لە دژی ڕۆڵی بەرچاویان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا ڕژێمی ئێران ژن و گەنج لەسێدارە دەدات
شەپۆلی کوشتن و سەرکوتکردن لە زیندانەکانی ئێران بەردەوامەو ژنان، گەنجان، چالاکوانی سیاسی و مەدەنی ڕۆژانە بە بیانووی زەق ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە. ئەم سزایە نادادپەروەرییەکی پێکهاتەیی لە یاسا و کۆمەڵگەدا ئاشکرا دەکات.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ- بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردۆتەوە، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی لەسێدارەدان بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی لە ٩٦% زیادی کردووە. لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٢٦١ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ٥١١ کەس لەسێدارە دراون.
سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی لەسێدارەدان لە ئێران، شوعلە پاکروان، دایکی ڕیحانە جبوری، وتی: چالاکوانی مەدەنی و سیاسی پشتڕاستی دەکەنەوە کە ڕژێمی ئێران لە سێدارەدان وەک ئامرازی سەرکوتکردن، تەنانەت بۆ تاوانە باوەکان و تاوانەکانی مادەی هۆشبەر کەڵک وەردەگرێت. کاتێک هەواڵی لەسێدارەدان لە ئێران بڵاودەبێتەوە، ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاوڵاتیاندا دەچێنێت.
ئاماژەی بە پشتیوانی خێزانی ئەو زیندانیانە کرد کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. "هاوڵاتیان زیاتر ئاگاداری لەسێدارەدانن وەک لە دە ساڵ لەمەوبەر. هەندێک دەچوون بۆ سەیرکردنی لەسێدارەدانەکان لەبەردەم هاوڵاتیاندا، پشتگیریان لە لەسێدارەدانی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دەکرد. بەڵام ئێستا، هەمان ئەم کەسانە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە نایانەوێت هیچ هەواڵێکی زیاتر سەبارەت بەم لەسێدارەدانانە هەبێت. بۆیە، پێموایە بۆچوونی هاوڵاتیان لەسەر لەسێدارەدانەکان گۆڕاوە."
ئەو شێوازانەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ شەرعیەتدان بە لەسێدارەدان بەکاریان دەهێنن
سەبارەت بە شێوازەکانی حکومەت بۆ شەرعیەتدان بە لەسێدارەدان، ڕوونیکردەوە کە ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی کۆمێنت یان پۆست لە سۆشیال میدیا هەوڵ دەدات گومان لە مێشکی هاوڵاتیاندا بچێنێت، بۆ نموونە بە پرسیارکردن "دەتوانن باسی تاوانەکەی و چی کردوومە بۆم باس بکەن؟" بەڵام تادێت هاوڵاتیان ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم کارانە دەردەبڕن، بەتایبەتی کاتێک سێ ژن دەبینن، یەکێکیان توێژەری کۆمەڵایەتی، یەکێکی دیکەیان چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکێکی دیکەیان کە دژی داعش کاریان کردووە، کە کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی لە دژی دەرکردووە.
جەختی لەوە کردەوە کە "خەبات دژی سزای لەسێدارەدان، کە تا ئێستا لە لایەن چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەڕێوەدەچێت، لەسەر ڕێگایەکی باشدایە، هەرچەندە بەردەوام پێویستمان بە فراوانکردنی پانتاییەکەی هەیە. جگە لەوەش، دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدان بوو، گۆڕینی خوێندنگەیەک، کە بڕیار بوو ببێتە شوێنی پەروەردەی خوێندکاران و ئایندەی ئەم وڵاتە، بۆ شوێنی لەسێدارەدان".
گرنگی پێشخستنی کامپەینی "سێشەممان نا بۆ لەسێدارەدان"
ئەو ژنە هەستی زیندانییەکی دەربڕی کە هاوزیندانییەکی لەسێدارەدراوە، وتی: با خۆمان بخەینە شوێنی کەسێک لە زیندان لەگەڵ کۆمەڵێک کەس. کەسێک کە مێزێک لەگەڵیدا هاوبەش دەکەیت، کەسێک کە ڕۆژانە دەیبینیت، کەسێک کە ٢٤ کاتژمێر لەگەڵیدا لەژێر سەقفێکدا بەسەر دەبەیت. لەناکاو، دەیبەن، ڕۆژی چوارشەممە دەڵێن کە لەسێدارەدراوە،ئەمە مانگێک یان ساڵی جارێک ڕوونادات، هەموو هەفتەیەک، بە ژمارەیەکی زۆر ڕوودەدات. وەک دەبینین ئێران زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە. هەر بۆیە زیندانییەکان هەڵمەتی "سێشەممان نا بۆ لەسێدارەدان"یان دەستپێکرد، وتیان: ئێمە بێزار بووین لە بیستنی هەواڵی مردن و لەسێدارەدان. ئێمە بێزار بووین لە ژیان لەگەڵ ئەم ئازارەدا. ئەم هەڵمەتە کە چەند هەفتەیەکە بەردەوامە، پشتیوانییەکی زۆری لەلایەن زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی دیکەوە وەرگرتووە.
سەبارەت بە ئەزموونی لەسێدارەدانی کەسێکی ئازیزەکەی، وتی: ئێمە و کەسوکاری ئەو کەسانەی ئازیزانیان لەدەستداوە بەهۆی لەسێدارەدان، قووڵایی ئەو ئازارە دەزانین کە ئەم برینە لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە، ئەوان ئاواتەخوازن تەنانەت لەسەر دوژمنەکانیشیان نەبێت، بۆیە هەموو هەوڵێکیان دەدەن کە ئەو کەسانە ئاگادار بکەنەوە کە تەنها لە دوورەوە بیستوویانە لە قووڵایی برینەکانیان.
سەبارەت بە هۆکاری بەئامانجگرتنی ژنان و گەنجان بە لەسێدارەدان، ڕوونیکردەوە، "کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست ژنان و گەنجان دەکاتە ئامانج، چونکە ئەوانەن کە بەربەستەکانی ترس دەشکێنن و هیوا و ئیرادە بە هاوڵاتیان دەبەخشن. بۆ نموونە ژنێک لە زینداندا گۆڤارێکی بە ناوی "بامداد بيدار" دامەزراندووە، کە پەیام دەنێرێت و پاڵپشتی لە مانگرتن دەکات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو ژنانە بەشێکی هۆشیارانەی کۆمەڵگەن. لەوەش زیاتر. هەرزەکاران و گەنجانی دەرەوەی زیندان ئاگادارن، باوەڕیان بەو بیروباوەڕانە نییە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چل ساڵە پەرەی پێدەدات، ئەم هۆشیارییە دەگەیەننە کۆمەڵگە”.
خەباتی ژنان لە دژی تاوانەکانی مرۆڤایەتی
شوعلە پاکروان جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگکردنیان، زیندانیانی ژن و پیاو لە دەرەوەی دیوارەکانی زیندان بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ گەورەکردنی دەنگی خۆیان وتی: کاتێک هەر ناڕەزایەتییەک دەست پێدەکات، یەکەم کار کە ڕژێمی ئێران دەیکات، داخستنی ئینتەرنێتە بۆ ئەوەی تاوانەکانی لەلایەن جیهانەوە نەبیسترێت".
سەبارەت بە خەباتی ژنان وتی: ژنان خەبات دەکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە تاوانبار نین بەڵکو مرۆڤن، هەروەها کەس مافی ئەوەی نییە بە هیچ هۆکارێک بیانکوژێت. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی درکی پێکردووە کە دوژمنێکی بەهێزی هەیە، هەر بۆیە دەیەوێت لە ڕێگای سزای لەسێدارەدانەوە بنبڕیان بکات، من ئاگاداری جەمشید شارمەهد، ئەندازیاری ئێرانی-ئەڵمانی بووم کاتێک لە زیندان بوو، کچەکەی و چالاکوانانی دژە سزای لەسێدارەدان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبونەوە، هەوڵیاندا ڕازی بکەن و دەسەڵاتەکەی بەکاربهێنێت، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر. حکومەتەکان چاویان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و هاوبەشە بازرگانییەکانیان فراوانتر دەکەن. وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا و چین چاویان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، بازاڕی نوێ بۆ کاڵاکانیان دەدۆزنەوە. بۆیە هاوسۆزی ئێمە نین و تەنانەت هاوسۆزی گەلی خۆیانیشیان نییە. ئەوان تەنها بەدوای دەسەڵاتی زیاتردا دەگەڕێن”.
لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: بەو هۆیەوە کاتێک جەمشید شارمەهد لە سێدارە درا، وەزیری دەرەوە خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد، مزگەوت و ناوەندەکانی بەڕێوەبردن لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە ئەڵمانیا داخست. بەڵام چەند مانگێک دوای لەسێدارەدانی جەمشید شەرمەد، تەرمەکەی گەیشتە ئەڵمانیا، پزیشکی دادی ئەڵمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، باس لەوەش کراوە کە تەرمی جەمشید شارمەهد ئەندامەکانی وەک دڵ و زمانی نەماوە. ئەم ئەندامانە دەرهێنران بۆ ئەوەی ڕوون نەبێتەوە کە ئایا لە سێدارە دراوە یان بە هۆکارێکی تر مردووە. سەیر لەوەدایە، دوای پرسەکە، ئەو مزگەوت و کونسوڵخانانەی کە داخرابوون، کرانەوە. ئەمەش بێ هیوای کردین. ئێمە چیتر ڕوومان لە حکومەت و سیاسەتمەداران نەکرد بۆ یارمەتی، بەڵکو تەنها پشتمان بە خۆمان بەست، ئازارەکانمان لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکەدا دابەش دەکرد.
لە کۆتایی قسەکانیدا، شوعلە پاکروان پەیامێکی ئاراستەی ئەو بنەماڵانە کرد کە لە وەرگرتنی سزای منداڵەکانیان دواکەوتوون، وتی: بە سیستمی حکومڕانی ئێران کە سیستمێکی یەکگرتووی تێدا نییە، مەخەڵەتێنن. هەر کە دادگا کۆبووەوە، یەکەم سزای لەسێدارەدان دەرچوو، لەسەر منداڵەکانتان قسە بکەن. با کۆمەڵگە بە بێ ئاگا نەمێنێتەوە لە منداڵەکانتان. تەنانەت بەو پارێزەرانەش مەخەڵەتێنن کە هیواتان پێدەبەخشن. هەر کە دادگا سزای لە سێدارەدانی منداڵەکانتان ڕاگەیاند ڤیدیۆکان بڵاو بکەنەوە. بێدەنگ مەبەن. منداڵەکانتان دەکوژن، ئێوەش خەمبار دەبن و هەرگیز لەخۆتان خۆش نابن لە بێدەنگیتان.