گوندی هەرمۆتە؛ لانکەی پێکەوەژیان و خاکی بەپیت و قەڵای کاری ژنان

هەرمۆتە بەزەیتونى جۆرى باش ناسراوە، بەیەکەم شوێنى بەرهەمهێنانى زەیتون دادەنرێت لە باشووری کوردستان، لەکۆنەوە خەڵکى شارەکانی عێر اق لەو گوندە زەیتونیان بردووەو بازرگانەکانیان زەیتونیان تا وڵاتى کوێت بردووە، ئامادەکردنی ئەم زەیتوونانەش لەسەر دەستی ژنانە.

شڵێر کۆیی

 

کۆیە-گوندى هەرمۆتە دەکەوێتە ڕۆژئاواى شارۆچکەی کۆیە زۆربەى دانیشتووانى کریستیانن و هەندێک ماڵى مسوڵمانیش لەوێ دەژین، گوندی هەرمۆتە وەک تابلۆیەکی ڕەنگین و پرشنگدار لە پێکەوەژیان، مێژوو و رەسەنایەتی خۆی دەبینێت. ئەم گوندە نەک تەنها بە سروشتە جوان و خاکە بەپیتەکەی ناسراوە، بەڵکو لانکەی مرۆڤی تێکۆشەر، دەستڕەنگین و ماندوونەناسە. هەرمۆتە هەمیشە بەوە ناوبانگی هەبووە کە خەڵکەکەی، بەتایبەت ژنە ئازاکانی، بە ئارەقەی نێوچەوانى خۆیان و بازوویان  ژیانى خۆیان دابین کردووە،  لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا پارێزگارییان لە ڕەسەنایەتی، کەلەپوور و پیشەدەستییەکانیان کردووە. لە بەرهەمە کشتوکاڵییە بەناوبانگەکانی وەک  زەیتوونی ڕەسەنی هەرمۆتەوە بگرە، تا دەگاتە بەرجەستەکردنی ڕۆحی کاری هەرەوەزی و کۆڵنەدان، ئەم گوندە بووەتە نموونەیەکی باڵای خۆڕاگری و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.

 

"ماندووم بەڵام چاومان لەدەستی کەس نییە"

ڕێزان مەرقۆس عەودیش قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ساڵانە من کارى زەیتون خۆشکردن دەکەم لەوەرزى پایز لە ١٥ى مانگى ئەیلوول تا ١ی تشرینی یەکەم دەست بەکارى زەیتون لێکردنەوە دەکرێت، من خۆم زەیتونم نیە لە جوتیارەکانى هەرمۆتە دەکڕم وخۆشى دەکەم ساڵانە نزیکەى پێنج تەن زەیتون خۆشدەکەم، پاشان ساغى دەکەمەوەو کریارەکانم زۆربەى لەهەولێرن دێن دەیبەم هەندێ جار بە گەیاندن دەىنێرم، ئێمە تا ساڵى ٢٠٠٧ لە بەغدا بوین دواى تێکچونى بارودۆخەکە ئاوارەبون هاتینەوە گوندەکەمان لە شارى کۆیە هیچ کارمان نەبو من هەوڵدا دامەزرێم بەلام دامەزراندن نەبوو، بۆیە دەستم کرد بەنان کردن وسەروپێ چاکردن و زەیتون خۆشکردن ووردە ووردە کارەکەم برەو پێدا ئیستا سەروپێ چاکدەکەم لەگەڵ زەیتون خۆشکردن بەو دوو ئیشە بژێوى ماڵەکەم دابین کردووە راستە هیلاکم زۆر، بەڵام چاومان لەدەستى کەس نییە.

 

چەند جۆر زەیتون هەیە و زەیتون چۆن خۆشدەکرێت؟

ڕێزان مەرقۆس عەودیش وتى: دوو جۆرزەیتونمان هەیە (خڕ و حۆلە) خڕەکەى ناوکى بچوکە گۆشتى زۆرەو زۆرجار بەبەرد دەىکوتین، زۆربەتامە بۆخۆمان ئەوانە دەخۆین، حۆلەکە کە دریژە وەک قەسپ , بۆ خۆشکردنەکەش  سەرەتا زەیتونەکە سێ رۆژ لەئاو دەکەین لەبەرهەتاوى دادەنێم و جیرانەکان وخزمان دێن پێکەوە قاش قاشى دەکەین بەهەرەوەزى، دواتر لەو ئاوەى دەردەکەین و جوان دەیشۆمەوە خۆمان بیرمان هەیە بە ئاوى بیرى دەىگرمەوە، پاشان هەمووى لە دەبەى گەورە دەکەم وخوێى تێدەکەم دەبێت خوێی گونجاو بێت نابێت کەم بێت و زۆریش نەبێت، دەبێت ئاوى بیر بەکاربێت چونکە ئاوى خواردنەوە کلۆرى تێدایە نابێت.

 

زەیتونى ڕێزان تا فەرەنسا رۆشتووە

زەیتون خواردنێکى تەندروستە بەپێى شارەزاىی خۆى ڕێزان مەرقۆس وتی: خواردنى زەیتون زۆرباشە بۆ تەندروستى بۆ پێست بۆ کۆرسترۆڵ بەتایبەت زەیتونى هەرمۆتە، من زۆر سروشتى دروستى دەکەم دەرمانى تێناکەم، زەیتونى من تا  فەرەنسا رۆشتووە وبردویانە، خاکى هەرمۆتە بەپیت وباشە نەک زەیتون هەموو بەرهەمەکانی بەتامن وخۆشن و هەر لەو زەیتونە زەیتونى رەش دروست دەکەین کە زۆربەسودە و زەیتى لێ دروست دەکەین و بۆ کەنیسەى دەبەن، ئێمەى کریستیانی بەکارىدەهێنین.

 

داوادەکەن کارگەیەکیان بۆبکرێتەوە

ژنانى هەرمۆتە داوادەکەن  کارگەى زەیتون هەبێت لەگوندەکەیان تا بتوان سودى لێببینن  ڕیزان زەیتون فرۆش وتى: ساڵى رابردوو وەزیرى کشتوکاڵ بەڵێنى پێداوین کە کارگەیەکمان بۆبکاتەوە،  تا ئیستا نەیان کردووە هیوادارین لەداهاتوو بۆمان بکەنەوە چونکە زۆرپێویستە.

 

  مریەم توتنى رنیەوەو مانگاى دۆشیوە

 مریەم شەممۆ گورگیسی، دانیشتووی گوندی هەرمۆتەیە هەروەها فەرمانبەری خانەنشینە وتى: من لەکۆیەو لەهەرمۆتە لەدایک بوم بەڵام دوایی چوینە بەغداو عەنکاوە، دوایی دووبارە گەڕاینەوەهەرمۆتە, سەبارەت بە بە کارى ژنانى هەرمۆتە ئێمە جاران  لێرە زەیتونمان کردووە، تووتنمان کردووە، مانگامان دۆشیوە هەمو ئیشەکمان دەکرد.

 

مریەم بەردەوام بەوە بەناوبانگە کە زەیتونى رەش دروست دەکات و وتی:  ئەو زەیتونەی ئێستا لێى ناکەیەنەوە هەتاکوو ئەو زەیتونە بەرو پشتی ڕەش دەبێت  و تەواو دەگات، ئەگەر ناوی ڕەش نەبێت خۆش نابێت ئەو زەیتونە. کە ناوی ڕەش بوو دەکەوێت، ئینجا کۆی دەکەینەوە و جوان و دەیشۆینەوە، دواتر خۆشى دەکەین لەناو بەفرگر هەڵیدەگرین جێ جێ، کەى ویستمان دەرىدێنین و ترشی و خەل وشت بە ئارەزووی خۆت شتى تێدەکەى.

 

"ژنى هەرمۆتە ناوبانگیان هەیە لە ئازایەتى وکارکردن "

 سەبارەت بەئازایەتى ژنانى هەرمۆتە مریەم شەمۆ وتى: ژنانی هەرمۆتە جاران  هەموو کارى کشتوکاڵ وماڵیان کردووە خۆیان بژێوى ماڵ و منداڵیان پەیدا کردووە، هەتا دەگاتە گوندى تۆپزاوە زەویەکانمان هەموو تووتن بوو، کاتژمێر ١٢ی شەوە دەڕۆیشتین چاومان بە خەو بوو گەڵامان لێدەکردەوە تا نۆى بەیانى ئینجا دەهاتینەوە داومان لێدەدا،  ئیوارانیش دەمانبردە چوارداغى (ئەوشوێنەى توتنەکەى پێدادەکەن تا وشک بێتەوە)  ژنى هەرمۆتە ناوبانگیان هەیە لە ئازایەتى وکارکردن، ئەمرۆش لێرە کۆبووینەتەوە وەک هەموو ساڵێک بۆهاوکارى ڕێزان خان وزەیتون ئامادە دەکەین، کارى هەرەوەزى لە کۆنەوە هەیە لەناومان ئەمرۆ کەهاتین ئیشەکەش دەکەین وقسەى خۆش دەکەین و عەسرە چایەک دەخۆین بەم شێوە کارەکە زووتر تەواو دەبێت.