ژینا؛ گوڵێک لە نێو باخچەی ئازادیی.

ئیمان یادەوەر - هۆنەر و نووسەر

 

کاتێک ناوی کورد دێت وشەی شۆڕش و ئازادی و قوربانی بەدوادا دێت، ئەمە بە جۆرێکە کەم نەتەوە هەبێت لە دونیادا هێندەی نەتەوەی کورد ژیانی لەگەڵ ئەو چەمکانەدا بێتەوە.

 

بۆیە کاتێک ئازادیی پێویستی بە قوربانی دەبێت، ژینا ئەمینی وەک مرۆڤێک دواتر وەک کوردێک بەگیانی خۆی ئامادەیی هەیە، مەرگی ژینا یەکێکە لەو مەرگانەی کە شۆڕشێکی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت، شۆڕشێک کە تەواوی گەلانی ئێران و دواتر کوردانی پارچەکانیتر دەخاتەوە بەردەم ئاستانەی ئازادی و دیسانەوە بۆ ڕزگاربوون لەکۆت و بەندی داسەپاوی کەلتووری لە هەموو ناوچەکاندا ڕادەپەڕن و دروشمی (ژن ژیان ئازادی) دەڵێنەوە.

 

مەرگی ژینا دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە تێڕوانین بەرامبەر بە چەمکەکانی ئازادی کەسی و شکاندنی یاساکانی بەها تایبەتیەکان، بۆیە خوێنی ژینا دەبێتە هەوێنی گۆڕانکاری لە هەندێک یاسای تایبەتی کەسێتی لە ئێراندا، دواتر ژینا ئەمینی وەک نوێنەری ئازادی بیرکردنەوە سنوورەکان دەبڕێت و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاوە خەڵاتی (ساخارۆڤ)ی پێدەبەخشرێت.

 

"ژن، ژیان، ئازادی" - مانیفێستی شۆڕشێک، هەر وشەیەکیان و وەک شەپۆلێک کە لە دەریای خرۆشاوی کوردی سەربەرزی ڕۆژهەڵاتەوە هەمیشە هەڵدەستێ، ڕۆژهەڵاتی کوردان ئەوانێک وەک کێوی بەرزی زاگرۆس، بەرامبەر زریانی ستەم ڕاوەستان. ژنانی کورد، وەک شێرەژنی مێژوو، لە پێشەوەی ڕیزەکاندا بوون. پیاوان، شان بە شانی ژنان، وەک دار بەڕووی کوردستان، لە بەرامبەر ڕەشەبای زۆرداریدا نەلەرزین.

 

خەڵکی ڕۆژهەڵات، بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیانەوە، وەک ڕەنگەکانی کەوانەی ڕەنگاڵە، یەکیان گرت، لە سەقزەوە بۆ سنە، لە مهابادەوە بۆ کرماشان، هاواری ئازادی بەرز بووەوە، ئەوان شەقامەکانیان کردە گۆڕەپانی خەبات، قوتابخانەکانیان کردە قەڵای بەرخۆدان.

 

خوێنی گەنجانی ڕۆژهەڵات بوو بە ڕەنگی سوور لەسەر ئاڵای شۆڕش، فرمێسکی دایکان بوو بە ئاوی ژیان بۆ نەمامی ئازادی، هەناسەی پیرەکان بوو بە بای بەهاری گۆڕان.

 

ئەوان، بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە دڵی پڕ لە هیوا، بەرەنگاری چەکی ستەم بوونەوە، هاواری ژینا تۆفانێک بوو هەموو بەربەستەکانی بەردەم ئازادی ڕاماڵی، مەرگی ئەو وایکرد تەواوی ئازادیخوازان هەستبکەن هەنگاوێک نزیکتر بوونەتەوە لە بەدەستهێنانی مافەکانیان، با بڵێین: ژینا گیان، تۆ نەمردوویت. ڕێگەیەک تۆ بە خوێن نەخشیت کێشا، هەرگیز ناسڕێتەوە، ئێستەش کە باسی ئازادی دێتە گۆڕێ ناوی تۆ وەک سیمبولی قوربانیدان بەشکۆوە دەهێنین، تێدەگەین مەرگی تۆ چۆن ئێمەی بەرامبەر مافەکانمان زیندوو کردەوە، بۆیە تۆ لە هەر دڵۆپە بارانێکدا، لە هەر گوڵێکی بەهاردا، لە هەر هەنگاوێکی ئازادیدا زیندوویت، ناوت وەک سروودێک، بەردەوام لە گوێی مێژوودا دەزرنگێتەوە، تا ئەو کاتەی کە ڕۆژی ئازادی و دادپەروەری هەڵدێت. مەرگی تۆ هەزاران هێندەی ئەوانەی بۆ ژیانی خۆیان ناهێڵن بژین، ژیانی فێرکردین.