کوردایەتی پێش حزبایەتی
سۆزان ئەنوەر- ڕاگەیاندنکار
کورد تەنها ناوی نەتەوەیەک نییە، هەستێکە کە لە نێوان زمان، خاک، مێژوو و ئارامیدا دروست بووە. ئەو هەستەیە کە کاتێک رۆژ ئاوا دەبێت و رەنگەکان پێکەوە تێکەڵ دەبن، مرۆڤ هەست دەکات سەر بەم ئاسمان و خاکەیە.
حزبایەتی دەتوانێت رێگە بۆ رێکخستنی بیر و کاری سیاسی بکات، بەڵام کاتێک ببێتە هۆی جیاکردنەوەی دڵ و هەست، ئەوا مەترسییە.
کوردایەتی لە بنەڕەتدا یەکگرتووییە، ئەو یەکگرتووییەی کە پێش هەر بیرۆکە و رێڕەوێکی سیاسی هەبووە و دەبێت هەمیشەش لە سەرووی هەموانەوە بێت.
کورد، پێش ئەوەی سەر بە حزبێک بێت، سەر بە خەم و هیوایەکی هاوبەشە، زمانێکمان هەیە کە بە هەزار شێوە دەخوێنرێت، بەڵام دڵێکمان هەیە کە بە یەک هەست دەهەژێت. ئەویش هەستی کوردبوون و خاوەندارێتی یەک ئاڵایە، هەموان بە بیروبۆچونی جیاوازیی حزبیمانەوە، ئەو ئاڵایە بەرز دەکەینەوە.
یەکگرتوویی کورد لەوەدا نییە کە هەموومان وەک یەک بیر بکەینەوە، بەڵکو لەوەدایە کە بە بیرە جیاوازەکانەوە یەکتری قبووڵ بکەین. جیاوازیی بیر دەتوانێت سەرچاوەی هێز بێت، ئەگەر لەسەر بنەمایەکی کوردایەتی بێت و هەوێنی خەباتەکەی بێت.