شەنگە و شنیا خاوەنی براندی خۆیانن و پشت بە خۆیان دەبەستن

شەنگە و شنیا دوو هاوڕێن و بە هەوڵەکانیان براندی کاری دەستیان بۆ خۆیان دروستکردووە، سەرباری توانجەکان لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هەناردا بەشدارن و کارەکانیان نمایشکردووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە ڕۆژانی ٢٧-٢٩ی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو، ژنان ڕێژەیەکی بەرزی فرۆشیارانی فێستیڤاڵەکەیان پێکدەهێنا و بە هەنار و بەروبومی خۆراکی خۆماڵی و جلوبەری کوردی و کارە دەستییەکانیان بەشداربوون.

 

شنیا محەمەد و شەنگە عوسمان دوو ژنی گەنجی بەشداربوون، کە خاوەنی براندی کاری دەستی خۆیانن و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کارەکانیان بەڕێوەدەبەن، لە فێستیڤاڵی هەناریشدا بەشدارییان کردووە.

 

شنیا محەمەد بۆ نوژنها دوا و باسی لە کارەکانیان کرد و وتی: ئێمە خۆمان هەوڵمانداوە دەستبکەین بە کاری خۆمان، چونکە ئێستا گەنجان لەو بیرۆکەیە دەرچوون چاویان لە دەستی حکومەت بێت و لە ڕێگەی جیاوازەوە کاری تایبەتی خۆیان دادەمەزرێنن، ئێمەش بەڕێگەی ئۆنلاین کارەکانمان دەکەین و بەربەستەکانمان تێپەڕاندووە.

 

شنیا محەمەد باسی لە بیرۆکەی کارەکەیان کرد کە چەند بیرۆکەیەک لە کارێکدا کۆدەکەنەوە، لەوانە جانتای شانی توت باک، کە گەنجان لە ئێستادا زۆر بەکاری دەهێنن و بۆ پاراستنی ژینگەش گرنگە کە لەجیاتی زەرفی نایلۆن بەکاردێت.

 

"تانەیان لێداین کە فێستیڤاڵی هەنارە نابێت بەشدار ببن"

شنیا باسی لەوەکرد کە هەرچەندە تانەیان لێداوە کە ئەمە فێستیڤاڵی هەنارە و پێویست ناکا بەشدار ببن، بەڵام ئەوان بەشدارییان کردووە و وتیشی: ئێمە هەبوون و بەشداریمان لەم فێستیڤاڵانەدا بە گرنگ دەزانین چونکە هەڵەبجە شوێنێکی داخراوە و خەڵکەکەی تەنها لەناو خۆیدا بازاڕ دەکات و دەتوانین لەم ڕێگەیەوە کاڵاکانمان بناسێنین.

 

لە کۆتایشدا داوای لە ژنان کرد کە کار بکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن تا چاویان لەدەستی کەس نەبێت.