ئەمە گرنگترین پرسیارەکەی ئەم قۆناغەیە.

 

پەیمانێکی نوێ لە ناوچەیەکی نوێ

پەیمانی مەککە لە کاتێکدا هاتە کایەوە کە متمانە بە سیستەمی کۆنی ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی زۆر گەورە لەرزۆک بووە. سعودیە، تورکیا و پاکستان هەر سێکیان هاوپەیمان یان هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکان، بەڵام لە هەمانکاتدا هەرسێکیان هەستیان بەوە کردووە کە ناوچەکە دەبێت زیاتر توانای خۆپاراستنی خۆی هەبێت. ههر ئەمەشە کە پەیمانی مەککە تەنیا پەیمانێکی دیپلۆماسی نییە. لە ٣١ی ئاب، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سەرکردەکانی سوپای سێ وڵاتەکە لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و بڕیاریان دا هەماهەنگییەکەیان زیاتر دامەزرێنن، توانای بەرگریی هاوبەش بەهێز بکەن و ژووری هاوبەش لە سعودیە دابمەزرێنن. لەبەر ئەمە، هێرشی حوسییەکان دەتوانێت یەکەم تاقیکردنەوەی جدیی ئەو سیستمە بێت.

 

تورکیا و پاکستان؛ لە راگەیاندراوەوە بۆ کردار؟

تا ئێستا هەردووکیان بە شێوەی دیپلۆماسی و سیاسی وەڵامیان داوەتەوە. تورکیا هێرشەکانی حوسییەکانی بە توندی مەحکوم کردووە و داوای وەستاندنی کردووە، و پاکستانیش هەمان ڕێگای گرتووە و پشتگیریی خۆی بۆ سەروەری و ئاسایشی سعودیە دووپات کردووەتەوە. بەڵام ئەمە هێشتا وەڵامی پەیمانی مەککە نییە؛ وەڵامی دیپلۆماسییە.

 

لەلێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە. پەیمانەکە دەڵێت هێرش بۆ سەر یەکێک هێرشە بۆ سەر هەمووان؛ بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەر هێرشێک ئۆتۆماتیكین هەمان کات و بە هەمان شێوە وەڵامی سەربازی لێدەدرێتەوە. پەیمانی مەککە لە هەمانکاتدا مافی بەرگریی هاوبەش پشتڕاست دەکاتەوە و وردەکارییەکانی وەڵامە سەربازییەکە لەسەر شێوەی هەماهەنگییەکان جێدەهێڵێت. ئەمەش بۆ تورکیا و پاکستان گرنگە، چونکە هیچ کامیان نایەوێت بە ئاسانی خۆیان بخەنە ناو جەنگێکی فراوان لەگەڵ ئێران.

 

ئەگەر حوسییەکان بەردەوام بن چی؟

ئەگەر هێرشەکان یەکجارە نەبن و ببنە زنجیرەیەکی بەردەوام، بارودۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. لەو کاتەدا سعودیە بە تەنیا پرسیاری «چۆن وەڵام بدەینەوە؟» ناکات؛ بەڵکو پرسیاری «چۆن پەیمانی مەککە چالاک بکەین؟» دەکات.

ئەمەش دەتوانێت لە سێ ئاستدا بێته كایهوه:

یەکەم، هەماهەنگیی هەواڵگری و ئاگادارییەکان

یەکەم، هەماهەنگیی هەواڵگری و ئاگادارییەکان.

دووەم، هەماهەنگیی پدافەندی و دژە مووشەک و درۆن.

سێیەم، ئەگەر هێرشەکان فراوانتر بن، هەماهەنگیی کردارە سەربازییەکان.

ئاستی سێیەمە کە دۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت؛ چونکە ئەگەر تورکیا و پاکستان بە شێوەیەکی کرداری لە بەرگریی سعودیە بەشدار بن، حوسییەکان چیتر تەنها لەگەڵ سعودیە ڕووبەڕوونابنەوە، بەڵکو لەگەڵ هاوپەیمانییەکی نوێ ڕووبەڕوون دەبنەوە و لەوێرەوە ناوی ئێران بە ناچار دەهێنرێتە ناو پرسیارەکە.

 

ئایا حوسییەکان خۆیانن یان جەبهەی ئێران؟

ئێران هەمیشە ڕەتیکردووەتەوە کە حوسییەکان تەنها وەک فهرمانبهری جێبەجێکردنی سیاسەتی تاران کار بکەن. بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە، پەیوەندیی سیاسی و سەربازیی نێوان ئێران و حوسییەکان ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. بۆیە کاتێک حوسییەکان لە کاتی جەنگی فراوانی ئێران و ئەمریکادا هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە زیاد دەکەن، پرسیارەکە تەنها «حوسییەکان چی دەکەن؟» نییە؛ پرسیارەکە ئەوەیە "ئێران تا چەند پشتگیریی ئەو جەبهەیە دەکات و تا کوێ دەتوانێت بەرپرسیارێتییەکەی لەسەر خۆی کەم بکات؟" ئەمە خاڵێکی گرنگە، چونکە هەر وەڵامێکی سەربازیی هاوبەش لە لایەن سعودیە، تورکیا و پاکستانەوە دەتوانێت حوسییەکان بباتە قۆناغێکی نوێ؛ و ئەگەر لە پشتەوە ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیادتر تێوەبگلێت، ئەوا بازنەی جەنگەکە لە یەمەنەوە بۆ کۆی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.

 

ئایا ئێران دەتوانێت تورکیا تاقی بکاتەوە؟

لێرەدا سنوورێکی زۆر هەستیار هەیە. ئەگەر پەیمانی مەککە بە شێوەیەکی کردارەکی وەڵامی هێرشەکانی حوسییەکان بداتهوه، ئێران لەبەردەم هەڵبژاردنێکی قورس دەبێت: یان وەڵامی پەیمانی مەککە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بدات، یان هەنگاوێک بنێت کە تورکیا و پاکستان و سعودیە بە یەکەوە زیاتر نزیک بکات.

 

ئەگەر ـ تەنها وەک گریمانەیەکی سیاسی ـ ئێران بڕیار بدات بە هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تورکیا و هەوڵبدات تورکیا لە بهرهكه داببڕێت، ئەوا پرسیارەکە چیتر تەنها لە نێوان ئێران و تورکیا نامێنێت؛ چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆیە. و لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئەنقەرە لە ٧ و ٨ی تەممووز، سەرکردەکانی ناتۆ بە وشەیەکی زۆر ڕوون دووپاتیان کردەوە کە پابەندییەکانیان بە ماددەی پێنج «ئاسنین»ە و هێرش بۆ سەر یەکێک هێرش بۆ سەر هەمووانە. دهبێت ئهوهش بزانین كه ماددەی پێنجی ناتۆ هەموو ئەندامان ناچار ناکات هەمان جۆرە وەڵامی سەربازی بدەنهوه. هەر ئەندامێک دەتوانێت ئەو هەنگاوەی بە پێی پێویست دەزانێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتی هێرشکراو هەڵبژێرێت.

 

بەڵام لە ڕووی سیاسی و ستراتیژییەوە، هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تورکیا دەتوانێت مەودای کێشەکە زۆر لەوە زیاتر بکات کە تاران مەبەستی لێیە.

 

ئێران لە چەند جەبهە؟

ئێستا ئێران لە ناو دۆخێکی زۆر قورسدایە. لە لایهكهوه ڕووبەڕووی فشار و هێرشەکانی ئەمریکایە؛ لە لایەکی ترەوە بهرهی سعودیە و حوسییەکان بە خۆیەوە هەیە؛ لە هەمانکاتدا کێشەی کەنداوی هۆرمز و کەشتیوانی و نەوت هەیە؛ و لە ئاستی ئابوورییەوە فشارەکان زیاتر دەبن. ئهوهی دیاره؛ کێشەکە تەنها لە یەمەن نییە؛ ئێران لە کەنداوی هۆرمز و دەوروبەریداش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا تێکەڵ بووە و هێرشەکانی بەرامبەر کەشتییەکانیش فراوانتر بوون. بۆیە ئەگەر تاران لە هەمانکاتدا هەوڵبدات سعودیە، تورکیا، پاکستان، ئەمریکا و بهرهكانی تری ناوچەکە بخاتە ژێر فشار، چی روو دهدات؟

 

ئایا ئێران توانای بەڕێوەبردنی جەنگێکی چەند بەرەیی هەیە؟

وەڵامی ستراتیژیی ئەم پرسیارە بە سادەیی «بەڵێ» یان «نەخێر» نابێت. ئێران توانای هێرشی مووشەکی و درۆنی و بەکارهێنانی هاوپەیمان و گرووپە چەکدارەکان لە چەند ناوچەیەکدا هەیە؛ بەڵام ئەوە جیاوازە لە توانای بەڕێوەبردنی جەنگێکی درێژخایەن لە چەند بهرهیەکی ڕاستەوخۆدا.

 

شەڕی چەند بهرهیی تەنها مووشەک و درۆن نییە. پێویستی بە سووتەمەنی، پدافەند، هەواڵگری، پشتیوانیی لۆجستیکی، ئابوورییەکی خۆڕاگر و توانای جێگیرکردنی زیانەکان هەیە. ئەگەر ئێران هەموو ئەمانە بە یەک کات لە دەست بدات، ئەوا ستراتیژیی «فشار لە هەموو بەرەكان» دەتوانێت لە جیاتی ئەوەی دوژمنەکان لاواز بکات، خۆی لاوازتر بکات.

 

ئەمریکا؛ ئەو هێزەی لە پشتەوەی پهیمانی مەککەدایە؟

ترەمپ بە شێوەیەکی ئاشکرا پەیمانی مەککەی بەخێرایی پەسەند کرد و بە «هەنگاوێکی گەورە و بوێرانە» ناوی برد. بۆ واشنگتن، ئەو پەیمانە دەتوانێت دوو سوودی ستراتیژی هەبێت: یەکەم، هاوپەیمانە ناوچەییەکان بەرپرسیاریی زیاتر بۆ ئاسایشی خۆیان هەڵبگرن؛ دووەم، هێزی ئەمریکا بتوانێت بە جۆرێک لە پشتیوانیی هاوپەیمانەکان و هەماهەنگیی ناوچەیی کار بکات، نەک هەمیشە خۆی یەکەم هێزی مەیدانی بێت. لە هەمانکاتدا، هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر گرووپە عێراقییەکان، وەک بەشێک لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانیان، نیشانی ئەوەیە کە واشنگتن ئامادەیە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە هێزی سەربازی بەکاربهێنێت. هەروەها لە ئێستادا فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە شێوەیەکی زۆر گەورە بەردەوامە. بەم مانایە، مەککە لە بۆشاییەوە دروست نەبووە؛ بەڵکو لە ناو سیستەمێکی نوێی هاوکێشەی هێزەکاندا دروست بووە.