فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕۆڵی ژنان
ڕووبار قەدری - نووسەر

تایبەتمەندییەکانی چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە فەلسەفەی ئۆجالاندا:
لە فەلسەفەی ئۆجالاندا، کۆمەڵگەی دیموکراتیک چەمکێکی ژیانی گەردوونیە، سەرچاوەی هەموو جۆرە هاوبەشیەتیەکی دیموکراتیانەیە، گرێدانێکی هەستی قوڵە لەگەڵ ژیانی هاوچەرخ.
بەرەوپێشچوون بە شێوەیەکی ئازاد، بریتی نییە بە سەرقاڵ بوون بە سەرکەوتنەکانی حکومەت یان دەوڵەت، یاخود بەدەستهێنانی ئیمتیاز و دەسەڵات، بەڵکو هەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سەربەخۆیی تاک و کۆمەڵ لەناو ژینگەی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک و بەدەستهێنانی هاوکاری هەرەوەزی و یەکێتی کۆمەڵگە.ئاواکردنی هۆشمەندیەکی نوێیە بەئاراستەی کرانەوەی هەموو بوارەکان لەبەردەم پرۆسەی بەدیموکراتی بوون و کەکۆی کۆمەڵگەو پێکهاتەکان مافداری تەواویان هەبێت لە بونیادنان و بەگەڕخستنیان.
لە چوارچێوەی ئەم فەلسەفەیەدا، ژن وەک بونەوەرێکی ئاسایی نابیندریت کە تەنها وەک دایک مندال بەرهەم بێنیت وبکرێتە دەرەوەی ژیانی بەڕێوبەریەتی و هەڵسوڕاندنی ئەرکە ئازادەکان ، بەڵکو ڕؤڵی “کلیل” ی هەموو دەرگا داخراوەکان دەبینێت بەرەو دیموکراتی و ئازادی. ڕێبەرئۆجەلان باوەری وایە کە ئەرکی سەرەکیی ژنان، شیکردنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و کۆدەکانی چەپاندنی ژن وبەرپرسیاری لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوبەش و چالاک، کە تێیدا ژنان وەک ئاواکردنی کۆمەڵگەی هاوسەنگ و یەکسان بتوانرێ بەهاکانی ژنی ئازاد و هاوژیانی ئازاد پێش بخرێت.
مۆدێلی ئۆجالان — بەدیلێکی کردەیی:
بەڵێ، دەکرێت بڵێین مۆدێلی ڕێبەر ئۆجالان بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بەدیلێکی کردەییە بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ، کەبەدست قەیرانەکانی دەسەڵات و پاوانخوازی سەرمایەداری چاوچنۆک و قازانج پەرست دەناڵێنێت، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ژینگە و سروشتیش لەدۆخی کاولکردن ماوەتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە ژیانی تێدا دەکەین بەتەواویی لەواتاو بەهاکانی ژیان دابڕێندراوە، هەر بۆیە ئەم مۆدێلە دەتوانێ وەک وەڵامێک بەو قەیرانەی ئەمڕۆ بەدیلێکی کردەیی و ڕاستیبێت، کەخۆی لەتەوەرەکانی، بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی، ئازادی ژنان و ژینگەپارێزی فرموڵە دەکات، وتەوەری هەرەگرنگی ئەو مۆدێلی ئەلتەرناتیفەیە. کە هەم دەسەڵاتداری وپاوانخوازی کۆتایی پێدەهێنێت، هەم لەکێشە کەڵەکەبوەکانی ڕەگەزگەرایی و دەسەڵاتی پیاوسالاری دەربازببین، هەم ژینگە و سروشتی کۆمەڵگە بپارێزرێت لەبەردەم پیس بون و کاولکردن ،کەبەهۆکاری چاوچنۆکی سیستمی سەرمایەداری خەریکە سروشت وژینگە بەتەواویی لەناودەبرێت.
ئەزموونی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی ژنان:
لە ڕۆژئاوا، هەوڵدانێک و بەرخۆدانێکی زۆر هەیە ،تابتوانرێت زهنیەتی کۆنی پیاوسالاری بەلاوەبنرێت، بەرێکخستن بوونی ژنان لەهەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە و بەرەوپێش چونی پەروەردەو هۆشمەندی ژنان ،ژنانی کردوە بەخاوەنی پراکتیک و کردەی داهێنانەی گرنگ و بەکاریگەر، کە یەکەمجارە لەمێژووی کۆمەڵگەی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەش ژنانی کورد بتوانن بەم شێوە بەهێزە بەڕیخستنی خۆیان لەکۆمەڵگە ڕؤڵی ئاوا بنیاتنەر بگێڕن، یاساکانی باری کەسێتی و ڕێزگرتن لەتایبەتمەندی و ئازادیەکانی ژنان لەودەسکەوتە گەورەو بەنرخانەن کە جێگەی شانازی و هیوایەکی ڕووناکە بۆ هەموو ژنانی ڕەنجدەرو ئازادیخواز، ئەمڕۆدەبینین ژنان نەک تەنها بەشدارن، بەڵکو پێشەنگن ،بەشداری ڕێژەی نیوەبەنیوەی ژنان لەکاروبارەکانی بەڕێوبەری و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئیداری و چەسپاندانی سیستمی هاوسەرۆکایەتی لەڕۆژئاوای کوردستان گرنگ و پڕبایەخە.
سەرکەوتن و سەلماندنی تیۆری:
ئەزموونی ڕۆژئاوا نیشاندەدا کە تیۆری ئۆجالان دەکرێت بەشێوەیەکی کارا جێبەجێ بکرێت. کاریگەر بووە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە بەرەوپێشچووە لە بوارەکانی دیموکراسی، هاوسەنگی ڕەگەزی و ڕێوەبەری هاوبەش. هەروەک ئاگادارین، ڕۆژئاوای کوردستان هەموو پێکهاتەکان وباوەڕی ونەتەوەکان لەناو سیستمی دیموکراتیک وخۆسەریدا ،خاوەنی ئازادی و پیادەکردنی تایبەتمەنیەکانی خۆیانن، ئیدارەی هاوبەش و تێکەڵبوون و یەکێەتیەکی دیموکراتی پێشکەوتوە، جێگەی هیوا و ئومێدێکی گرنگە بۆ ئایندەی سوریا و ناوچەکە، کەتەنها مۆدێلە دەتوانێ لەناو یەکێتی و هاوسەنگی پێکەویی ژیانی دیموکراتی کۆمەڵگە ڕێکبخرێت. لەناومەیدانی هێزی سەربازیش ئەم هەمە جۆری و دەوڵەمەندیە دەبینرێت و کراوەتە هێزێکی بەکاریگەر و خاوەن بڕوای ژیان.
پەیامی ٨ی ئادار و کاریگەرییەکانی لەسەر خەباتی ژنان
پەیامی ئەمساڵ گرنگی تایبەتی هەبوو بۆ ئیمەی ژن ئیلهامێک بوو بۆ هەموو ژنانی تێنوی رێگای ئازادی، ئەم پەیامە کاری گەری زۆری لەسەر بەرزکردنەوەی رۆحی شۆڕشگێری ژنان دانا، جارێکی تر ڕێبەر ئاپۆ پێی وتین کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەپێشەنگی ژنانی ئازاد و ڕەنجدەر دەتوانرێت ئازادبکرێت، ڕەنجێک کەئەمڕۆ ژنان دەیدەن، ڕەنجە بۆ گەڕاندنەوەی بەهاکانی ئازادی و ژیانی دیموکراتیک، پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گرێدانی هێزی ژنان بوو لەناو ڕێکخراوبوون و بەرزکردنەوەی ئاستی توانایی و هەوڵەکانی ژنان بوو بەرەو ئازادی، دروستکردنی هێزی یەکگرتوو بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان و شۆڕشی ژن.