تاڤگەی "ڕەزگە" لە ناوچەی ئالان لە شاری سەردەشت

سەردەشت- لەسەر ڕێگای شاری سەردەشت و نزیک گوندی "ڕەزگە"، کە دەبێتە ناوچەی ئالان، تاڤگەیەکی سروشتی هەڵکەوتووە و یەکێکە لە ناوچە دڵڕفێنەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، تاڤگەکە بە ناوی گوندەکەوە ناوی تاڤگەی "ڕەزگە"یە و بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش، کە سەرەڕای سەختی ڕێگاکە و نەبوونی پێداویستی، بەڵام تاڤگەکە ناوبانگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرکردووە.

 

لەسەر ڕێگای تاڤگەکە کۆمەڵێک گوندی جوانی شاری سەردەشت هەن، لەوانە "بیتوش"، "ئەشکان"، "هەرزەنە"، "مەزن ئاوی"، "بیژۆی" و "ڕەزگە"، کە ناوچەی ئالانیان پێکهێناوە، بەهۆی جوانییە تایبەتەکەی ڕەزگە و ناوچەکە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار ڕووی تێدەکات، هەروەها جگە لە تاڤگەی "ڕەزگە"، تاڤگەی تریش لە بەشە بەرزەکەیدا هەیە، بەڵام بەهۆی بەرزی و سەختی گەیشتن پێیان کەم کەس پێی دەگەن و ئەو دەرفەتە تەنها بۆ شاخەوانەکانە.