سێ خوشک کارێکی جیاواز لە دروستکردنی شیرینیدا دەکەن

بیرۆکەی کاری جیاواز هەمیشە لای ژنان ڕەنگی داوەتەوە بۆیە کازیوە و دوو خوشکەکەی دەست دەکەن بە دروستکردنی شیرینی بە شێوەیەکی جیاواز.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان  لە هەموو بوارێکدا دەست ڕەنگینیان دیارە و لە هەمان کاتدا یارمەتی یەکتر دەدەن بۆ کار کردن و دۆزینەوەی هەلی کار، بۆ ئەوەی هەموو ژنێک پشت بە توانا و ئابووری سەربەخۆی خۆی ببەستێت، بەڵام زۆری نرخی بە کرێ گرتنی دووکانەکان و گرانی ئەو شوێنانەی فستیڤاڵی تێدا دەکرێتەوە وایکردووە بەشێک لە ژنان نەتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە و سارد دەبنەوە لە کار کردن.

 

"پشتگیری کردنی چواردەور وای لێکردم بەردەوام بم لەسەر کارەکەم"

کازیوە ڕزگار، خاوەن کار ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی سێ ساڵە شیرینی و نەستەلە دروست دەکەم بیرۆکەی کارەکەم لەوەوە بۆ هات حەزم کرد کارێکی جیاواز بکەم، سەرەتا شتێکی وا نەبوو تا لێیەوە فێر ببم بۆیە بڕیارمدا خۆم شتێک دروست بکەم لە کاتی بۆنەیەکی تیابەت بە خۆم، دواتر کە کارەکانم بینران لە لایەن خێزان و چواردەورەوە پشتگیریەکی زۆرم لێکراو وایلێکردم بەردەوام بم، خۆم خوێندنم تەواو کردووە، بەڵام زیاتر خۆم لەم ئیشەدا بینیەوە، ئیتر بڕیارم دا لەتۆڕی کۆمەڵایەتییەوە دەستپێبکەم و پەیجێک دروست بکەم تایبەت بێت بە کارەکانم، دواتر خەڵکیش کارەکانمیان بە دڵ بوو و  لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە داوایان دەکرد و پاشان وردە وردە کارەکەم گەورە کرد.

 

"کرێ دوکان بۆ کارەکانمان ئاستەنگی بۆ دروست کردوین"

کازیوە ڕزگار ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای کارەکەمەوە تا ئێستا ئێمە وەکو سێ خوشک کارمان کردوە و دوو خوشکەکەم بەردەوام یارمەتیم دەدەن بە تایبەتی لە کاتی بۆنەکاندا، لە هەمان کاتدا هەلی کارم بۆ دوو ژنی تر ڕەخساندوە و ڕۆژانە بەیەکەوە کار دەکەین، حەزەکەم کارەکەم گەورەتر بکەم بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ ژنانی تر بڕەخسێنم، ئەوەی من کارێکە زیاتر بە حەزەوە دەکرێت، بۆیە ژنانیش لەم کارانەدا سەرکەوتوو ترن.

 

وتیشی"ئێمە کاتمان دیاریکراو نییە و زیاتر لە بۆنەکاندا ئیشمان زیاترە، ڕۆژی وا هەیە لە بەیانیەوە تا شەو لە دووکانەکەم کار دەکەم، هەموو کارێک بەشی خۆی قورسی هەیە و کارەکەی منیش بە هەمان شێوەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا کارێکی خۆشە و بژێوی ژیانمی پێ دابین دەکەم، دەستکەوتنی دووکان بۆ ئێمەی خاوەن کار قورسی و ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکات و پێویستی بە بڕە پارەیەک هەیە، بۆیە بەشێک لەو ژنانەی کاریان هەیە ناچارن لە ماڵەوە کار بکەن یان ئەگەر دوکانیان گرت لە شوێنێکی دوورە دەست بیگرین لەبەر کەمی کرێکەی."

 

"پشت بەخۆ بەستنی ژنان بۆ کارکردن گرنگە"

کازیوە ڕزگار ڕوونی کردەوە، من وەکو ژنیکی گەنج توانیومە ببم بە نمونە بۆ چواردەورم و ژنانی تریش بتوانن چاوم لێ بکەن و کار بکەن و پشت بە خۆیان ببەستن و منیش تا بتوانم یارمەتیان دەدەم، بەشداریکردنمان لە فیستیڤاڵ و پێشانگاکاندا سوودێکی زۆری بۆ کارەکانی ئێمە دەبێت و دەبێتە هۆی ناساندنی کارەکانمان، بەڵام هەندیک فستیڤاڵیش ئاستەنگی بۆ دروست کردوین و بووەتە هۆی ئەوەی کە زەرەر بکەین بەهۆی ئەو کرێ زۆرەی کە لێیان سەندووین لە بەرامبەر گرتنی شوێنەکەدا.

 

هەروەها وتیشی"داوا لەو شوێنانە دەکەم کە فستیڤاڵی لێ دەکرێتەوە هاوکاری ژنان بکەن، چونکە بەشێک لە ژنان کارەکەیان نەناسێنراوە، من وەکو ژنێکی گەنج پەیامم ئەوەیە بۆ ژنان کە هەر بەهرەیەکیان هەیە وازی لێ نەهێنن و بەردەوام بن ئەگەر ئاستەنگی زۆریش هاتە ڕێگەیان و ئەگەر زەرەر بکەن ئیتر بێ هیوا نەبن، دەبێت ژنان پشت بە خۆیان ببەستن چونکە ئەوە خاڵی سەرەکییە."