ژیانی پێکەوەیی بە ژنان دێتە دی

مهرەجانی ڕەنجی ژنی بەرهەمهێن کە لەلایەن شارەوانییەکانی پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلانـەوە ڕێکخرابوو، ڕووبەڕووی پێشوازییەکی گەورە بووەوە، لەو ستاندانەی کە داڕێژرابوون ژنان دەرفەتیان دەستکەوت کە ئەو بەرهەمانەی خۆیان بەرهەمیان هێناوە نیشانی بدەن.

مێمیهان هیلبین زەیدان

وان – مهرەجانی ڕەنجی ژنی بەرهەمهێن کە سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەلایەن پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلان لە مەیدانی شار لە نێوان ١٢-١٤ی حوزەیراندا ڕێکخرا.

لە وان لەو ستاندانەی لە مەیدانی شاردا داڕێژرابوون، ژنان دەرفەتیان دەستکەوت ئەو بەرهەمانەی بە دەستی خۆیان بەرهەمیان هێناوە نیشانی بدەن، لە لایەکیشەوە داهات بەدەست دەهێنن. لە ستاندەکاندا ژنان سەرین، ئێکسسوارات و فستان تاقمی ڕازاوەیان کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردبوو، فرۆشت .

 

لە چوارچێوەی مهرەجانەکەدا چەندین چالاکی بەڕێوەچوون.

لە مهرەجانەکەدا کۆمەڵەی هەرەوەزیی ژنانی ئەڤینیش جێگەی خۆی گرتبوو. لە ستاندی کۆمەڵەی هەرەوەزیی ژنانی ئەڤیندا، زۆرێک لەو بەرهەمانەی لەلایەن ژنانەوە دروستکرابوون نمایشکران، لە پاڵ ئەوەشدا ئەو خۆراکانەی لەلایەن ژنانەوە ئامادەکرابوون پێشکەشکران.

 

ڕەنجی ژنان نابینرێت

پەری کاڤاڵ کە لە ستاندی کۆمەڵەی ئەڤیندا ئەو خۆراکانەی لێنابوونی دەفرۆشت، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە چالاکییەک بۆ ڕەنجی ژنان ڕێکخراوە و وتی: ژنان پێشتر شایەتی مهرەجانێکی لەم شێوەیە نەبوون. بە گشتی ڕەنجی ژنان نابینرێت و بەو هۆیەوە ڕێکخستنی مهرەجانێکی لەم شێوەیە لە لایەن ئێمەوە زۆر باش بوو. لەم شوێنەدا ئێمە لەگەڵ هەموو ژناندا ڕەنجی خۆمان نیشان دەدەین. بینیمان کە لە نێوان ژناندا ژیانی پێکەوەیی دەتوانرێت بهێنرێتە دی.

 

پەری کاڤاڵ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کابان و کارەکەری ماڵەوەیە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: بۆنەی ئەم مهرەجانەوە، کەمێکیش بێت بۆ ئابووری ماڵەوە بەسوود بوو. پێویستە هەر ژنێک لەسەر پێی خۆی بوەستێت، چونکە ڕەنجی ئەو لە ماڵەوە لە نێوان چوار دیواردا نابینرێت، بەڵام لەم شوێنەدا چانسمان دەستکەوت کە ڕەنجی خۆمان نیشان بدەین. ئەمەش متمانەمان بە خۆمان زیاتر دەکات. من چاوەڕێم بچمەوە ماڵەوە تا ئەو بەرهەمانەم کە تەواو بوون دووبارە دروستیان بکەمەوە. لەم شوێنەدا لەگەڵ ژناندا ئێمە ژیانی کۆمۆناڵ دەخەینە ڕوو.

 

پەری کاڤاڵ ئاشکرای کرد کە دوو ساڵە لە کۆمەڵەی هەرەوەزیی ژنانی ئەڤیندا کار دەکات، سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ئەو بەرهەمانەی لەگەڵ ژناندا دروستی دەکەن و وتی: ئێمە شتی وەک ڕشتە شۆربای هەویر، نانی تەنک، یاپراخ، مانتی دروست دەکەین. ئێمە لەگەڵ ژناندا دروستی دەکەین. ئێمە زۆر ژن هان دەدەین کە لە ژێر چەتری کۆمەڵەی هەرەوەزیدا کار بکەن. کەمێکیش بێت بەو پارەیەی کە قازانجت کردووە بچیتەوە ماڵەوە، مرۆڤ هەست بە باشی دەکات.

پەری کاڤاڵ لە کۆتاییدا وتی: من داوا لە هەموو ژنان دەکەم بە بەرهەمی ڕەنجی خۆیان بەشداری بکەن. ئەگەر ژنان بیانهەوێت، هیچ شتێک نییە کە نەتوانن بایکەن.

 

ئەگەر پاڵپشتی بکرێت، ژنی زیاتر لە بەرهەمهێناندا جێگەی خۆیان دەگرن

مەولوودە ئۆڵمەزی تەمەن ٤٠ ساڵ کە لە ستاندی کۆمەڵەی هەرەوەزیی ژنانی ئەڤیندا ئەو ڕشتانەی دروستی کردبوون دەفرۆشت، بەم شێوەیە دوا: ئێمە ئەو بەرهەمانەی دروستمان کردوون لە ژێر چەتری کۆمەڵەی هەرەوەزیدا دەفرۆشین و هەوڵ دەدەین بژێوی ماڵەکەمان دابین بکەین. ئەگەر پاڵپشتی پێویست بکرێت، ژنانی زیاتر لە بەرهەمهێناندا جێگەی خۆیان دەگرن. پێویستە هەموو ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن. ژنان لە زۆر ڕووەوە دەکرێنە قوربانی و ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لەمە بکرێت پێویستە پاڵپشتی بکرێن.

 

مەولوودە ئۆڵمەز ڕایگەیاند کە کارکردن بۆ دەروونی ژنان زۆر باشە و دیاریکرد کە لە ستاندەکەدا ڕشتە، مانتی و کوتلە دەفرۆشێت و وتی: لە جیاتی ئەوەی لە ماڵەوە لە نێوان چوار دیواردا بەند بیت، کارکردن و بەرهەمهێنان لەگەڵ ژناندا زۆر باشترە.

مەولوودە ئۆڵمەز ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ژنان لە بەرهەمهێناندا جێگەی خۆیان بگرن و کۆمەڵە هەرەوەزییەکانی ژنان پاڵپشتی بکرێن و وتی: “ژنان لە ماڵەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، دەکرێنە قوربانی. ژنان بە تەنیا جێدەهێڵرێن. ئەگەر کۆمەڵە هەرەوەزییەکان پاڵپشتی بکرێن و گەورە بکرێن، زۆر ژنی دیکە بەشداری دەکەن، لەگەڵ زۆر ژندا پێکەوە بەرهەمهێنان دەهێنرێتە کایەوە.