کاتێک جیهان بە پرتەقالی ڕۆشن دەبێتەوە... کێ ئەو ژنانە دەبینێت کە لە تاریکیدان؟
لەیلا جامع- چالاکوان و نووسەری سۆماڵی
لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا، باڵەخانە گەورەکانی پایتەختی جیهان دەبنە پرتەقالی، وتار دەخوێنرێنەوە، وێنە بڵاودەکرێنەوە، و زۆر کەس بۆ ساتێک هەست بە ئەوە دەکەن کە کارێکی کردووە، من لە دڵی قەرنی ئەفریقا دەنووسم بۆ ئەوەی پرسیاریک بکەم کە کەس حەز بە بیستنی ناکات: ئەی ئەو ژنانە کە ڕووناکییان پێی ناگات؟
هەندێک شەڕ زاڵن بەسەر هەواڵەکاندا، هەندێکی تریش لە بێدەنگیدا بەجێدەهێڵرێن، لەم شەڕە لەبیرکراوانەدا ژنان دووجار باجەکەی دەدەن: جارێک لە ڕێگەی توندوتیژی و دیسانەوە لە ڕێگەی لەبیرچوونەوە، ئەمە لە سۆماڵدا ڕوویدا کاتێک دەوڵەتەکە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆدا ڕووخا، ژنان نەک هەر ئاسایشی خۆیان لەدەستدا، بەڵکو هەر ئەو تێڕوانینەشیان لەدەستدا کە کەسێک هەیە پرسیاریان لێبکات یان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، لەو کاتەوە دەستدرێژی سێکسی، توندوتیژی سێکسی، هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختە، ئازاردان و دووبارە ئاوارەبوون وەک بەشێک لە ژیانی ژنانە ماونەتەوە، زۆرترینیان ئەوانەن کە لە ئۆردوگاکانی ئاوارەبووندا دەژین کە لاوازی کۆدەبێتەوە لەسەر لاوازی.
نەتەوە یەکگرتووەکان جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانییەکانی بەڵگهدار کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئاوارهکان لە مەترسیدارترین گروپەکانن، بەلام ڕاپۆرتەکان، هەرچەندە ورد بن، تەنها نیوەی چیرۆکەکە دەگێرنەوە، چونکە تاوانەکە تەنها بەهۆی لاوازی دادپەروەری و بێ سزا مانەوەی، چونکە ڕزگاربوو کاتێک دەبینیت دەستدرێژیکار بی سزا ماوەتەوە، تێدەگات کە قسەکردن سوودی نییە، دەستدرێژیکار تێدەگات کە تاوانەکە بی سزایە.
لێرەدا شەڕی دووەم دەست پێدەکات، ئەوەی کە لە هیچ ئامارێکدا دەرناکەوێت، چونکە ژن دوای دەستدرێژییەکە ڕووبەڕووی شەرمەزارییەکە دەبێتەوە کە لە جیاتی دەستدرێژیکار پێوەی لکێنراوە، ترسی ڕەتکردنەوەی خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەی، لەگەڵ پەستانی ڕێککەوتنی "دۆستانە" کە دۆسیەکە دادەخات و دەستدرێژیکار بە ئازادی دەهێڵێتەوە، زۆرێک لە ژنان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، نەک لەبەر ئەوەی بەسەریاندا هاتووە ئاسانە، بەڵکو لەبەر ئەوەی قسەکردن تێچووی زیاتری هەیە لە خودی دەستدرێژییەکە، جا چۆن قسەکردن بکەین بە ئارام؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە هەموو هەوڵێکی جددی لێوەی دەست پێدەکات.
لەوانەیە مەترسیدارترین شت لە جەنگە لەبیرکراوەکاندا ئەوە بێت کە لە شوێنی خۆیان نامێننەوە، ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا توندوتیژی دژی ژنان بەبێ لێپرسینەوە دەهێڵرێتەوە، نەوەیەک پەروەردە دەکات کە بە شتێکی ئاسایی دەبینن و بۆ نەوەکانی دوای خۆیشی دەگوازنەوە، ئەو وڵاتەش کە ژنانی تێیدا هەست بە ئارامی ناکەن لە ناو ماڵەکانیان و چادرەکانیان، هیچ کات ئاشنای ئاشتی نابێت هەرچەندە موشەکەکان بێدەنگ ببن، چونکە لاوازی ژنان یەکەمین نیشانەیە بۆ لاوازی نیشتمانەکان، ئەو ئاشتییەی کە ژنان هەستی پێ نەکەن، هەرگیز ئاشتی نییە.
کەواتە ستایشکردنی خۆڕاگریی ژنان لەوانەیە، بەبێ مەبەست، بگۆڕێت بۆ ڕێگەیەک بۆ لێخۆشبوونی بەرپرسان لە بەرپرسیارێتییەکەیان، خۆڕاگری چاکەیەک نییە کە بە ژن ببەخشرێت، بەڵکو بارگرانییەکە کە هەڵیگرتووە لەبەر ئەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە کەمتەرخەم بوون، دروست نییە چەپڵە لێبدەیت بۆ ئەوەی ڕزگاری بووە و پاشان ئەو هۆکارانە جێبهێڵین کە وایکرد پێویستی بە ڕزگاربوون هەبێت، ئەوەی داوا دەکرێت ئەوەیە کە ستایشەکە بگۆڕێت بۆ پابەندبوونێکی ڕوون، یاسای ڕوون کە توندوتیژی تاوانبار بکات و نەیهێڵێتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی دابونەریت و بە کردەوە جێبەجێ بكرێت، دادوەری و پۆلیسێک کە ژن بتوانێت پێیان بگات بەبێ ترس یان ناوەندگیری، پەناگە و خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی بۆ ڕزگاربووان، پەروەردە و خوێندنێک کە دەرگایەک بۆ منداڵانی کچ بکاتەوە جگە لە هاوسەرگیریی پێشوەختە، پاراستن بۆ ڕۆژنامەنووسان، توێژەران و چالاکوانان کە توندوتیژی بەڵگەدار دەکەن و خۆیان ڕووبەڕووی دەبنەوە، پێش ئەوەی هەموو شتێک، بەشدارپێکردنی ئەو کەسانەی کە بابەتەکە پەیوەندییان پێوەی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا، چونکە ئەو بڕیارانەی کە لەسەر ژنان دەدرێن بەبێ بەشداریی خۆیان، هەرچۆنێک بن ناتوانن بیانپارێزن.
ئەمەش تەنها شەڕی ژنان نییە، چونکە توندوتیژی دژی ژن برینێکە لە جەستەی هەموو کۆمەڵگەدا، چاک نابێت تەنها کاتێک هەمووان لە لای راستیدا دەوەستن لەگەڵیدا، نەک بە قسەکردن لە بۆنەکاندا بەڵکو بە هەڵوێست کاتێک تێچووی دەبێت، ئەوەش تەنها دۆزی سۆماڵ نییە.
جیهان زانیاری کەمی دەربارەی سۆماڵ نییە، بەڵکو کەمتەرخەمە لە سەیرکردن، چونکە وێنەکان پەیامەکان دەنێرن، ڕاپۆرتەکان بڵاودەکرێنەوە، شایەتحاڵەکان دەگێڕدرێنەوە، پاشان سەرنجەکە دەگوازرێتەوە بۆ قەیرانێکی تر کە دەنگەدەنگی زۆرتری هەیە، بەڵام ئەو ژنانەی کە ڕزگاریان بووە لەگەڵ ئەوەی بەسەریاندا هاتووە وەکو خۆیان دەمێننەوە دوای ئەوەی ڕووناکییەکە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرێتەوە.
ئەمە شایەتی منە وەک توێژەرێکی سۆماڵی و چالاکوان، دەنووسم لەبەر ئەوەی باوەڕم بەوە هەیە کە کەرامەتی مرۆڤ دابەش نابێت، بێدەنگییەکەمان دەمانكاتە هاوبەش لە زیانەکەدا، باوەڕم بەوە هەیە کە ئەو ژنەی کۆمەڵگەی لەسەر شانەکانی هەڵگرت لە پێناوی چاودێری و پەروەردە لە ناوەڕاستی مەرگدا، شایستەی ئەوەیە کە دەنگی بیسترێت، چونکە کاتێک دەنگی ژن بەرز دەبێتەوە ئازادیش لەگەڵیدا بەرز دەبێتەوە.
لە بەیانی ٢٦ی لە تشرینی دووەمدا، کاتێک گڵۆپە پرتەقالییەکان دەکوژێنەوە و وتارەکە دەپێچرێتەوە، ژنێکی سۆماڵی لەسەر هەمان مەترسی بەخەبەر دێت کە لەسەری خەوتبوو، ئەو پرسیارەی کە بەجێی دەهێڵم بۆ هەموو کەسێک کە قسەکانیم دەخوێنێتەوە: کاتێک ئەوە ڕوو دەدات ئێوە چی دەکەن؟