گورگ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە و لە گروپەکەیان دانابڕێن

ئاژەڵەکان وەفایەکی جیاوازیان هەیە بۆ دایک و باوکیان، لە ناویشیاندا گورگەکان، هەرگیز دایک و باوکیان جێ ناهێڵن و لە کاتی گەورەبوونیشیاندا ڕاویان بۆ دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

گورگ، ئاژەڵێکی گۆشتخۆرە و هەستیار و کێوین، تەمەنیان دەگاتە ١٥ ساڵ و لە هەر شوێنێک بژین ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هاوسەنگکردنی سروشتەکەیان، شوێنی ژیانیشیان بیابان، ناوچە سەوزاییەکان، دارستانەکان و ناوچە ساردەکانە.

 

گورگەکان بۆ بەخێوکردنی بێچوەکانیان خۆیان لە ناوچەیەکی وشکانی نزیک دەکەنەوە و لە ناوچەیەکی لێژی ڕووە و باشوور شوێن خۆش دەکەن، چونکە بێچووەکانیان ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵەدا گەشت بکەن.

 

تایبەتمەندی گورگەکان

هەستی بۆنکردنیان ١٠٠ هێندەی مرۆڤ بەهێزترە و لە دووری دەیان کیلۆمەتر بۆنی خوێنی مرۆڤ دەکەن، ئاستی زیرەکیان گەشتووەتە ئاستی زیرەکی مرۆڤ و لە دووری یەک میلەوە دەتوانن نێچیرەکانیان ببینن، کاتێک بیانەوێت ئاژەڵێک ڕاو بکەن دەزانن کە خاوەن ئاژەڵەکە چەکی پێیە یان نا، لە ژیانیاندا یەک جار ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن، ئەو خاکەی لێشی نیشتەجێ دەبێت، پارێزگاری لێ دەکات و پیرۆزە لای.

 

دەتوانن ئاڕاستەی گوێیەکانیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەنگ لە هەموو لایەکەوە ببیستن، کێشی جەستەیان بە پێی جۆر و ئەو شوێنەی لێی دەژین دەگۆڕێت، بەگشتی کێشیان لە نێوان ٢٧-٤٦کگم دایە و ٤٢ ددانیان هەیە کە ٤یان کەڵبەن، فەرووەکەیان لە دوو چین پێکهاتووە و چینی سەرەوەی لە تەڕبوون دەیپارێزێت و چینی ژێرەوەی بە گەرمی دەیهێڵێتەوە.

 

کلکیان بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێنن، کە جێگە و بارودۆخی کلکیان ئاماژەیە بۆ بابەتێکی دیاریکراو، لە بەشی سەرەوەی پشت کلکیان ڕژێنی بۆنکردن هەیە، بە هۆیەوە بۆنی ناوچەکە دیاری دەکەن، قاچیان درێژە و یارمەتیان دەدات لە خێرا ڕاکردن، پەنجەکانی پێیان لە یەک دوورن بۆ ئەوەی توانای ڕاکردنی هەبێت بەسەر بەفردا.

 

پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی هەیە لە نێوان گورگەکاندا

گورگەکان ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتین و بە کۆمەڵ دەژین، زۆر جار کۆمەڵەیەک لە ٦-١٠ گورگ پێکدێت و هیچ شتێک ناتوانێت پەیوەندی گورگەکانی ئەو کۆمەڵەیە لەناو ببات، وەک بڵێی پەیوەندییەکی خوێنی لە نێوانیاندا هەیە، هەر گورگێک لە کۆمەڵەکە خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی و ئەرکی دیاریکراوی هەیە، یەک گورگ سەرکردایەتی کۆمەڵەکە دەکات کە پێی دەڵێن"ئەلفا" هەر ئەویش بڕیاری گەشتکردن و ڕاوکردن دەدات و لە کاتی ڕاوکردنی هەر نێچیرێکدا سەرەتا سەرکردەکە دەیخوات، لە هەر ڕاو کردنێکدا سەرکردەکەیان لە دواوە دەڕوات بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ هەر هێرشێکی چواردەور.

 

ماوەی دووگیانی گورگە مێیەکان ٦٣ ڕۆژە و لە هەر لە دایکبوونێکدا  ١تا ٦ بێچوو لە دایک دەبن، لە سێ هەفتەی سەرەتای تەمەنیان ڕۆژی ٤ بۆ  ٦ جار پێویستیان بە شیر پێدانە، زمانی جەستە باوترین ڕێگەی پەیوەندیکردنە لە نێونیاندا بۆ ژیانێکی گونجاو، گورگەکان لە ژیانیاندا هەرگیز دایک و باوکیان بەجێناهێڵن و دوای گەورەبوونیشیان ڕاویان بۆ دەکەن و خزمەتیان دەکەن.

 

دەنگ و جۆری گورگەکان

چەند دەنگێکی جیاواز هەیە گورگەکان بەکاریدەهێنن وەک، وەڕین بۆ ئاگادارکردنەوە و بانگکردنی گورگەکانی دیکە کاتێک لە مەترسیدان، لوورە بۆ کۆکردنەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵەکەیە، ناڵە دەنگێکی تایبەتە بە مێینەکانیان و بۆ دەربڕینی هەستی سۆزدارییە، نەڕە ئاماژەیە بۆ دوژمنایەتی گورگێک بەرامبەر بە دانەیەکی دیکە، لە کاتی خەوتنیان چاوێکیان دادەخەن و چاوەکەی دیکەیان بە کراوەیی دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی ئاگایان لە هەموو ڕووداوەکان بێت.

 

چەند جۆرێکی جیاواز لە گورگ هەیە، وەک گورگی سوور، گورگی ڕۆژهەڵاتی، گورگی خۆڵەمێشی مەکسیکی، لەناویاندا گورگی خۆڵەمێشی باوترینیانە و دوای مرۆڤ دووەم زۆرترین بوونەوەرن لەسەر زەوی، مێیەکانیشیان ساڵی یەکجار بێچوویان دەبێت.