دەبێت بترسن

نورهاق گوڵبەهار

من دەبێت بنوسم و هەمووان ئاگادار بکەمەوە ، لە ئاسمانی وڵاتەکەم چەندە بە جوانی گوڵستان دەبریسکێتەوە. هەروەها هێرۆ چی لە ناخیدا دەلاواندەوە و هاوبەشی بە چ خەونێکی دەکرد.

من دەبێت بنوسم و لە هەر بستێکی خاکی کوردستان ناوی تۆی لەسەر بکەمە رێنیشاندەر گوڵستان، بۆ ئەوەی بزانێت چی لە دەستداوە. هەروها بە هەڵبەستێک ئازاری هێرۆ بگێرمەوە و بیدرکێنم؛ 'دڵی من بسرەوە، لە ئاسمان بسرەوە و ئەمڕۆ لە ئاسمان بسرەوە و پشوو بدە'.

من دەبێت بنوسم گوڵستان، کە لەم گەشتەی تۆدا، هێرۆی هاوڕێت کە لە هەوێنی فیرشتەکان بوو، چەند جوان و ئارام بوو. هەروەها چۆن هیوای وڵاتەکەم بوو و لە هەر ساتێکدا چۆن ئێوە ئەو هیوایەتان دەگەشاندەوە.

 

من دەبێت بینوسمەوە گوڵستان، خەمخۆری تۆ بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان، ئازایەتی و بوێری مێژوویی تۆ کە لە هەوێنی بەرخودانەوە سەرچاوەی دەگرت. هەروەها خۆشەویستی هەر منداڵێک، هەست و هەڵوێستی هێرۆ بۆ هەموو ژنان.

 

هەڤاڵی بەنرخمان گوڵستان و هاوڕیی تۆ و ئێمە گوڵی کوردستان هێرۆی لەسەرخۆ؛ ترسان لە ئێوە، تا قوڵایی دڵیان لە ئێوە ترسان. هەم دوژمن و هەمیش نۆکەرانی دوژمنان.

 

خۆی دەبێت لە ئێوە بترسن، لە هەبوونی ئێوە.

دەبێت بترسن، لە پێنوسی هزری ئێوە.

دەبێت بترسن لە ژیانی شکۆمەندانەتان کە خاوەنداریتان لە شکۆی گەلێک کردووە.

دەبێت بترسن، لە بوێری و هەڵوێستی شکۆداری خاوەنداری کۆمەڵایەتی، خاوەنداری لە هەبوونی خۆتان و بڕواتان بە ئازادی، لە هێزی خۆناسین و خۆبەرەوپێشبردنتان.

دەبێت بترسن، لە هونەری ئێوە و لە ژیانی ناوازە و بەهێزتان.

دەبێت بترسن، لەو کارەتان کە بە ئەوین و بڕوای بەهێزەوە بەئەنجامتان دەگەیاند. لە تامەزرۆییتان بۆ داهاتووی وڵاتێک ئازاد، دەبێت بترسن.

 

دەبێت بترسن لە تەمەنی ئێوە کە بە جوانی، هەستیاری و بە وشیارییەوە هۆنراوەتەوە. هەروەها لە گەشتی ئێوە بۆ ژیانی ئازاد کە زیاتر لە ژناندا دەردەکەوێت، دەبێت بەهەموو خانەکانیانەوە بترسن.

 

دەبێت بترسن کە چۆن رژانە ناو تێکۆشانی گەلەکەتان لە پێناو شکۆمەندی، ئەو گەشتەش مرۆڤی ئەویندار، خاوەن ویست و بە کەرامەتی دەویست. کەسایەتی ئێوە نمونەی وەک ئەستێرەبوون لە ئاسمانی وڵات. بە دڵنیاییەوە دەبێت بترسن، لەبەر ئەوەی ئێوە پێداگرترین رێبواربوون.

 

هێرۆ لە باخچەی گوڵستاندا گەشەی کرد، گوڵستان لە ئامێزیدا گوڵاڵەکانی چیاکانی کوردستانی بەخێو دەکرد، بۆ هەر کانیاوێکی ئەم وڵاتە، بۆ هەموو تولەرێیەکی ئەم شاخانە، بۆ هەموو ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە، بۆ هەموو خەون و خەیاڵێکی ئازادی، بۆ هەموو ئەوینێکی بێسنوور، بۆ هەموو دایکێک کە لە کۆرپەکەی دوورخراوەتەوە، بۆ هەر باوکێکی ئەم وڵاتە کە لە ژێر باری ئێسک و پروسکی کوڕەکەیدا دەڕووخێت، بۆ هەموو ژنێک کە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' هاوار دەکات، بۆ گوڵستان و هێرۆی باخچەی گوڵستان سوێند و پەیمانی بێگەڕانەوەیە. دیاری روناکی و پێنوسی راستی بوون لەبەر ئەوەی:

 

ئیتر ئێوە راستین، چەندە بەهێز ئەوەندەش ناسک

ئیتر ئێوە راستین ؛ چەندە راستەقینە ئەوەندەش هیوا

ئیتر ئێوە راستین چەندە ناوازە، ئەوەندەش دژوار و ئەستەم

ئیتر ئێوە راستین، چەندە رابردوو ئەوەندەش داهاتوو

ئیتر ئێوە راستین، چەندە هێرۆ ئەوەندەش گوڵستانن..