ڕۆژنامەنووسێک: جیاکاریی ڕەگەزی لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندندا دەرفەتە پیشەیییەکانی ژنان کەمدەکاتەوە

سوعاد سودانی زادە، ڕۆژنامەنووس تیشکی خستە سەر جیاکاری و بەربەستە سەپێندراوەکان دژی ڕۆژنامەنوسانی ژن، دەڵێت: لەسەر نەبوونی پشتگیری و هاوکاری لە ژینگەی کاردا، سەرەڕای هەوڵدان و کۆششی بەردەوامیان لە تیشکخستنە سەر کێشەکانی کۆمەڵگە و ئازارەکانی.

شەهلا محەمەدی 

ناوەندی هەواڵ
- ڕۆژنامەنوسانی ژن چ لە ناوەوەی ئێران یان لە دەرەوەی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوون لە سزادانی ئەو تاوانانەی دژی ڕۆژنامەنوسان ئەنجام دەدرێن کە هاوكاتە لەگەڵ ٢ی تشرینی دووەم، دەرفەتێک دەڕەخسێت بۆ تیشکخستنە سەر ڕەوشی ئەم ژنانە و ئاستەنگەکانیان لە بواری ڕاگەیاندندا.

بۆ ئاگاداربوونی زیاتر لە ڕاستی ڕۆژنامەنوسانی ژن و ئەو ئاستەنگانەی لە دامەزراوە ڕاگەیاندنەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سوعاد سودانی زادە کرد، کە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی ڕاگەیاندنە و خاوەنی ئەزموونێکی کارکردنی بەربڵاوە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران.

وەک ژنێک کە چوویتەتە ناو جیهانی ڕۆژنامەگەری لە ناوەوەی ئێران، چۆن ڕووبەڕووی هاوکێشەی ئاسایش بوویتەوە بە چەمکە بەرفراوانەکەی؟ چۆن ڕەنگی دایەوە لەسەر سەقامگیریی دەروونی و پیشەیی و گوزەرانت؟
دەمهەوێت باسی ئەو جیاکارییە بکەم کە لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ناوەوەی دامەزراوە ڕاگەیاندنەکاندا بە شێوەیەکی پۆشراو و سیستماتیک هەیە، ئەوەش کێشەیەکە کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە ناوەوەی ئێران و دەرەوەیدا بە یەکسانی تێیدا هاوبەشن، ئەگەرچیش شێوازی جیاوازی وەرگرتبێت، ئەم جیاکارییە لە هەندێک کاتدا بووەتە شتێکی ئاسایی و ڕاهاتوو تا ئەو ڕادەیەی کە خۆمان وەک ڕۆژنامەنوسانی ژن بێ مەبەست بەشداریمان کردووە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەیدا.

پرسەکە تەنها ئەوە نییە کە ڕێگە بە ژنان بدرێت کار بکەن، پەیوەندی بە پلەی سەربەخۆیی و دەسەڵات و دەسەڵاتی بڕیاردانەوە هەیە کە بە بەراورد لەگەڵ هاوکارە پیاوەکانیان چێژیان لێ وەردەگرن، بۆ نموونە هەندێک جار لە بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن دەستوەردان دەکەن لە دیاریکردنی جلوبەرگ و ڕوخساری ڕۆژنامەنووسانی ژن، لە کاتێکدا هاوکارە پیاوەکانیش ڕووبەڕووی سنووردارکردنی هاوشێوە نابنەوە، لە ڕاستیدا ڕواڵەتی ژنان و هەڵبژاردنی کەسی زۆر زیاتر لە پیاوان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئەم بابەتە بە ڕوونی لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی ئێراندا دەردەکەوێت، بە دەستەی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمی (سەدا و سیما)شەوە، کاتێک من خوێندکار بووم لە پسپۆڕیی ڕۆژنامەگەریدا، سەردانێکیان بۆ بینای ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن بۆ ڕێکخستین، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام بچمە ژوورەوە و ناچار بووم لە دەرەوە بمێنمەوە تەنها لەبەر ئەوەی ”نیقاب”م نەکردبووە سەر.

لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی دەرەوەی وڵات، ئەم جیاکارییە بە شێوازی دیکە بەردەوام دەبێت، بە شێوەیەک کە هەندێک جار لە ڕۆژنامەنوسانی ژن چاوەڕێ دەکرێت پۆشاکێک بپۆشن کە لەگەڵ پێوەرە دەرەکییە دیاریکراوەکانی سەپێنراوی دامەزراوەکەدا بگونجێت، بەڵکو گروپە تەکنیکییەکان دەست لە بڕیاردان سەبارەت بە پۆشاکیان وەردەدەن، بە بڕوای من، ئەم ڕێبازە لەگەڵ ئەو دروشمانەدا ناگونجێت کە بۆ پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکان بەرز دەکرێنەوە، هەروەها جیاکاری دژی ژنان لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندندا هێشتا بەردەوامە، تەنانەت لە چوارچێوەی ئەو ڕێگرییانەی بەسەر دەرکەوتن و هەڵبژاردنە کەسییەکاندا سەپێنراون.

لە گواستنەوەدا بۆ ڕەهەندێکی دیکەی جیاکاری دژی ڕۆژنامەنوسانی ژن لە ئێران کە لە ڕێگرییەکانی دەرکەوتن تێدەپەڕێت، چۆن دەڕوانیتە کاریگەریی دوو فاقیی بەرپرسیارێتی لە نێوان دایکایەتی و کارکردن، فشارە کۆمەڵایەتی و حکومییەکان، لەسەر ئاسایشی پیشەیی و چالاکیی پیشەییان بەراورد بە هاوکارە پیاوەکانیان؟
یەکێک لە شێوازەکانی جیاکاریی ڕەگەزی کە کەمتر لە دامەزراوە ڕاگەیاندنەکاندا باس دەکرێت، چاوەڕوانکردنی کاری بێ بەرامبەرە لە ڕۆژنامەنوسانی ژن، بە جۆرێک هەندێک جار لە ڕوانگەی پابەندبوونی کۆمەڵایەتی یان پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان و منداڵان و توێژە پەراوێزخراوەکانەوە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت کە بێ موچە یان بە موچەیەکی زۆر کەم کار بکەن، کە ئەمەش چاوەڕوانییەکە پیاوان بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی نابنەوە.

ئەم کێشەیە لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی دەرەوەی وڵات دەردەکەوێت، کاتێک هەندێک جار سەیری چالاکیی ژنان دەکرێت وەک کارێکی خۆبەخشانە نەک وەک مەشقێکی پسپۆڕانە کە شایستەی موچەیەکی تەواو بێت، لە بەرامبەردا، پیاوان وەک ڕۆژنامەنوسی پیشەگەر دادەمەزرێن و موچەی دادپەروەرانەتر وەردەگرن.

دەکرێت ڕەگی ئەم جیاوازییە لە بیری باوکسالاریدا بپشکنرێت کە پیاو بە بژێوێنەری سەرەکیی خێزان دەبینێت و داهاتی ژن بە شتێکی لاوەکی دەژمێرێت، ئەم ڕوانگەیە بە نەرێنی ڕەنگ دەداتەوە لەسەر سیاسەتەکانی دامەزراوە ڕاگەیاندنەکان و دەبێتە هۆی لەناوچوونی مافی ژنان لە وەرگرتنی موچەدا.

جیاکاری تەنها لەسەر موچە کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ دامەزراندن، دڵنیایی تەندروستی، ئاسایشی پیشەیی، لە ڕاستیی ئەزموونی مندا لە ئێران، ڕێکارەکانی دڵنیاییکردنی ڕۆژنامەنوسانی پیاو بە شێوەیەکی خێراتر بەڕێوەدەچوون، لە کاتێکدا ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبوونەوە بۆ بەدەستهێنانی هەمان ماف.

چۆن هەڵسەنگاندن دەکەیت بۆ ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنوسانی ژن دەبنەوە لە کاتی ڕووماڵکردنی کێشەکانی ژنان، منداڵان و ژینگەدا، جیاوازییەکانی ئەم ڕێگرییانە لە نێوان هەردوو ئەزموونت لە ناوەوەی ئێران و دەرەوەیدا چیین؟
ڕۆژنامەنوسانی ژن بە وردەکاری، چڕی و هەستیاریی بەرزترەوە بەدواداوچوون بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کاری منداڵان و قەیرانە ژینگەیییەکان دەکەن، ئەم دۆسیانە دەخەنە ناو گفتوگۆی گشتییەوە لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ڕەگ و لێکەوتەکانیان، لە بڕوای مندا، ئەم پشکنینە وردەیە ئەوەیە کە لە زۆربەی کاتەکاندا نیگەرانیی دەسەڵات دەجووڵێنێت، بۆیە ئەم ڕاپۆرتانە لە ئێراندا بەردەوام ڕووبەڕووی چاودێری و قەدەغەکردن بوونەتەوە.

سەرەڕای لێهاتوویییان، بەڕێوەبەرانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن هەندێک جار ویستیان هەیە بەرەو پێدانی یەکەمایەتی بە پیاوان لە ڕووماڵکردنی بابەت و ناوچە جیاوازەکاندا، لە کاتێکدا ژنان لە زۆربەی کاتەکاندا ڕاپۆرتی قووڵتر پێشکەش دەکەن.

ئەم جیاکارییە دزە دەکاتە ناو ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیشەوە، کاتێک هەندێک جار ژنان هەڵدەبژێردرێن بۆ ڕۆڵی ڕووکەش یان وەک بەرهەیەک، لە کاتێکدا ئەرکە مەیدانییەکان و گەشتە هەواڵییەکان کە دەرفەتی پیشەییی باشتر و داهاتی دارایی بەرزتر دابین دەکەن، لە زۆربەی کاتدا بە پیاوان دەسپێردرێن.

ئەم ڕێبازە پشتبەستووە بە قالبە باوە ئامادەکراوەکانی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن پیاوان توانای زیاتریان هەیە لە ڕووماڵکردنی مەیدانیدا، کە ئەمەش دابەشکارییەکی نادادپەروەرانەیە دەرفەتە پیشەیییەکانی بەردەم ڕۆژنامەنوسانی ژن کەمدەکاتەوە و سنوورداریان دەکات لە گەشەکردنیاندا.

 

سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی کەسانی ناپیشەیی بۆ ناو ڕۆژنامەگەری، چۆن بەهێزکردنی ئەوانەی پەیوەستن بە ڕەوتە سیاسییەکانەوە، بە پشت بەستن بە ئەزموونی ئێوە، چۆن مەترسی لەسەر سەربەخۆیی پیشەیی و هەلی کاری ڕۆژنامەنووسانی پەنابەر و پەراوێزخراو لە دەرەوەی وڵات دروست دەکات؟

بە باوەڕی من، ئەم بابەتە پێویستی بە سەرنج و قووڵبوونەوەیەکی زۆر هەیە، ژنانی ڕۆژنامەنووس کە پابەندن بە حیزبە سیاسییەکانەوە، هەندێک جار لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دوور دەخرێنەوە تەنها لەبەر ئەو پابەندبوونە، دەرفەتی پیشەیی کەمتر دەدۆزنەوە، لە ئەنجامدا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسە پیشەگەرەکان پەراوێز دەکەون و لە پشتگیری پێویست بێبەش دەبن، ئەو هەڵمەتانەی کە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبن زۆرجار پانتایی بینین و بڵاوبوونەوەی زیاتریان دەستدەکەوێت بەراورد بە ئەوانەی کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن.

 

سەرەڕای ئەوەش، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" خاڵێکی وەرچەرخانی بەرچاو بوو لە دەرخستنی ئامادەیی ژنی ئێرانی، ئەم شپڕشە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد، دەنگی ژنانی گەیاندە جیهان، بەڵکو تەنانەت هەندێک لە حیزبی ناچار کرد کە بەڕێوەبەرە پیاوەکانیان بگۆڕن و ژنان لە جێگەیان دابنێن.

 

خاڵێکی گرنگی تریش ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسان هەمیشە نووسیویانە لەسەر زندانیان، پەنابەران، کرێکاران، منداڵان و دەنگ بوون بۆیان، بەڵام کاتێک خۆیان ڕووبەڕووی جیاکاری و سنوردارکردن دەبنەوە، دەگمەنە کەسێک گوێی لە دەنگیان بێت، ئێمە بە پێنوس و ڕاگەیاندنەکانمان ڕووناکی دەخەینە سەر کێشەکانی کۆمەڵگە، بەڵام کاتێک نۆرەی کێشەکانی خۆمان دێت، ئەو ڕووناکییە بەرەو ئێمە هەڵناگەڕێتەوە.

 

پشتیوانیکردنی ڕۆژنامەنووسان، هەم لەلایەن ڕاگەیاندنەکان و هەم لەلایەن کۆمەڵگەوە بێجگە لەوەی پێویستە، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر و ڕوونتر، ئەو کۆمەڵگەیەی کە دەنگی ڕۆژنامەنووسەکانی بێدەنگ دەکات و تیایدا لە قسەکردن بە ئازادی بێبەش دەبن، زیاتر ڕووبەڕووی گەندەڵی، جیاکاری و نادادپەروەری دەبێتەوە.

 

هەروەها پێویستە دامودەزگا دادوەرییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام ئەوە ڕاگەیاندنە کە دەسەڵاتی چاودێریکردنی کرداری کارکردنیان هەیە و ڕای گشتی لە بڕیارەکانی وەک سزای لەسێدارەدان ئاگادار بکاتەوە، لێرەدا ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆشنگەری ڕای گشتیدا گرنگییەکی زۆری هەیە