هۆشیاریی بەرانبەر تاوانە سێکسییەکان لە دامەزراوە فەرمییەکاندا
لۆنا دڵشاد مەریوانی-نووسەر
ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن ئۆفیسی سلێمانیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچەوە ئاگادار کراینەوە بۆ بەشداریکردن لە خولێکدا بەناوی پاراستن لە ئیستیغلالکردنی سێکیسی و دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی1، سەرەتا ئەمەم لەلا سەیر بوو، چونکە تەنیا وەرگێڕێک بووم، کە بە گرێبەستی کاتیی دامەزرابووم و لە ماڵەوە کارم دەکرد، بەڵام گوتیان هەر ستافێک راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کار لەگەڵ رێکخراوەکەدا بکات دەبێت ئامادەبێت.
ئیستیغلالکردنی سێکسی
رۆژی خولەکە هات و بینیم تەواوی ستافەکە، هەر لە بەڕێوەبەرەوە تا سادەترین کارمەند، ئامادە بوون، پرسیم، «باشە ئێوە بۆ لێرەن؟ پێشتر ئەم خولەتان نەبینیوە؟»، یەکێک گوتی:«بێقەزا بی! ئەمە پێنجەم جارمە! هەموو چەند ساڵ جارێک ئیجباریی دەبێت دووبارەی بکەینەوە.» زۆرم لا سەیر بوو، گوتم:«باشە بۆ؟ خۆ بیرمان ناچێتەوە ئەو تاوانانە چین!» بەڵام بۆیان روون کردینەوە کە تاوانکاران هەمیشە شێوازی نوێ دەدۆزنەوە بۆ کردنی ئەم کارانە، بۆیە زۆر رێی تێدەچێت قوربانیی هەڵخەڵەتێنرێت و نەزانێت ئەوەی دەگوزەرێت دەچێتە ژێر یەکێک لەو پێشێلکارییانەوە. دواتر کە وانەکە دەستی پێکرد و نموونەی زۆر خرایە روو، باشتر زانیم مەبەستیان چی بوو، بەتایبەت بۆ ئیستیغلالکردنی سێکسی، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هۆشیاریی لەسەری زۆر کەمە یان ناوی تری لێ نراوە یان بگرە زۆرجار لە حاڵەتی روودانیدا زۆرترین لۆمەکردن و ناوزڕاندن بۆ قوربانییە.
بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیستیغلالکردنی سێکسی واتا سوودبینین (یان هەوڵدان بۆ سوودبینین) بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجی سێکسی لە دۆخێک، تێیدا کەسی بەرانبەر لە پێگەیەکی لاوازدا بێت یان نایەکسانیی هێز و دەسەڵات لە پەیوەندییەکەدا هەبێت، یان پەیوەندیی متمانە لەنێوانیاندا هەبێت (وەک پەیوەندیی نێوان پزیشک و چارەخواز). ئەمەش کۆمەڵێک حاڵەت دەگرێتەوە، تێیاندا سێکس بەرانبەر هەندێک دەستکەوت و خزمەتگوزاریی وەردەگیرێت، وەک هاوکاریی ماددی و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی یان سیاسی. هەروەها ئەو حاڵەتەش دەگرێتەوە کە بەهۆی بێبەشکردنی لە هاوکارییەک یان خزمەتگوزارییەک یان هەڕەشەی بێبەشکردنی، کەسێک ناچار دەکرێت کردارێکی سێکسی لەگەڵ کەسێک یان چەند کەسێکدا بکات، یان ئەو حاڵەتانەی تێیاندا پۆست و پلەوپایە یان ناهاوسەنگیی دەسەڵات بەکاردەهێنرێن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی سێکسی لە توێژە لاوازەکان و ئەو کەسانەی هاوکارییە مرۆییەکان دەیانگرێتەوە.
حاڵەتەکانی پێشێلکاریی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨ەوە سیاسەتی پاراستن لە ئیستیغلالکردنی سێکیسی و دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی پەیڕەو دەکات2، بەو پێیەی ساڵانە حاڵەتی پێشێلکاریی لەم جۆرە لە دەزگا و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەرانسەری جیهاندا روو دەدات، هەر بۆیە ساڵانە خولی هۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە بە شێوازی راستەوخۆ و ئۆنلاین ساز دەکرێت و بەشداریکردن تێیاندا مەرجە بۆ نوێکردنەوە یان واژۆکردنی گرێبەستی دامەزراندن، هاوکات پلاتفۆرمێکی تایبەت هەیە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەر پێشێلکارییەکی سێکسی، ئەمەش بە شێوازێک کە ناسنامە و سەلامەتیی کەسەکان دەپارێزرێت، هەروەها دەستەیەکی سەربەخۆ و پسپۆڕ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکان دەکەن و بەڵگەی پێویست کۆدەکەنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکان بە جۆرێک کە هەموو لایەنەکان لە ناوزڕاندن و لەکەدارکردن و تۆڵەسەندنەوە پارێزراو بن.
گێچەڵی سێکسی
بە بۆچوونی من، زۆر گرنگە هاوشێوەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خولی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لەسەر ئیستیغلالکردنی سێکیسی و دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە هەموو دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتدا هەبێت، چونکە دەکرێت پێشێلکاریی لەم جۆرە لە هەر شوێنێکدا هەبێت و دەشێت کەسانێک رووبەڕووی هەندێک رەفتاری لەو جۆرە ببنەوە، نەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. هاوکات نەبوونی پلاتفۆرم یان رێوشوێنی تایبەت بە سکاڵاکردن لەسەر ئەم بابەتە هەستیارانە وا دەکات بە هەمان رێوشوێن و رێچکە فەرمییەکانی پێشێلکارییەکانی تر (وەک گەندەڵی یان ساختەکاری بە نموونە) مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەمەش ئەگەری ناوزڕاندن و لەکەدارکردن زیاد دەکات و وا دەکات قوربانییان لە سکاڵاکردن بترسن یان پەنا ببەنە بەر سۆشیال میدیا و میدیا نافەرمییەکان بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان، لە ئەنجامیشدا بابەتگەلێکی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەستیار دەبن بە بابەتی رای گشتی و پشێوی و دووبەرەکی لە کۆمەڵگەدا درووست دەکەن و ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی هەندێک توێژ و پێکهاتە و دامەزراوەیان لێ دەکەوێتەوە، بۆیە پێشنیار دەکەین حکومەتی هەرێم بە هاوکاریی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان خولی هۆشیاری لەسەر بابەتی ئیستیغلالکردنی سێکیسی و دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بۆ تەواوی ستاف و فەرمانبەرانی بکاتەوە، بەتایبەت لە دامەزراوە پەروەردەیی و ئەکادیمی و خزمەتگوزارییەکاندا، هەروەها پلاتفۆرمێکی پارێزراو دابنرێت بۆ راپۆرتدان بە نهێنی لەسەر ئەم پێشێلکارییانە، هاوکات دەستەیەکی سەربەخۆ، کە سەر بە هیچ یەکێک لەو دامەزراوانە نەبێت، دابنرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکان بە شێوازێکی پیشەیی کە تێیدا هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ پاراستنی شکۆ و ئابڕووی کەسەکان و هەموو لایەنەکانیش پابەند بکرێن بە بڵاونەکردنەوە لەسەر بابەتەکە لە سۆشیال میدیادا و لێدواننەدان بۆ میدیاکان، بەمەش رێگە نادرێت ئەم کەیسە هەستیارانە ببن بە بابەتی رای گشتی و کۆمەڵگە لە دووبەرەکی دەپارێزرێت و هیچ توێژ و پێکهاتە و لایەن و دامەزراوەیەکیش بە هۆی هەڵەی یەک کەس یان چەند کەسێکەوە لەکەدار ناکرێن.
پەراوێزەکان:
1- Protection from Sexual Exploitation, Abuse, and Harassment (PSEAH)
2- www.securitycouncilreport.org