فاشیزمی تورکی و کوشتاری ئەرمەن؛ ڕاستییە مێژووییەکان و پڕۆژەی تێوەگلاندنی کورد لە ساڵی ١٩١٥دا

موژدە عەلی -مامۆستاو نووسەر

کاتێک لاپەڕە خوێناوییەکانی ساڵی ١٩١٥ هەڵدەدەینەوە، تەنها ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی نابینەوە، بەڵکو دەچینە نێو قووڵایی یەکێک لە وردترین و گەورەترین پیلانە سیاسییەکانی مێژوو. فاشیزمی تورکی لەژێر پەردەی ئیتیحاد و تەرەقی دا، تەنها نەتەوەیەکی نەسڕییەوە، بەڵکو ویستی مێژووی نەتەوەیەکی تریش (کورد) بە تاوانێک پەڵەدار بکات کە ئەندازیارە ڕاستەقینەکەی خودی دەوڵەت بوو.

 

بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، دەبێت بپرسین: بۆچی دەوڵەت دەیویست کورد تێوەبگلێنێت؟ فاشیزمی تورکی زۆر باش دەیزانی بە تەنها ناتوانێت ئەم پڕۆژە دڕندانەیە جێبەجێ بکات، بۆیە تەڵەیەکی دووسەری نایەوە. لە لایەکەوە دەیویست کورد وەک قەڵغانی مرۆیی و ئامرازی کوشتن بەکاربهێنێت، لە لایەکی تریشەوە پلانی وابوو لە ئایندەدا کورد وەک تاوانبارێکی نێودەوڵەتی بە جیهان بناسێنێت. بەمەش نەک هەر لە لێپرسینەوەی ڕۆژئاوا دەربازی دەبوو، بەڵکو پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و ئەرمەنیشی بۆ هەتا هەتایە تێک دەدا.

 

ئەو بەڵگەنامە مێژووییانەی لە ئەرشیفەکاندا ماونەتەوە، دەیسەلمێنن کە تێوەگلاندنی کورد ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسیی تەشکەیلاتی مەخسوسە (دەزگای هەواڵگریی ئیتیحادییەکان) بووە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی سوارەی حەمیدییە و دواتر گۆڕینیان بۆ سوارەی نیشتمانی، پیلانێک بوو بۆ شاردنەوەی بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی سوپا لە کوشتارەکاندا. یەکێک لە بەڵگە هەرە قورسەکان، ئەو فەرمانە نهێنییانەن کە بۆ والی و قایمقەمەکانی ناوچە کوردییەکان دەردەچوون؛ تێیدا جەخت دەکرایەوە کە دەبێت هێزە خۆجێییەکان لە پێشەوە بن. ئەمە بۆ ئەوە بوو کە لە کاتی هەر لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتیدا، دەوڵەتی عوسمانی بتوانێت بڵێ: ئەمە شەڕێکی ناوخۆیی و عەشایەرییە لە نێوان کورد و ئەرمەن، و دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە فاشیزمی تورکی بە ئەنقەست ڕێگەی دەدا هەندێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان دەست بەسەر گوندە ئەرمەنییەکاندا بگرن، تەنها بۆ دروستکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان کورد و دەوڵەتدا. بەڵام وەک لە بەڵگەنامەکانی شایەتحاڵە بێلایەنەکاندا (وەک فایز غوسەین و یوهانس لێپسیوس) هاتووە، ئەو هێزانەی بەشدارییان کردووە، تەنها بەشێکی کەم و دیاریکراوی کۆمەڵگەی کوردی بوون. زۆربەی نەتەوەی کورد و زانایانی ئایینی نەک هەر هاوڕا نەبوون، بەڵکو ئەم کارەیان بە لادان لە شەریعەت و مرۆڤایەتی ناوبردووە. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە کە کورد وەک نەتەوە، قوربانیی پیلانێکی سیاسی بووە کە ئامانجەکەی تەنها لەناوبردنی ئەرمەن نەبوو، بەڵکو شێواندنی شوناسی کوردیش بوو لە بەردەم مێژوودا.

 

بەپێی زانیارییە ئەرشیفییەکان، دەسەڵاتی تورک سوودی لە دوو خاڵی هەستیار وەرگرت بۆ ڕاکێشانی هەندێک لە هۆزەکان:

١-دروشمی ئایینی: وا پیشانیان دەدا کە ئەمە پاراستنی خەلافەت و جیهادە، لە کاتێکدا بڕیاردەرانی ئەم تاوانە، تاقمێکی ناسیۆنالیستی سێکۆلار بوون و باوەڕیان بە هیچ پیرۆزییەک نەبوو.

٢-بەتاڵانبردنی سەروەت: بە بەڵێنی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و ماڵی ئەرمەنەکان، ویستیان کورد بکەنە هاوبەشی تاوان کاتێک کەسێک دەبێتە هاوبەشی تاوان، ئیتر ناتوانێت دژی دەسەڵات بوەستێتەوە، چونکە چارەنووسی بە چارەنووسی دەوڵەتەوە گرێ دەدرێت. گەورەترین هەڵەی فاشیزم ئەوە بوو کە وای دەزانی دەتوانێت ویژدانی هەموو نەتەوەیەک بکڕێت. مێژوو شایەدی ئەوە دەدات کە "بەرەی ویژدانی کورد" لەو پیلانە بەهێزتر بوو.

 

زانایەکی وەک مەلا گەورەی کۆیە بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد کە ئەم کوشتارە دژی ئایین و مرۆڤایەتییە. زۆرێک لە ماڵباتە ڕەسەنەکانی کورد، دەرگای ماڵەکانیان بۆ حەواندنەوەی ئەرمەنەکان کردەوە و لە مەرگ ڕزگاریان کردن. ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە مێژوونووسانی فەرمیی تورکیا دەیانەوێت بێدەنگی بکەن؛ چونکە ئەم هەڵوێستانە پڕۆژەی تێوەگلاندنی کورد پووچەڵ دەکەنەوە. سەرانی ئیتیحاد و تەرەقی ئایینیان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێنا بۆ شەرعییەتدان بە کوشتارەکە و تێوەگلاندنی کورد لە ململانێیەک کە لە بنەڕەتدا نەتەوەیی بوو نەک ئایینی. لە ڕووی ئابووریشەوە، یاسای ئەمواڵی مەنقوولە و غەیرە مەنقوولە تەڵەیەکی دەوڵەت بوو بۆ ئەوەی بە بەڵێنی مڵک و ماڵ، کوردەکان ناچار بکات تا کۆتایی بەرگری لە دەوڵەتی عوسمانی بکەن.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی قونسوڵخانە ئەڵمانی و ئەمریکییەکان، دەوڵەت بە ئەنقەست هەژاری و نەخوێندەواریی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی بەکارهێناوە.

 

لە بەرامبەریشدا، فەتواکانی شێخ مەحمودی حەفید و بنەماڵەی بەدرخانییەکان ڕاشکاوانە دژی ئەم بەکارهێنانە چەوتەی ئایین وەستانەوە و هۆشدارییان دا کە ئەم تاڵانییە حەرامە و تەنها خزمەت بە پڕۆژەی تورککردن دەکات. لە کۆتایدا: ڕاستی وەک خۆی دەمێنێتەوە وەک توێژەرێکی مێژوو دەڵێم: تاوانی ١٩١٥، تاوانێکی ڕەهای فاشیزمی تورکییە.

 

هەوڵدان بۆ دانەپاڵی ئەم تاوانە بە کورد، تەنها درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە دەیەوێت شوناسی کورد بشێوێنێت. کورد نەک هەر تاوانبار نییە، بەڵکو قوربانییەکی تری ئەو فاشیزمەیە کە پاش سڕینەوەی ئەرمەنەکان، دەستی کرد بە سڕینەوە و ڕاگواستنی کوردەکانیش. کورد وەک فاکتەرێکی جێگیری ئەم خاکە، بە ویژدانێکی ئاسوودەوە بەرامبەر مێژوو دەوەستێت. پڕۆژەی تێوەگلاندن تەنها تەکتیکێکی کاتیی سەربازی بوو، بەڵام بەرەنگاریی ویژدانیهەڵوێستێکی جێگیری کلتوری بوو. تانە و تەشەری فاشیزم ناتوانێت ئەم ڕەسەنایەتییە بشێوێنێت.