ئابوری سەربەخۆی ژنان بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی

ئابوریی سەربەخۆبۆ ژنان بەهێزترین هۆکارە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی جێندەر، هەروەها توانای وەڵامدانەوەی کردەیی بۆ فشار و توندوتیژییەکانی سەریان هەیە.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- بابەتی گێڕانەوەی هاوسەنگی لە ئەرک و ماف و شکۆدا بۆ ژنان، بەردەوام تێکۆشانی بۆ دەکرێت، بۆ گێڕانەوەی ئەم هاوسەنگییەش هۆشیارکردنەوە و ڕۆسنبیرکردنی کۆمەڵگه و بەئاگاهێنانەوەی ژنان لە مافەکانیان و دەرکردنی یاساکانی ئەرک و مافی هاوسەنگانەی ژنان بپارێزێت، پێویستە.

 

ئابوری بەهێزترین خاڵی دەست ژنانە و دەتواندرێت بە کلیلی زێڕینی ژنان دابندرێت، بەو پێیەی خۆبژێویی ڕۆژانە لەدەست خۆیاندا دەبێت، هەروەها ژنان پێگەی پێشەنگایەتی و ئاڕاستەکردنی خۆبژێوی کۆمەڵگە کە لەدەستیان چووە و پیاوان بوونەتە ڕەگەزی یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ ژنان، ئەو تێڕوانینە چەقبەستووەش تێکدەشکێنێت کە ژنان تەنیا ئامڕازی جوانکاری و دەزگایەکی وەچەخستنەوە بن و بۆ ئەوە دروست بووبن کە خواستەکانی پیاوان پڕ بکەنەوە.

 

هاوکات ئابوریی سەربەخۆی ژنان یارمەتیدەرە کە ژنان زیاتر بچنە کۆڕەکانی خۆسەلماندنی سیاسی و ڕووناکبیری و کولتووریی کۆمەڵگەکان و بەرەوپێشچوونە سەردەمیەکاندا، کاتێک ژنان بڕیار دەدەن کە بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی قووت و شکۆ بەرەو بونیادنانی ئابوریی سەربەخۆ لە ماڵەکان بچنە دەرەوە، بەهەمان ئاڕاستەش بەشداریکردنیان لە چالاکییە مرۆییەکاندا زیاتر دەبێت، بەهەمان مەوداش کۆت و بەربەستەکانی بەردەم ژنان وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن شکۆی پارێزراو ڕوو لەداڕمان و لاوازبوون دەچن.

 

ژنان دووبارە داهاتی خۆیان گرتەوە دەست

لە جيهاندا ئێستا ژنان کێبرکێی سەرکەوتن دەکەن بۆ كاركردن یان گەیشتن بەو خەونەی کە هەیانە، دەبینین ژنان دووبارە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی داهاتی سەربەخۆی خۆیان دەدەن، چونکە گەر سەرنج بدرێتە مێژوو، لە سەردەمانی زوودا ژنان زیاتر لە بواری بازرگانی و خاوەندارییەتی و ئابوریدا کاریان کردووە، بەڵام بەپێی قۆناغ ژن ئەم توانایەی لێ زەوتکرا و پیاو خۆی کردە خاوەنی بازرگانی و موڵکداری، ئەو عەقڵیەتەیان سەپاند کە ژن توانای کاری دەرەوەی ماڵی نییە و دەبێت لە ماڵەوە خزمەتکار بێت، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ ژنان خۆیان ڕێکخست و دووبارە ‌زنجیری دەرگا داخراوەکانیان شکاند و ڕوویان لە کایەکانی سیاسی، ئابوری، بازرگانی کرد و سەرکەوتنیان بەدەستهینا.

 

ژنان بە دووبارە گرتنەوە دەستی ئابوریی سەربەخۆسەلماندیان کە کارکردنی ژنان کاریگەری لەسەر گۆڕینی ڕەوتی کۆمەڵگە و دابونەریت هەیە، چونکە لەم ساڵانەی دوایدا کارکردنی ژنان چووەتە قۆناغێکی نوێوە و جگە لە دامەزراوە فەرمییەکان ژنان بەشێوازی سەربەخۆ لە کەرت و شوێنە جیاوازەکاندا هەوڵی کارکردنی خۆیان داوە، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن داهاتی خۆیان چەندین پیشە و ئەرکیان لە ئەستۆ گرتووە.

 

ئابوری سەربەخۆی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا

کۆمەڵگەی کوردی نموونەیەکی زیندووی ئەم بابەتەیە، نەبوونی ئابوریی سەربەخۆلە ڕابردوودا دۆخێکی چەقبەستووی بۆ ژنانی کورد ساز کردبوو، بەدەر لە ستەم و زۆرداریی دیکەی نەخوێندەواری و هاوسەرگیری بەزۆر و لە تەمەنی زوودا، ژنانی کورد ناچاربوون لەپێناو بژێوی ڕۆژانەیەدا هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکات، کە هەرگیز لەگەڵیدا ناگونجێت و ژێردەستەیی هاوژین و باوک و برا قبوڵ بکات، تەنها لەبەرئەوەی سەرچاوەیەکی دیکەی بژێوی نییە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئابوریی سەربەخۆ بۆ ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی کورد بەتایبەت بەهێزترین و بنەڕەتیترین کلیلی ڕزگاریی کەسایەتی ژنانە، هاوکات هانیان دەدات بۆخۆبردنە پێشەوەی ژنان لە بوارەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی و تەواوی کایەکانی دیکەی ژیان.

 

نەبوونی ئابوریی سەربەخۆی ژنان لە کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگەخۆشکەر و بەردەوامیدەرە بە سەرکوتی خواستەکانی ژنان و مانەوەی باڵادەستیی پیاوان بەسەر ژناندا، بەهەمان شێوە پێچەوانەکەشی ڕاستە و بوونی ئابورییەکی سەربەخۆ کە لەسەر بنەما و تواناکانی ژنان بێت، دەبێتە گۆڕانکاریی گەورە و بەرەو پێشچوونی دۆخی ژنان و تەنانەت تەواوی کۆمەڵگەش.

 

سەربەخۆیی ئابوری لە ڕێگەی کارەوە

کارکردن ژنێکی بەتوانا و بوێر و متمانە بەخۆبوو دروستدەکات، هەست بە بوونی خۆی و ئازادیی دەروونی و ئابوری دەکات، زاڵ دەبێت بەسەر جیاوازییە جێندەرییەکان و پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتییەکانی، هەروەها بەهۆی دڵسۆزی و وردی لە کارکردندا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی داهاتی گشتی.

 

بە بڕوای زۆربەی كارناسان ڕێژەی ئەو ژنانەی كار دەكەن و لە ئاستی كۆمەڵگەدا چالاكن لە هەر كۆمەڵگەیەك نیشانەی گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەو كۆمەڵگەیە دادەنرێت، ئەگەر بڕوانینە كۆمەڵگەیەكی خاوەن داهاتی گەورە و ژینگەی ئارام، دەبینین لە هەندێك شوێنیدا ژن خاوەن پلە و پێگەی بەرز و ئابوریی مەزن و داهاتی گەورەیە، بەڵام ئەگەر بڕوانینە هەندێك كۆمەڵگەی دواكەوتوو و لە نەریت و كولتووریان بكۆڵینەوە، ئەوا دەبینین ژن تەنها بە ئامێرێكی دروستكردنی منداڵ و كاری ماڵەوە دەبیندرێت، بۆیە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە کار کردن ڕێگەی سەرەکی سەربەخۆبوونی ئابوری ژنان خۆیان و کۆمەڵگەکەیانە.

 

ئابوری و داهاتی ژنان دەبێتە هۆی: سەقامگیریی ئابوری، چاودێری تەندروستی و کوالێتی، ژینگەی لەبار بۆ ژیان، کۆمەڵایەتی بوون، دەستەبەرکردنی خوێندن و دەرچوون لە هەموو نەریتە باوەکانی دژ بە ژنان، قبوڵ نەکردنی ژێردەستەیی و هەڵنەبژاردنی ژیانی ناچاری.