بۆچی ژنکوژی و کۆیلایەتیی نەریت کۆتایی نایەت؟ ئایا لەبنەڕەتدا پیاوەكان دەیانەوێت بكوژن؟
شێنێ محەمەد- ڕۆژنامەنووس
دیاردەی ژنکوژی و توندوتیژیی ڕەگەزی بەرامبەر بە ژنان، خاوەنی مێژوویەکی دوور و تاریک و ڕەگداکوتاوە لەناو جەرگەی مرۆڤایەتیدا. زۆر جار لە چوارچێوەی کۆڕ، سیمینار و ناوەندە فیکرییەکاندا گفتوگۆی چڕ و جۆراوجۆر لەبارەی هۆکار و ڕێگەچەرەسەرەکانی ئەم تراژیدیایە دەکرێت، بەڵام ئەو هۆکارە هەرە بنەڕەتی و ستراتیژی و مێژووییەی کە پێویستە هەمیشە تیشکی بخرێتە سەر و بە جدی کاری لەسەر بکرێت، بریتییە لە «سیستەمی دابونەریت و کولتووری باوی کۆمەڵایەتی» ئەم کولتوورە بە درێژایی مێژوو پیاوانی خستووەتە ژێر باری فشارێکی دەروونیی هێندە قورسەوە کە ناچاری کردوون لە کاتی هەستکردن بە شکست لە پاراستنی ئەو چەمکەی پێی دەوترێت "شەرەف" پەنا بۆ تاوانی کوشتن بەرن، ئەم ئازارە قووڵە و ئەم زنجیرە خوێناوییەی کوشتن بە شێوەیەکی چەقبەستوو لە کۆمەڵگە نەریتخواز و خێڵەکییەکاندا بەردەوامیی هەیە، چونکە ژنان لەم ژینگانەدا پێش ئەوەی ببنە قوربانیی هەڵەیەکی خۆیان یان بڕیارێکی نالۆژیکی، دەبنە نێچیر و قوربانیی ترس، تۆقاندن و ئەو سێبەرە تاریکەی سزای کۆمەڵایەتی کە نەریت بۆیانی دیاری کردووە.
لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا، کولتوور و دابونەریتێکی ڕەق باڵی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیاندا کێشاوە بە چەشنێک کە هەژموون و دەسەڵاتەکەی لە سنووری لۆژیک، ئەقڵانییەت و مرۆڤایەتیش تێدەپەڕێت و دەبێتە مۆتەکەیەکی هەمیشەیی بەسەر دەروونی سەرجەم تاکەکانەوە.
ڕەنگە زۆربەی ئەو کەسانەی لە سەنتەری شارە گەورەکاندا دەژین، دیدگا و خوێندنەوەیەکی جیاوازتریان بۆ هۆکارە سەرەکییەکان هەبێت و پێیانوابێت بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکان و پێشکەوتنە هاوچەرخەکانی کۆمەڵگەو چەندین هۆکاری جێگرەوە و نوێی وەك (تەکنەلۆژیا، سۆشیاڵ میدیا و دۆخی ئابووری) هەبن بۆ ئازاردان و کوشتنی ژنان و ئیتر دابونەریت ئەو مۆتەکەی پێشوو نییە. بەڵام ئامارەکان و ئەو مێژووە دوور و درێژەی کوشتن، پێمان دەڵێت کە هیچ هۆکارێکی تر هێندەی بنەمای نەریتخوازی بەهێز و کارا نییە کەوابکات ئەم دیاردە دڕندەیە بەردەوامبێت و پیاوێک ناچاربکات بێ سڵەمینەوە و بیرکردنەوە، دایک، خوشك هاوسەر یان جگەرگۆشەکەی خۆی تیرۆربكات یان ئازارێکی جەستەیی و دەروونیی سەختی بدات.
بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ڕێخراوە جیهانیەكان لەسەر ئاستی جیهان ڕۆژانە سەدان ژن بەهۆی توندوتیژیی خێزانی و کولتووریەوە دەکوژرێن کە بەشێکی زۆری ئەم تاوانانە لەژێر ناوی "پاککردنەوەی شەرەف" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئاسیادا تۆماردەکرێن. کاتێکیش سەیری ئامارەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەین دۆخەکە هێندەی تر تۆقێنەر دەبێت، چونكە بەپێی بەدواداچوونی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا ئاماری ژنکوژی بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕووی لە هەڵکشانکردوو. لەمساڵدا بە پێی ئامارەکان هەرچەندە فەرمی نیە ڕێژەی کوشتن و خۆکوژیی ژنان لەژێر فشاری کۆمەڵایەتیدا گەیشتووەتە ٩٠ حاڵەت، کە ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی گەشەی ڕووکەشیی شارەکان و باڵەخانە بەرزەکان نەبوونەتە هۆی گۆڕینی بیرکردنەوەی خێڵەکی لە ناخی تاکەکاندا.
نامۆیی و دژبەیەکبوونی ئەم بابەتەش لەوێدا دەردەکەوێت، کە تەنانەت ئەو مرۆڤانەی لە پشت شاشەی کۆمپیوتەرەکانیانەوە یان لە هۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆڕە ڕۆشنبیرییەکاندا بە شانازییەوە باسی مافی تاکەکەسی، ئازادیی فیکری و کراوەیی کولتووری دەکەن و باوەڕێکی قووڵیان بە سەربەخۆیی جەستە هەیە کاتێک مۆتەکەی نەریت و هەڕەشەی کۆمەڵایەتی دێتە ناو بازنەی خێزان و نزیکترین کەسەکانیان، تووشی شۆکێکی مەزن و تێکشکانی دەروونیی قووڵ دەبن ئەوان لە ترسی ئەو سێبەرە نەریتییەی کە بڕیار لەسەر ناسنامە و پێگەی کۆمەڵایەتییان دەدات چۆک دادەدەن و ڕێک لەم خاڵەوەیە کە تاقیکردنەوە گەورە و ڕاستەقینەکە دەست پێدەکات.
ئەوەی لە ناو ئەم ململانێ فیکری و تراژیدیا مرۆییانەدا زۆربەی کات فەرامۆش دەکرێت و پشتگوێ دەخرێت، تێگەیشتنە لەو پرسیارە جەوهەرییە ئایا لە بنەڕەتدا پیاوان بە سروشتی خۆیان دەیانەوێت بکوژن؟ ڕاستییە تاڵ و حاشاهەڵنەگرەکە ئەوەیە کە لە زۆرینەی هەرە زۆری ئەم حاڵەتانەدا پیاو وەک (باوک، برا، هاوسەر) بە هیچ شێوەیەک لە ناخەوە حەز بە کوشتن یان لەناوبردن ناکات، بەڵکو ئەویش خۆی لە بنەڕەتدا قوربانییەکی تری دەستی هەمان کولتوور و چەمکی چەوتی "شەرەف و حەیا"یە سیستەمی خێڵەکیە پیاو دەخاتە ناو تەڵەیەکی دەروونیی داخراوەوە کە تێیدا پێی دەگوتریێت یان دەبێت بکوژیت و بە خوێن پیاوەتی و شەرەفی خۆت بسەلمێنیت یان بە پێچەوانەوە تۆ پیاونیت و شایەنی سەرشۆڕی و فەرامۆشکردنیت لە كۆمەڵگەدا.
ئەم بڕیارە نامرۆڤانەی کە پیاو لەو چرکەساتە پڕ لە تەنگژەیەدا دەیدات هێندەی پەیوەندی بە ترس لە كولتوور و دابونەریتەوە هەیە هێندە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، چونکە مرۆڤ هەرچەندە خاوەن باوەڕێکی ئاینیی قووڵیش بێت لەبەرامبەر تاقیکردنەوەی کوشتنی خوشک، دایک یان هاوسەرەکەیدا ناچار دەبێت باوەڕەکەی فەرامۆش بکات چونكە مرۆڤی باوەڕدار لە ناخەوە دەزانێت کە خودا لێخۆشبووە و هەموو ئایینەکان ڕووبەرێک لە لێخۆشبوونیان تێدایە، تەنانەت ئەگەر لە دەقەکانیشدا سزای توندهەبێت، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەگاتە سەر کولتوور و دابونەریت ترس لە چواردەور و تۆقینی کەرامەتی کۆمەڵایەتی وەک پیاو بە شێوەیەک دەروونی دادەڕمێنێت کە هیچ بژاردەیەکی تری بۆ ناهێڵێتەوە زۆرجار پیاو لەژێر کایەی ئەم مۆتەکەیەشدا دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بە شانازییەوە قسەدەکاتو پەشیمانی دەرنابڕێت، چونکە کۆمەڵگەکەی چەپڵەی بۆ لێدەدات. خۆ ئەگەر پیاوان دەستیشیان نەچێتە خوێنی ژنان و نەیانکوژن باجێکی دەروونیی زۆر گەورەتر دەدەن کە بریتییە لە گۆشەگیری و سووکایەتیی پێکردنی هەمیشەیی لەلایەن بنەماڵەو چواردەوریانەوە.
جگە لەمەش، بەشێکی زۆری ژنان یان لە ناو ئازارو زیندانی ماڵەکاندا بە زیندوویی دەمرن یان لە کایەی ئەو ترسە هەمیشەییەدا پەنادەبەنە بەرخۆکوشتن و خۆسووتاندن بۆ ڕزگاربوون لەم دۆزەخە. ئەم دابونەریتە بەجۆرێک تاکەکانی پەروەردە کردووە کە کاتێک لە سەنتەری شارە گەورەکان دوور دەکەویتەوە و دەچیتە قەزا و ناحیە و گەڕەکە دوورەدەستەکان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی توندوتیژی دەکەیت، دەگەیتە ئەو ڕاستییە تاڵەی کە مرۆڤەکان هێشتا وەک پاسەوان چاودێریی ڕەفتار و جووڵەکانی یەکتردەکەن. چواردەور دەبێتە هۆکارێکی کارا و ڕاستەوخۆ بۆ پێناسەکردنی کەرامەتی ژنان بەپێی پێوەرە خێڵەکییەکان و دواجار هەر ئەوانیش دەبنە هۆکاری سەندنەوەی مافی ژیان لە ژنان لێرەوەیە تێدەگەیت ئەم دابونەریتە چەندە ڕیشەی قووڵو ترسناکی داکوتاوە و ئەم هەرێمەی ئێمەی تێدا دەژین لە ڕووی فیکرییەوە چۆن کردووە بە گوندێکی بچووک و داخراوە.
لەم کێشە قووڵەدا ناتوانرێت چاو لە لاوازیی بنەڕەتیی دەسەڵاتی یاسا و کورتنەهێنانی دامەزراوە حکومییەکان دابخرێت ئێمە تەنها کێشەی سەرەکی نەبوونی دەق یان بەندی یاساییمان نیە بەڵکو کێشەکە لە شێوازی جێبەجێکردنی یاساکان و دەستێوەردانی هێزە کۆمەڵایەتییەکاندایە، چونکە لە زۆر حاڵەتدا کاتێک تاوانێکی ژنکوژی ڕوودەدات، یاسای نیشتمانی لە ڕێگەی "سوڵحی عەشایەری" یان بەکارهێنانی ماددەی یاسایی جۆراوجۆر بۆ کەمکردنەوەی سزا بە بیانووی "کاردانەوەی کتوپڕ" پاشەکشە دەکات و دەسەڵاتی خێڵ بەسەر دادگادا زاڵدەبێت. دامەزراوەکانی دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبری ئەوەی ببنە قەڵایەکی پۆڵایین بۆ پاراستنی کەرامەت و گیانی كچان و ژنان زۆرجار بەهۆی هەژموونی هێزە عەشایەرییەکان یان سڵەمینەوە لە کاردانەوەی کۆمەڵایەتی،ناتوانن سزای یاسایی بەسەر بکوژاندا بسەپێنن. کاتێکیش بکوژان دەبینن کولتوورەكە ڕەوایەتی دەدات و ڕێگەی دەربازبوونی یاساییش هەیە، دیاردەکە نەک کەم نابێتەوە بەڵکو دەبێتە پاڵنەرێکی تر بۆ بەردەوامیی ئەم بازنە خوێناوییە.
لە کۆمەڵگەیەکی تەندروست، پێشکەوتوو و ئازادیخوازدا، کاتێک کێشەیەک یان هەڵەیەک لەلایەن تاکێکەوە ڕوودەدات، لە ڕێگەی دیالۆگ لێکتێگەیشتن، یاسا و چارەسەری دەروونییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەڵام لە ژینگە خێڵەكیەكاندا یەکەمین کاردانەوە کە دێتە پێشەوە بریتییە لە هەڕەشەی کوشتن، سزای بێبەشکردن لە ژیان و ئەو سێبەرە شوومەی "عەیبە" کە پیاوان ناتوانن بە ئاخاوتن و گفتوگۆ شەرەفی خۆیانی پێ لای کەسانی چواردەور پاک بکەنەوە، ئەم ژینگە ژەهراوییە وایکردووە کە هەڵە بچووکەکان نەبنە دەرفەتێک بۆ فێربوون و چاکسازی، بەڵکو ببنە سەرچاوەی کارەساتی مرۆیی، تێکشکان و ڕووخانی یەکجاری مرۆڤەکان.
ئەوەی لەم پرۆسە دڕندەیەشدا بەجێدەمێنێت باجێکی دەروونیی یەکجار قورس و وێرانکەرە چ بۆ ئەو کچ و ژنانەی کە کاتەکانیان لە ناو بازنەی ترس و دڵڕاوکێی بەردەوامدا بەڕێ دەکەن، چ بۆ ئەو پیاوانەی کە دەبنە بەشێک لەم ململانێ خوێناوییە. هەمووان بۆ ساڵانێکی درێژ لەناو دڵەڕاوکێ توندوتیژیی ناوەکی و ئازارێکی بێدەنگدا دەژین ئەمە برینێکی قووڵ و ساڕێژنەکراوە لەسەر جەستەی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا یاسای جەنگەڵو كولتوور و دابونەرت حوکمی ڕەفتار و چارەنووسی مرۆڤەکان دەکات.
ڕێگە چارەسەرەكان:
تا ئەو ڕۆژەی ئێمە وەک کۆمەڵگە دان بەو ڕاستییە تاڵەدا نەنێین کە دابونەریتی خێڵەکی ژەهرێکی کوشندەیە و چەمکی چەوتی شەرەف لەگەڵ ترسی سزا کۆمەڵایەتییەکان هەردوو ڕەگەزەکە (دایک و باوک، کچ و کوڕ) دەکەنە قوربانی ناتوانین کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سەردەمیانە بنیات بنێین. پێویستە لە ئێستا و داهاتوودا ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە ڕوونبکەینەوە کە کۆمەڵگەیەک ئەگەر تەنانەت خوێندەوارترین و ڕۆشنبیرترین تاکەکانیشی لە ترسی عەیبە و تۆقاندنی خێڵەکیدا لە ململانێیەکی دەروونیی بەردەوامدا بژین کۆمەڵگەیەکی زیندوو نییە، بەڵکو زیندانێکی گەورەیە کە تێیدا مرۆڤەکان تەنها هەناسە دەدەن. ئەمە کولتوورێكە پێش ئەوەی جەستەی مرۆڤەکان بکوژێت، لۆژیک، ئەقڵانییەت، هۆشیاری و ئارامیی دەروونیی تاکەکان لەناو دەبات. تا ئەو کاتەی جیاوازیی ڕیشەیی نەکەین لەنێوان بنەما بەرزە مرۆڤدۆستیەكان و پاشماوە تاریکە خێڵەکییەکاندا و تا ئەو کاتەی یاسا کەرامەتی خۆی وەرنەگرێتەوە و نەبێتە تاکە سەروەر و بڕیاردەر، گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئارام و تەندروست تەنها خەون و خەیاڵ دەبێت