هەناری سوشە؛ ئەو زێڕە سوورەی کە بەبێ پشتگیری دەپژێت
هەرچەندە هەناری سوشە بە یەکێک لە جوانترین هەنارەکانی پارێزگای دێرەزوور و تەواوی ناوچەی فورات دادەنرێت، بەڵام ئەم بەرهەمە زێڕینەی کە ماوەیەکی زۆرە سفرەی خەڵکی سووریای دەوڵەمەند کردووە، لە ئێستادا دابەزینێکی نیگەرانکەر بەخۆیەوە دەبینێت.
زەینەب خەلیف
دێرەزوور- شارۆچکەی سوشە و بە تایبەتی گوندی مەڕاشدە کە دەوروبەری، سەرچاوەیەکی سەرەکی چاندنی هەنارە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، زیاتر لە ٨٠٪ی دانیشتووانەکەی پشت بەم بەرهەمە دەبەستن وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان.
هەناری سوشە بە ڕەنگی سووری تێرو شیرینی و ترشی هاوسەنگ و شەربەتی میوەی جیا دەکرێتەوە، کە لە مێژە وایکردووە تایبەتمەندییەکی جیاواز بێت لە بازاڕە ناوخۆییەکان.
بەڵام سەرەڕای بوونی هەلومەرجی سروشتی لەبار بۆ چاندن، لەوانەش خاکی بەپیت و کەشوهەوای مامناوەند و کەڵەکەبووی ئەزمون لە گەشەکردنی درەختی میوەدا، بەڵام ڕاستی جوتیاران لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دامەزراوەیی و تەکنیکی، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالیتی و بڕی بەرهەمهێنان هەبووە، لەکاتێکدایە کە گلەیی جوتیاران لەسەر بڵاوبوونەوەی مێشوولە کشتوکاڵییەکان، هەروەها تێچووی زۆری چاندن و گواستنەوە، و نەبوونی پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاوێژکاری لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
وەرزی خراپی و زیان بۆ جوتیاران
فەدوا محەمەد حسێن، جوتیار و یەکێک لە کۆنترین هەنارچێنەرەکانی شاری سوشە، ئاماژەی بەوەکرد کە وەرزی ئێستا لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نەبووە، بەرهەمی ئەمساڵ تووشی کرمی هەناری سپی بووە، کە میوەکە لە ناوەوە لەناو دەبات سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوە جوان دەردەکەوێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە جوتیاران نەیانتوانیوە تێچووی بەرهەمهێنان دابین بکەن، نە نرخی گازۆیل و نە کرێی کرێکاران، ئێمە بەدرێژایی ساڵ کاری زۆرمان کردووە، بەڵام بەرهەمەکەی زۆر کەمە، زەوییەکە پێویستی بە چارەسەرکردن و پێداویستی و قڕکەری کاریگەرە بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، وەرزی دروێنەکردنی هەنار کە بەزۆری لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگ بەردەوام دەبێت، ئەمساڵ چالاکی ئاسایی بەخۆیەوە نەبینیوە، وۆرکشۆپی کشتوکاڵی کە هەلی کاری وەرزی بۆ دەیان خێزان ڕەخساند، بەهۆی لاوازی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر بازاڕە ناوخۆییەکان نەماون.
ئاڵەنگاری گواستنەوە و بازاڕکردن
جگە لە کێشەی کشتوکاڵی، جوتیاران لە بازاڕکردن و گواستنەوەی بەروبوومەکانیان بۆ شارەکانی دراوسێ، وەک بوکمال و مەیادین، بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکان و گرانی تێچووی سووتەمەنی، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبنەوە.
فەدوا حوسێن دووپاتی دەکاتەوە، کە هەنار چیتر تێچووی گواستنەوە و کار ناگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە جوتیاران هەنێک لە بەرهەمەکە لە کێڵگەکاندا بە بێ دروێنەکردن بەجێبهێڵن، هەروەها دابەزینی خواست بۆتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخەکان، ئەمەش وایکردووە هەنار لە بەهای ئابووریی نەریتی بێبەش بکات، سەرەڕای گرنگییە مێژووییەکەی لە ناوچەکەدا، کە لە مێژە پەیوەستە بە چاندنەکەیەوە.
میوەی چارەسەر و ژیان
هەنار کە ناوی "میوەی بەهەشت"ی لێنراوە، تەنها بەرهەمێکی کشتوکاڵی نییە بەڵکو گەنجینەی خۆراکی و دەرمانی و ئابوورییە، لە شارۆچکەی سوشە، بەرهەمە وەرگیراوەکانی هەنار هەمەچەشنن، لەوانە ڕوبەهەنار کە بە کوڵاندنی شەربەتەکەی دەردەهێنرێت تا خەست دەبێت و لە ئامادەکردنی خۆراکدا بەکاردەهێنرێت، ئاوی هەناری سروشتی بە تازەی پێشکەش دەکرێت و خواردنەوەیەکی دڵخوازی ناوچەکەیە، مرەبا لەلایەن ژنانی گوندنشینەوە وەک سەرچاوەیەکی زیادەی داهات دروست دەکرێت، لەکاتێکدا، توێکڵی هەنار لە پزیشکی فۆلکلۆردا بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونی گەدە و بۆیاخکردنی قوماش بەکاردەهێنرێت، لقە وشکەکانیش وەک سووتەمەنی گەرمکەرەوە لە وەرزی زستاندا بەکاردەهێنرێت.
فەدوا حوسێن ڕوونیکردەوە، کە دانیشتووانیش بە بەکارهێنانی ڕێگا نەریتیەکان حەز دەکەن هەنار بۆ وەرزی زستان هەڵبگرن، وتی: ئێمە هەنارەکان لە ژوورە ساردەکاندا دەهێڵینەوە یان لە هەوادا هەڵیدەواسین، بۆ ئەوەی بۆ چەند مانگێک دەمێنێتەوە بۆ خواردن، وە میوەیەکی بە نرخە.
دابەزینی چاودێری و نەبوونی پشتیوانی
سەرەڕای دەوڵەمەندی سامانە سروشتییەکان، نەبوونی پاڵپشتی تەکنیکی و ئابووری وایکردووە جوتیاران نەتوانن شێوازی کاریگەرانەی کشتوکاڵی و کۆنترۆڵکردنی مێرووەکان پەرەپێبدەن، دانیشتووان داوای دامەزراندنی ناوەندی ڕێنمای کشتوکاڵی تایبەتمەند و دابینکردنی پێو و قڕکەر بە نرخێکی پاڵپشتیکراو و هاندانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ناوخۆی بۆ پاکەتکردنی هەنار و بەرهەمهێنانی ڕوبەهەنار و شەربەت دەکەن، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی ئەم کەرتە کشتوکاڵییە گرنگە.
فەدوا حسێن، وتی: خاکەکە دەوڵەمەندە بەڵام تینووە، بەبێ پشتیوانی ڕاستەقینە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێشتر بووە، ئێمە تەنها ئەوەمان دەوێت کە یارمەتیدەرمانە بۆ پاراستنی بژێوی ژیانمان و ناسنامەی کشتوکاڵیمان.
هەنار... هێمای ئارامی و سەربەخۆیی
بۆ خەڵکی سوشە و مڕاشدە، هەنار تەنها بەرهەمێکی کشتوکاڵی نییە، هێمای ئارامی و سەربەخۆی، چاندنیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە و بووەتە بەشێک لە یادەوەری بەکۆمەڵی ناوچەکە، جوتیاران چ ژن و پیاو، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەوان داوای مەحاڵ ناکەن، بەڵکو ژینگەیەکی دادپەروەرانە کە مافی بەرهەمهێنانیان بپارێزێت و بەردەوامی بەرهەمێک مسۆگەر بکات کە دەیان ساڵە سەرچاوەی ژیان و شکۆمەندی بووە.
فەدوا محەمەد حوسێن، لە کۆتایی قسەکانیدا، هەناری بەم شێوەیە پێناسە کرد: ژیانمان و بژێوی ژیانمانە، هەموو میوەیەک نوێنەرایەتی ساڵانێک کاری قورس دەکات، هیوادارین وەرزی داهاتوو باشتر بێت، و باخەکانی سوشە جارێکی دیکە گوڵ بکەنەوە.
سەردەمانێک بە "زێڕی سووری فورات" دادەنرا، هەناری سوشە ئێستا لە گۆڕەپانێکی نێوان دابەزین و ڕێنێسانسدا وەستاوە، ئەگەر چاودێری پێویست و پشتیوانی دامەزراوەیی وەربگرێت، ئەوا پێگەی خۆی وەک سەرچاوەی شانازی و ئابوورییەکی ناوخۆیی بەهێز بەدەست دەهێنێتەوە، بەڵام ئەگەر پشتگوێخستن بەردەوام بێت، هەرێم یەکێک لە گرنگترین نموونە کشتوکاڵی و کولتوورییەکانی لەدەست دەدات و تۆوی هەنار وەک شایەتحاڵی بێدەنگ دەمێنێتەوە بۆ چیرۆکێکی زەحمەتکێشان کە هێشتا بابەتەکانی بە تەواوی چارەسەر نەکراون.