ژنان لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆر دەست بە کرێکاری دەکەن
هەر بەیانییەک، پێش ئەوەی خۆر تەواو هەڵبێت، ژنانێک بە ئارامی ماڵەکانیان جێدەهێڵن، لە دەستدا نانێکی سادە، لە دڵدا هیواو لە شاندا ماندووبوونی ڕۆژێکی درێژ، ئامانجیان گەیشتنە سەر کێڵگەکانی پەتاتەیە، ئەو شوێنانەی کە ژیانی خێزانەکانیان بە دەستی خۆیان پاراستووە.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-لە ژێر گەرمای خۆر، بە دەستەکانیان خاک دەکەنەوە و پەتاتە هەڵدەکەن، ئەو کارە تەنها کرێکارییەک نییە؛ چیرۆکی ڕەنج، بەرپرسیاری و قوربانییە، زۆربەی ئەم ژنانە، سەرەڕای ماندووبوونی جەستەییان، بە هیوای داهاتووی منداڵەکانیان و باشترکردنی ژیانی خێزانەکانیان، هەموو ڕۆژێک ئەو ڕێگایە دووبارە دەکەنەوە.
ئەوانەی لە بازاردا پەتاتە دەکڕن، ڕەنگە کەمتر بیر لەو دەستانە بکەنەوە کە بە ژان و ئارەق ئەو بەرهەمەیان گەیاندووە، لە پشت هەر کیلۆیەک پەتاتە، چیرۆکی ژنێک هەیە کە لە بەیانی زوو هەستاوە، ژانی جەستەی بەرگە گرتووە و بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانەی خێزانەکەی کاری کردووە.
ئەم ژنانە شایستەی زیاتر لە ستایشن، شایستەی پاراستنی مافەکانیان، کرێی دادپەروەرانە و کارگەیەکی پارێزراون.چونکە بەهێزی کشتوکاڵ تەنها لە خاکدا نییە، بەڵکو لە دەستی ئەو ژنانەدایە کە هەر بەیانییەک، پێش هەمووان، بۆ ژیان دەست بە کار دەکەن.

"کارکردنمان لە کاتژمێر ٢:٣٠ بەرەبەیان دەستپێدەکات"
سەنا لوقمان لە قۆناغی دوەمی پەیمانگا دەبیت دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و دەست بە کاری کۆکردنەوەی پەتاتە لە کێڵگەکان دەکات، لەبەر ئەوەی ژنی ماڵەوە بووە پێی خۆش بووە کارێکی تر بکات، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: سەرکارەکەمان گروپێکی هەیە ئاگادارمان دەکات لە ئیش لە کاتژمێر چەند دەربچین بۆ ئیش و بە پاس ماڵ بەماڵ هەڵمان دەگریت و دەمان گەڕێنێتەوە، کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی بەرەبەیان هەلدەستین و پاشان لە یەکیک لە چایخانەکانی هەڵەبجە یان سەید سادق نانی بەیانی دەخۆین و تاوەکو ٤:٠٠ی بەیانی دەست بەکار دەکەین و ئیشی وەرزی کۆکردنەوەی پەتاتەیە و پەتاتەی جامپۆ و شەبەکەش دەکەین، سەرکارەکەمان خۆی کرێکاری کردووە، بە سێ بەشەوە دابەش دەبین و هەریەکەمان کارێک دەکەین، ڕۆژانە تاوەکو کاتژمێر هەشت بۆ هەشت و ٣٠ خولەک دەبێت ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە، دەربچێت دەبێت رەچاوی خاوەن کارەکەش بکەین .

"بە هەرەوەزی کارکردن هاوڕێیەتیەکی پتەوە وەک خێزانێکمان لێهاتووە"
سەبارەی بەوەی کارەکەیان جۆنە کاتێک دەچەن ناو کێڵگەی پەتاتە، سەنا لوقمان وتی: چوار وەرز کارمان هەیەو شەتل دادەچێنین وبەرهەمیش کۆدەکەینەوە، سەرکارەکەمان وەک دایک و خوشکی گەورەیە بۆمان، کار کردن بە هەرەوەزی وەک هاوڕێیەتییەکی پتەوە، جگە لە کرێکاری چونە دەرەوەمان هەیە، ئەم ئیشە هاوکاری باشە بۆ بژێوی ژیانمان ئیمە وەک خێزانمان لێهاتووە، رۆژێک کار نەبێت تەلەفون بۆیەک دەکەین و پێکەوە گەشت دەکەین، سوپاسی کەسوکارم دەکەم کە دوومندالم هەیە لای دایکم بەجێیان دەهێڵم و هاوژینەکەم هاوکرو پشت و پەنامە ئەگەر هاوکاری ئەوان نەبێت ناتوانم رۆژانە بیم ئەوەنە کاتژمێر بێمە دەرەوە کاربکەم .
سەنا لوقمان لە کۆتایی قسەکانیدا داوایەکی ئاڕاستەی ژنان کردو وتی: داوا لە ژنانیش دەکەم لە دورەوە سەیر نەکەن و بلین زۆر قورسە، کار کردن حەزو ئارەزووەو ئاسانە، لێرە خۆریش لێت بات ئیشەکە ئەوەندە خۆشە ئاسانەو هەست بەگەرماش ناکەیت.