كاریگەریی هەست و سۆز لەسەر بڕیارەکانی دادوەری ژن
ڕووبار مەجید -دكتۆرا لە یاسای دەستووری

دەتوانین سۆز پێناسە بكەین بەوەی بریتییە لە كۆمەڵە هەستێكی چڕ و پڕی پەیوەست بە دەمارەخانەكانی مرۆڤەوە، كە زۆرجار بڕیاردەری كاردانەوەكانی مرۆڤ و هەڵوێستەكانیانن، بەمەش كاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر بڕیارە تاكەكەسی یان خێزانیی یان كۆمەڵگەییەكانی مرۆڤ لە چوارچێوەی كار و پیشە و ئەرك و فەرمانەكانیاندا، دادوەریش ژن یان پیاو بێت ئەم كاریگەرییەی لەسەر دروست دەبێت، بەڵام پشكی شێر بەر ژن دەكەوێت، لەبەرئەوەی بوونەوەرێكی سۆزدار و هەستیارترە ئەمەیان روونتر پێوەدیارە. لە هەرێمی كوردستان پێشتر دادوەرەكان پیاو بوون و دادوەری ژن نەبوو، بە خۆشحاڵییەوە بەم دواییانە كۆمەڵە ژنێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان بوون بە دادوەر، بۆیە بە گرنگییەوە باس لەم بابەتە دەكەین، لە راستیدا سۆز وەك چەكێكی دوو لایەنەی ئەرێنی و نەرێنی كاریگەریی لەسەر بڕیاری دادوەری ژن هەیە لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكەیدا.
لایەنی ئەرێنیی سۆز
لایەنی ئەرێنیی سۆز وەك ئەوەی ژنێكی دادوەر كاتێك داوایەك یەتە بەردەمی و یەكێك لە لایەنەكانی داواكە (داواكار یان داوا لەسەركراو) ژن بێت یان منداڵ، لێرەدا هەستی مرۆڤانە و سۆز بەكاردەهێنێت، چونكە دادوەری ژن زیاتر لە ئێش و ئازارەكانی ئەو ژنە تێدەگات كە رەنگە خۆی یان كەسێكی نزیكی هەمان ئێش و ئازاری بینیبێت، دەزانێت ژن لە كۆمەڵگەی كوردیدا چەند باری قورسی ماددی و مەعنەوی لە كۆڵ ناوە و هێشتا هەر وەستاوە و توانای بەردەوامبوونی لە دەستنەداوە. بۆ نموونە: وەك پاڵنەری سۆزی دایكایەتی لەبەرئەوەی خۆیشی دایكە لە كەیسی لێسەندنەوەی مافی دایەنی منداڵ لە دایك كە بە گوێرەی یاسای باری كەسێتی ئەو مافە لە هەندێ بارودۆخدا لە دایك وەردەگیرێتەوە، لە كاتێكدا پیاو بەپێی یاسا لە هیچ بارودۆخێكدا ئەو مافەی لێ وەرناگیرێتەوە، بەمەش دەتوانێ رووپۆشێكی مرۆڤانە بدات بەسەر حوكمە یاساییەكەدا و لە بەرژەوەندی ژن و منداڵەكە كەیسەكە یەكلابكاتەوە، یان كەیسی توندوتیژی، گێچەڵ پێكردن، قۆڵبڕینی ئەلیكترۆنی یان هەڕەشە لێكردن و چەندانی تر، بە مەرجێك ئەگەر ژنی دادوەر بیركردنەوەیەكی پیاوسالارانەی هاوشێوەی كۆمەڵگە و پیاوانی نەبێت، لەوە تێدەگات كۆمەڵگەی ئێمە بێ لێكۆڵینەوە و دادگاییكردن حوكمی تۆمەتبار و تاوانباری پێشوەختە بەسەر ژناندا دەسەپێنن، وەک ئەوەی ئەگەر ژنێك داوایەك لەوانەی پێشوو بەرزبكاتەوە رەنگە دادوەری پیاو وا هەستبكات زیادەڕەوییەك لە بابەت و بەڵگەكانی ژنەكەدا هەیە و ژنەكە بە تاوانباری راستەقینە بزانێت، چونكە دادوەریش زادەی پەروەردەیەكی پیاوسالاری كۆمەڵگەیە، وای راهێناوە حەز و ئارەزووەكانی بەرامبەر هەر ژنێک بیەوێت واڵا بكات، بەڵام دەبێ ژنەكە خۆڕاگر بێت و رەتیبكاتەوە و هەركاتێكیش وەك نێچیرێك ژنەكەی راوكرد هەموو تۆمەتەكە رووبەڕووی ژنەكە دەكاتەوە، بۆیە ژنی دادوەر دەبێت بیر لەوە بكاتەوە هەموو ژنێك دەكرێت دووچاری ئەو دۆخانە ببێت، یان كاتێك ژن بكوژ بێت كە كوشتن بۆ ژن بێت یان پیاو دڕندانەترین تاوانە، كۆمەڵگە و كەسوكار بە توندی لەسەری دێنە دەنگ، بەڵام كاتێك بكوژ پیاو بێت، هەندێکجار كۆمەڵگە بێڕەحمانە تۆمەتی شەرەف دەخەنە پاڵ ئەو ژنە و گۆڕ غەریبی دەكەن، ئەگەر ئەو تۆمەتەش راست بێت بەپێی ئەو ئایینەی بەشێكی زۆری یاساكەی لێوەرگیراوە و بەپێی یاساش نابێت بكوژرێت، تەنانەت ئەگەر ژنێكی قوربانیی توندوتیژیی یان هەڕەشەلێكراو سكاڵای یاسایی بكات، لە كۆمەڵگەدا بە چاوێكی ناشیرین سەیر دەكرێت و شەرمەزار دەكرێت.
دەبێت بەئاگا بێت
لەبەرئەوە دادوەر پێش ئەوەی دادوەر بێت، ژنە بۆیە دەبێت بەئاگا بێت لە هەموو ئەمانە و خاوەنی هۆشیارییەكی بەرفراوان بێت لەو بارەیەوە و بتوانێت بە حوكمە مرۆڤانەكانی خزمەتی دۆزی ژن بكات، بەپێی ئەركەكەی خۆی رۆڵی خۆی لە گۆڕینی دنیابینیی پیاو و كۆمەڵگە ببینێت بە تایبەتی لە روانینیان بۆ ژن و مافەكانی. ئەم هەست و سۆزە ئەرێنی و مرۆڤانەیە نەك هەر لە دادوەر، بەڵكو پێویستە لە ژنانی بنكەكانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەكانی توندوتیژیی و دادوەری لێكۆڵینەوەدا هەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی ژنی دادوەر دروستكەری بڕیارە، بۆیە قسەكەمان لەسەر ئەوە، هاوکات لێرەدا گرفتێك سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە لەكاتی تانەدان لە حوكمی دادوەر لە بەردەم دادگاكانی تێهەڵچوونەوە و تەمییز، وەك دادگایەكی باڵا تائێستا ژنی دادوەر لەو دادگایانەدا بوونیان نییە، بۆیە دەكرێت ئەو حوكمە دەستكاری بكرێت و لە بەرژەوەندی ژندا نەبێت. لەبەرئەوە پێویستە دادوەری ژن لەو دادگایانەشدا هەبن.
سەبارەت بە رێكخستنی یاسا بۆ ئەم بابەتە، چونكە بابەتێكی پەیوەندیدارە بە هەست و سۆز و بڕوای دادوەر و لایەنی مرۆڤایەتی دەقێكی یاسایی شك نابەین لە بارەیەوە، جگە لە بوونی چەند دەقێك كە ئاماژە بە دووركەوتنەوە یان دوورخستنەوەی دادوەر دەكەن لە هەندێ بارودۆخدا لەبەر نزیكیی لە لایەنەكانی داواكە یان بوونی بەرژەوەندی لە دادگاكەدا بۆ نەهێشتنی كاریگەریی نەرێنی سۆز، بۆ نموونە وەك ئەوەی ژنێکی دادوەر بڕیارێك دژی كەسێك دەرنەكات لەبەر تێكنەچوونی خزمایەتی یان پەیوەندییەكانی، كە ئەمانە بە یاسا رێكخراون و بە دڵنیاییەوە ژنی دادوەر سەرپێچییان ناكات و ئێمە مەبەستمان لەم لایەنە نییە، یان كاتێك كاریگەریی سۆز لە سنووری یاسادا نەبێت و زیادەڕەوی تێدا بێت و ببێت بەهۆی زیانگەیاندن بە دادپەروەری و بێلایەنی و متمانەی خەڵك بە ناو و ناوبانگی دادگا.
سەبارەت بە ژنانی پارێزەریش وەكو لایەنێكی داكۆكیكار دەتوانن رۆڵیان لە چەسپاندنی مافی ژنە بریگرتەكەیان و بردنەوەی داواكەدا هەبێت، بە رەچاوكردنی مەزڵومیەتی ژن و چەوساندنەوەی بە یاسا سەرباری كۆمەڵگە، لەبەرئەوەی بەشێکی یاساكانیشمان دادپەروەر نین بەرامبەر بە ژنان، بۆیە بە تێكەڵكردنی ئەو لایەنە مرۆڤانەیە لەگەڵ هەست و سۆزی ژن، یاسا توندەكان هەر هیچ نەبێت لە جێبەجێكردنیاندا لە بەرامبەر ژنان نەرمتر دەبن.