دۆلفین و مرۆڤ؛ پەیوەندییەکی دۆستانەی هەمیشەیی

جیاواز لە هەموو ئاژەڵان، دۆلفین یەکێکە لەو ئاژەڵانەی مرۆڤ لە هێرشی ئاژەڵە ئاوییەکان دەپارێزێت و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مرۆڤدا هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆلفین، ئاژەڵێکی زیرەکی کۆمەڵایەتییە و سەر بە کۆمەڵەی نەهەنگەکانە، ددانی بچوکیان هەیە و زیاتر لە ٤٠ جۆریان هەیە، تەنها ٦ جۆریان بە نەهەنگ دادەنرێن و مەمکداری ئاوین، سوڕی ژیانیان لە ١٠-٦٠ ساڵە.

 

دۆلفینەکان جەستەیەکی خۆڕاگری کەوانەیی ڕیشەداریان هەیە بۆ هەناسەدان، چەند چینێکی چەوریان هەیە بۆ دابڕینی جەستەیان لە پلەی گەرمی، کلکیان هەیە کە لە کاتی مەلەکردندا بە ئاڕاستەی سەرەوە و خوارەوە دەیجوڵێنن هەر وەکو ئاڕستەی پێیەکانی مرۆڤ و جوڵەی کلکیان جیاوازە لە جوڵەی کلکی ماسییەکانی تر.

 

تایبەتمەندی دۆلفینەکان

دۆلفینەکان هەستی بۆنکردنی بەهێزیان نییە، چونکە کون و دەماری بۆنکردنیان نییە، لوتێکی درێژ و باریکیان هەیە هاوشێوەی ئەو باڵندانەی کە دەخوێنن، شەویلگەیان ژمارەیەکی زۆر ددانی قوچەکی تێدایە لە هەندێک جۆریاندا دەگاتە ١٣٠ ددان بۆ هەر شەویلگەیەک، بەناوبانگترین دۆلفینە شەویلگەدارەکان، دۆلفینی ئەتڵەسی پشت چەماوە، دۆلفینی لوت لولەیی، دۆلفینی خولخۆر و دۆلفینی توکۆکسین.

 

پەڕەکانی سنگی بەکاردەهێنێت بۆ ئاڕاستەکردن و گۆڕانکاری کردن لە خێراییەکەی لە کاتی مەلەکردندا، پەڕەکانی پشتەوەی بەکاردەهێنێت بۆ ئاڕاستەکردن و جێگیرکردنی جوڵەکەی لەناو ئاودا، گوێیەکی بچوکی کراوەیان هەیە، کە دەکەوێتە پشت چاوەکانییەوە و ناگەن بە گوێی ناوەڕاست، بەڵام دەنگەکان بەهۆی چەورییەکانی پشت شەویلگەی خوارەوەی و ئێسکەکانی کەلەی سەرییەوە دەبیستێت.

 

دۆلفینەکان لە زەریا و دەریا و ڕووبارەکاندا دەژین و هەندێکیان ژیانکردنیان لە کەناراوەکان لا پەسەندترە، زیاتر حەزیان لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەییە کە ئاو و هەواکەی مامناوەندە، تەنها یەک جۆری دۆلفین لە جەمسەرەکاندا دەژین، ئەویش دۆلفینی ئۆرکایە و بەوە ناسراوە بەرگەی سەرمای زۆر دەگرێت.

 

دۆلفینەکان چۆن گەشە دەکەن؟

دۆلفینەکان بە پێی جۆر و ڕەگەزیان کاتی پێگەیشتنیان جیاوازە، مێیەکانیان لە نێوان تەمەنی ٥ بۆ ١٣ ساڵیدا پێدەگەن، بەڵام نێرینەکانیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا پێدەگەن، ماوەی سکپڕی دۆلفینەکان ٩-١٧ مانگە، لە کاتی لەدایکبوونی بێچوەکانیان دایکەکان پاڵیان پێوەدەنەن بۆ سەر ڕووی ئاوەکە بە مەبستی هەناسەدان و بۆ ماوەی ٢ ساڵ شیری دایکیان دەخۆن، تا ٥ ساڵیش لەگەڵ دایکیان دەمێننەوە.

 

دۆلفینەکان بە ڕاوچی چالاک دادەنرێن و گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشن، بۆ خۆراکەکەیان پشت بە ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و مرەکەبەکان و توێکڵدارەکانی دەریا دەبەستن، لەبەر ئەوەی گەدەیان لە چەند بەشێک پێکهاتووە خۆراکێکی زۆر دەخۆن و هەرسی دەکەن، پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزیان هەیە و بە کۆمەڵ ڕاو دەکەن، لە کاتی ڕاوکردندا یەکێک لە دۆلفینە بەتەمەنەکان سەرپەرشتی جوڵەکەیان دەکات.

 

پەیوەندی دۆلفین و مرۆڤەکان هەمیشەییە

دۆلفین یەکێکە لەو ئاژەڵانەی مرۆڤ لە هێرشی ئاژەڵە ئاوییەکان دەپارێزێت و پەیوەندییەکی دۆستانەی باشی لەگەڵ مرۆڤدا هەیە، بۆ هەر ئەگەرێک و ئاگادار کردنەوەیەک دەنگ بەکاردەهێنن، چونکە خێرایی دەنگ لە ئاودا زیاترە وەک لە هەوادا، هەر دۆلفینێکیش دەنگێکی وەکو فیکەی تایبەت بە خۆی هەیە.

 

ڕاوکردنی دۆلفینەکان لەلایەن مرۆڤەکانەوە، کاتێک بۆ هەناسەدان دێنە سەر ڕووی ئاو، بە گەورەترین مەترسی دادەنرێت بۆ سەر ژیانیان، گۆڕینی کەشوهەوا مەترسییەکی ترە بۆ سەر ژیانیان و لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی نێچیرەکانیان کۆچ دەکەن بۆ قوڵایی ئاوەکە و ڕووبەڕووی کەمی خۆراک دەبنەوە.