فۆزا یوسف: ئێمە هەوڵ دەدەین لەسەر بنەمای ئیرادەی هەردوولا یەکگرتووی دیموکراتیک بەدیبهێنین نەک یەکگرتنی زۆرەملێ

فۆزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی دانوستانکاری خۆبەڕێوبەری ئاشکرایکرد، کە گۆڕانی حکومەتی کاتی سووریا لە سەرنجی گفتوگۆکاندا، کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرئەنجامی ئەو پرسانەیە کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، و بە وریاییەوە گەشبینن بە گەیشتن بە ڕێککەوتن.

حەسەکە

 

 فۆزا یوسف، جەختی لەوە کردەوە، کە خۆبەڕێوبەری ئیرادەی سیاسی هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، هەروەها توخمەکانی سەرکەوتنی دانوستانەکان زۆرن، کە هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەکانی ئێستا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک مەرجێک بۆ یەکگرتن جێگەی قبوڵکردن نییە، هەروەها پرسی مافەکانی ژنان لە پێشینەی کارەکانە، پێویستی یەکگرتوویی ژنانی سووریای دووپاتکردەوە، بەو پێیەی  و ستراتیژییە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەی سووریا کە دوور بێت لە بیرۆکەی کۆنەپەرستانە.

 

سەنا عەلی، سەرنووسەری ئاژانسەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی پەیەدە و هاوسەرۆکی لیژنەی دانوستان بۆ خۆبەڕێوبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا ئەنجامدا، چاوپێکەوتنەکە تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی دانوستانەکان و مافەکانی ژنان و شێوازەکانی یەکگرتن، ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

 

چەند مانگێک بەسەر ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئاداردا تێپەڕیوە و زۆرێک لە پرسەکان لەگەڵ حکومەتی کاتی ڕێکنەکەوتوون، دوو مانگ ماوە تا کۆتایی ساڵ و لە مادەی هەشتەمدا هاتووە کە "لیژنە جێبەجێکارەکان کاردەکەن و هەوڵبدەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە کۆتایی ساڵی ئێستا درەنگتر نەبێت"، دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی کاتی لە چ دۆخێکدا بووە؟

 

دوایین دیدارمان لەگەڵ شاندی دیمەشق باس لە پێکهاتە و ئیدارەی پارێزگاکان کرا، لە حەلەب کۆبووینەوە و لەگەڵ پارێزگارەکانی دیمەشق و حەلەب و حومس باسمان لە هەیکەلی ئیداری کرد، جگە لەوەش شاندی سەربازیمان و شاندی ئاسایشی ناوخۆ باسیان لە چۆنیەتی تێکەڵکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لەگەڵ حکومەتی کاتی کرد.

 

لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵمان داوە پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکاندا بەدەست بهێنین، بەڵام چەندین هۆکار ڕێگرییان لە ئامانجەکەمان کردووە، هەموو قۆناغێک، گفتوگۆکانی دژی ئەو هەوڵانە دەخرێنەڕوو، بەڵام بابەتە ئەمنییەکان و سەربازییەکان لە پێشەنگی گفتوگۆکەدان، لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا دیمەشق پرسێک یان بابەتێکی نوێ دەوروژێنێت، بە واتایەکی تر، بابەتەکانی گفتوگۆ لەگەڵ هەر کۆبوونەوەیەکدا دەگۆڕدرێن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گەیشتن بە ئەنجامێک لەسەر بابەتێک دەبێت و دەبێتە هۆی گواستنەوە بۆ بابەتێکی دیکە بەبێ گەیشتن بە دەرئەنجامی خوازراو.

 

لێژنەی دانوستانکاری سەربازی و ئەمنی و لیژنەیەکی دانوستانکاری کوردی و لیژنەیەکی دانوستان بەناوی خۆبەڕێوبەریەوە هەیە، چۆن کۆردیناسیۆن لە نێوان ئەم لیژنانەدا بەدەست دێت؟ ئایا فرەی لیژنەکان بە دابەشکردنی کار دادەنرێت یان هەوڵێکی تەواوکەر بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام؟

لە کاتی پێکهێنانی لیژنەی دانوستان لە سەرەتاوە پلانی کارمان داڕشت کە نوێنەرانی هەموو ڕەهەندەکان لەخۆ بگرێت، بۆ نموونە ئەگەر باسی بارودۆخی سەربازی بکرێت، لیژنەی سەربازی گفتوگۆ ئەم بابەتە دەکات، کە ئەمەش بۆ دۆخی ئیداریش دەگونجێت، هەروەها پرسی کوردیش دەگرێتەوە، وە فرەچەشنی لیژنەکان نوێنەرایەتی دابەشکردنی کار دەکات لە نێوانیاندا و بێگومان تەواوکەرییەک هەیە، کە لیژنەیەکی ناوەندی هەیە، لیژنە لاوەکییەکان باس لە ئەرکەکانی خۆیان دەکەن.

 

وەک ژنێک کە نەک تەنها بانگەشە بۆ پڕۆژەی خۆبەڕێوبەری بە پێشەنگایەتی ژنان دەکات، بەڵکو بۆ مافی هەموو ژنانیش داکۆکی دەکەیت، چۆن سەیری نەبوونی هیچ نوێنەرایەتییەکی ژن لە لیژنەی دانوستانکاری دیمەشق دەکەیت؟

لە کۆبوونەوەی یەکەم و دووەمدا کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، کە فەرەنسی و ئەمریکییەکان بەشدارییان تێدا کرد، ئەم خاڵە ڕەخنەی لێگیرا، لە دووەمین کۆبوونەوەی دیمەشقدا بەڕێز تۆم باراک، وتی: ئامۆژگاری لایەنی دیمەشق دەکەم کە ژنان بخەنە نێو شاندەکەیەوە، لە ڕاستیدا، دەبینین ڕۆڵی ژنان لە هەموو بوارەکاندا پەراوێز دەخرێت نەک تەنها لە دانوستانەکاندا، کاتێک حکومەتی کاتی پێکهێنرا، ژنان دوورخرانەوە.

 

ئامادەبوونێکی فەرمی هەیە بۆ ڕزگارکردنی ڕووخسار، چەند ژنێک دامەزراون بۆ ئەوەی نیشانی جیهان بدەن کە ژنان پەراوێز ناخەن، بەڵام ڕوونە کە ڕەفتارەکانیان تەنها هەڵخەڵەتاندنێکە بۆ خەڵک کە ژنانیش دەخرێنە نێو ئەم بابەتە، ئەمەش لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشەیە،هەروەها لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپیدا پێشکەوتن هەبووە، بەڵام لە سیاسەتدا قۆرخکارییەکی بەهێزی پیاوان هەیە، ئەم قۆرخکارییە بەهێزە، ڕۆڵی ژنانی بە ڕوونی پەراوێزخراوە.

 

تەنانەت لە کاتی گفتوگۆکەماندا سەبارەت بە سیستەمی قایمقامیەت زیاتر لە جارێک پرسیارم کرد کە ڕۆڵی ژنان چییە؟ وەڵامەکە ئەوە بوو کە لە چینی کرێکاردا ئەو ڕێژەیە لە سەرووی ٪٥٢وە، بەڵام لە ناوەندەکانی بڕیاردان، دەیانوت ئەو ڕێژەیە ٢٠% یان تەنانەت کەمترە، تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە کە لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، پارێزگار گلەی لەسەر ئەوە هەبوو کە لە کۆی ٣٢ کەس تەنها یەک ژن له پێگه ی بڕیاردایە، بێگومان ئەمە بۆ ژنان ترسناکە، کاتێک دۆخی ناوچەکانی خۆمان بەراورد دەکەین، جیاوازییەکی گەورە و بەرفراوان دەبینین لە نێوان بوونی ژنان لە خۆبەڕێوبەری و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتیدا.