بە یاسایی کردنی پێدۆفیلی، میراتی دینی و بەرهەم هێنانەوەی باوکسالاری
ئارێز محەمەدی – نووسەر

پەسەندکردنی یاسای هاوسەرگیری منداڵان کە بە پێدۆفیلیش ناوزەد دەکرێت، لە پەرلەمانی عێراق هەم قەیرانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵان لەو وڵاتدا بەرز دەکاتەوە هەمیش بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆمەڵگەیەک ئامادە دەکات کە مامەڵەی خراپ لەگەڵ منداڵان و بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتە پیاوسالارییەکان تێیدا گەشە بکات.
هاوکاتیش تێیدا جەستە و ئایندەی منداڵان بەتایبەتی کچان وەک ئامڕازی دەسەڵات بۆ پیاوان و بنەماڵە پیاوسالارەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بەتەواوەتی کەسایەتی و تەندروستی منداڵ دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
پەسەندکردنی یاسای هاوسەرگیری منداڵان لە پەرلەمانی عێراق، بابەتێکە کە ناتواندرێت جیا بکرێتەوە لە دابونەریتی ئایینی و ڕۆڵی مێژوویی ئیسلام لە شەرعیەتدان بەم جۆرە یاسایە کە ئەمڕۆ و لە سەدەی بیست و یەکدا خەریکە لە یاسای عێڕاقدا شاهێدی دەبین.
ئەمە کارەساتە و ملکەچ کردن بۆی چەندەها لێکەوتەی هەیە کە بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت.