شادان لەناوەڕاستی بازاڕی زەڵم کەلانە بە گەشتیاران دەفرۆشێت
ژنان لەگەڵ دابینکردنی بژێوی ژیانیان و کار کردنیان، بیر لەو جۆرە کارانە دەکەنەوە کە دەبێتە پاراستنی کولتوور یاخود خواردنە کوردەوارییەکان، شادان نموونەی یەکێکە لەو ژنانەو بە دروستکردنی کەلانە بژێوی ژیانی دابین دەکات.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-کاتێک لەم وەرزەدا زۆربەی خەڵک پەنا بۆ سێبەر و شوێنە ساردەکان دەبەن، شادان، ژنێکی کاریگەر و بەهێز، هەموو ڕۆژێک بە هیوای دابینکردنی ژیانی خێزانەکەی دەچێتە سەر کار، لە ناو گەرمای پاڵ ئاگردان بە فرۆشتنی کەلانەو نان و گیتە مەژگەو بەرهەمە جۆراوجۆرەکان، ژیانی ڕۆژانەی خۆی بەڕێوە دەبات.
چیرۆکی شادان مەحمود تەنها چیرۆکی ژنێک نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی کە بەردەوام لە پێناوی ژیانێکی باشتر هەوڵ دەدەن و واز لە خەونەکانیان ناهێنن، شادان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی : ماوەی هەفتەیەکە بڕیارم داوە بێمە ئێرە کار بکەم، پرۆژەیەکی بچوکەو ئەم جۆرە کارانە کەمن، خەڵک و گەشتیارانیش حەزیان بە خواردنەکەیە.
"کەلانە لەهەموو جێگەیەک دەست ناکەوێت"
سەبارەت بەوەی بۆ بڕیاری داوە بە دروست کردنی کەلانە بژێوی ژیان دابین بکات شادان مەحمود وتی: لەم سەرچاوەی زەڵمە بەتایبەت، خواردن و شلە و برنج زۆربوو، بەڵام کەلانە نەبوو، لەهەموو جێگەیەک دەست ناکەوێت، هەروەها خواستی زۆریشی لەسەر بوو، وەکو پیشە زۆر ئارەزوومەو بە ئەوەی بێتاقەت نەبم، ئەم پڕۆژە بچووکەم دروست کرد،خەڵکيکی زۆرو بە تایبەت گەشتیاری عەرەب ڕوومان تێدەکەن.
"هاتنە دەرەوە بۆ دەروونی ژنان زۆر گرنگە"
شادان بەرلەوەی بێتە ناو قەرەباڵغی هاوینەهەواری زەڵم ، کاری کردووە لەماڵەوەوهەروەها لە دوکانی دیکە شاگرد بووە چونکە پێی وایە هاتنە دەرەوە بۆ دەروونی ژنان زۆر گرنگە وتی: هەرلەماڵەوە مرۆڤ بیتاقەت دەبێت، هەر ئەگەری هیچمان دیار نییەو هەم پێویستە کار بکەین، لەبەر ئەوەی ئێمە نیوەی کۆمەڵگەین و هیچمان لە پیاو کەمتر نییە.
سەبارەت بەوەی کارەکەی فراوان بکات وتی:هەول دەدەم ژنێکی کە لەگەلم بێت، چونکە سودی بۆمن و ئەوانیش هەیەو خوازیارم خەلک بتوانن لای من کار بکەن، نایشارمەوە ئەمساڵ بە بچووکی کردمەوە ساڵێکی دیکە گەورەی دەکەم، پەیامیشم بۆ ژنان ئەوەیە هیچیان لە پیاو کەمتر نییە.
چەندین هاوڵاتی بە هەڵوێستی شادان دەناسن و دەڵێن نموونەیەکی جوانی ژنی کارامە و خۆڕاگرە، بە بۆچوونی ئەوان، ئەو نیشان دەدات کە ژن دەتوانێت بە ئیرادە و ماندوونەبوون ، تەنانەت لە دژوارترین بارودۆخەکانیشدا سەرکەوتوو بێت.