دەنگی هەق دژی ستەم و دەستدرێژی لە کوردستان

نەجیبە مەحمود- ڕۆژنامەنووس

بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی حەقیقەت و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو زوڵم و ستەمانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستان و ژیانی خەڵکی سڤیل و ڕۆژنامەنووسان و سروشتی ئەم خاکە دەکرێت، ئێمە وەک نەتەوە و کولتوور و مێژوویەک دژی دەستدرێژی و هێرشە درۆنەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا وەستاوین، ئەم هێرشانە نەک تەنها زیان بە ژێرخان و سەرخانی و ژیانی خەڵک دەگەیەنن بەڵکو زیان بە ڕوح وشوناسی کولتووری ئێمەش دەگەیەنن، بە بیانووی بوونی پەکەکە، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە پێشێلکاری و دەستدرێژی وداگیرکاری و هێڕشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و ڕۆژنامەنووسان و سروشتی کوردستان و وێران کردنی گوندەکان، لەکاتێکدا ئەم کارانە نەک یارمەتی ئاسایش وئارامی خەلک نادات بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوان گرژییەکان زیاد دەکەن کە دەبێتە هۆکاری زیاد بوونی توندوتیژی لە ناوچەکە.

هەربۆیە گرنگە کۆمەڵگەی کوردی هەوڵی جددی بدات بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ستەملێکراوان و ئازایانە بەرامبەر ئەم ستەم و نادادپەروەرییە بوەستێت، ڕۆژنامەنووسان کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ئاگادارکردنەوە ی کۆمەڵگە بوونەتە ئامانجی هێرش و هەڕەشەکان ئەم کارە تەنها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نییە بەڵکو هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و مافی خەڵک بۆ وەرگرتنی زانیاری دروست .

هەروەها سروشتی کوردستان لە مەترسیدایە، هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی ژینگە بە بیانووی شەڕ و ململانێ نەک هەر زیان بە سروشت و نەوەکانی داهاتووش دەگەیەنێت بەڵکو هەڕەشە لە ناسنامەکەمان دەکات .

هەربۆیە پێویستە بەرگری لەم خاکە بکەین و جوانییە سروشتییەکەی بپارێزین، پێویستە هەموومان بەشداری لەم ڕووبەڕووبونەوەیە لە شەڕی مافەکانی مرۆڤ وئازادی و دادپەروەرییە بکەین، با یەک دەنگ بین و بڵێن ئەم زووڵمە قبول ناکەین و دەمانەوێت کۆتایی بەودەستدرێژیانە بێت، ئێمە باوەڕمان بە بە ئاشتی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ هەیە و بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و گەیاندنی دەنگی راستی و نارەزایەتیەکان بە جیهان لە پێناو ئایندەیەکی باشتر و دادپەروەرانەتر بۆ خەڵکی کوردستان و ستەملێکراوان.