دانیشتووانی چەمچەماڵ وەڕسبوون
وەردە رەشید - نووسەر

قەزای چەمچەماڵ لەلای هەمووان بە پایتەختی شەهید و ئەنفالکراوان ناسراوە، بەڵام ئەم نازناوە نەک هەر نەیتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکات، بەڵکو لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەشن، کە ئەویش ئاوە.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین دانیشتووانی چەمچەماڵ دووچاری کەم ئاوییەکی زۆر دەبنەوە، هەندێک گەڕەک جاری وا هەیە دەگاتە ١٠ رۆژ ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەرنادرێتەوە و بە دەردی کەم ئاوییەوە دەناڵێنن، لە کاتی بەدواداچوونم بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە سەرچاوەیەک پێی راگەیاندم: هەندێکجار ماوەی رۆژەکانی پێنەدانی ئاو لەو ژمارەیە زیاترە کە ئاماژەم پێکردووە، بە تایبەت لە ناحیەی شۆڕش کە دانیشتووانەکەی پێکهاتووە لە کۆکەرەوەی دێهاتە وێرانکراوەکان زیاتر لەناو ئەم قەیرانی بێ ئاوییەدا بەو خەمەوە دەتلێنەوە، تۆ بڵێی ئەوە پاداشتی مێژووی پڕ لە چیرۆکی تراژیدی ئەو شارە بێت؟!
لەگەڵ ئەو کەم ئاوییەدا دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ بایەخی زۆر بە سەوزکردنی ژینگە دەدەن، بە جۆرێک کە بۆ سەردان رێم دەکەوێتە ئەم قەزا خۆشەویستە بە دەگمەن ماڵێک دەبینم دارێکی لەبەر دەرگاکەیدا نەڕوواندبێت، یاخود بەردەرگاکەی نەکردبێت بە باخچە، بەڵام ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانیمە ئەوەیە کەم ئاویی وایکردووە باخچە و سەوزاییەکە سنووردار بێت. ئەو گرنگی پێدانە بە سەوزکردن تەنها لە بەردەم ماڵەکاندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو کە بۆ کاروباری فەرمانگەکانیش رێم دەکەوێتە چەمچەماڵ دەبینم بەردەرگای هەر فەرمانگەیەک کراوە بە باخچە یان درەختی بەپێزی لێ روێنراوە، لە پاداشتی ئەم هەڵوێستە جوانە و بایەخدان بە جوانکردنی شارەکە، دەبوو وەک پێویست ئاویان بۆ دابین بکرایە، بۆئەوەی بتوانن کاری باشتر بکەن بە ئامانجی زیاتر رازاندنەوەی ناوچەکەیان بە سەوزایی و درەختی جوان.
ئەو کەم ئاوییەی قەزای چەمچەماڵ لە کاتێکدایە چەندین جار بەڵێنی چارەسەرکردنی دۆخەکە و رزگارکردنی خەڵکەکەی لەو قەیرانی بێ ئاوییە لەلایەن حکومەتەوە پێدراوە، بەڵام هیچکام لەو بەڵێنانە وەک پێویست کاریان لەسەر نەکراوە، لە بەرامبەر ئەم کەم ئاوییەدا دانیشتووانەکەی وەڕس بوون و ناچاریش پەنا دەبەنە بەر کڕینی ئاو کە ئەمەش جارێکی دیکە باری سەرشانیان قورستر دەکات بۆ شێوازی مامەڵەکردن و خۆگونجاندنیان لەگەڵ داهات و بژێوی ژیانیان، لەبەرئەوەی قەزاکەیان بچووکە و کەمتر هەلی کاری تێدا دەستەبەر دەبێت، ئاخۆ کەی بێت فریادڕەسێک بە هانای خەڵکە بەشمەینەتەکەی ئەم قەزا خۆشەویستەوە بچێت و لانیکەم بە ئەندازەی پێویستیی رۆژانە ئاویان بۆ دابین بکات؟.