هەڵگرتنەوەی پەتاتە سەرچاوەی داهاتی منداڵانی ئیدلیبە

منداڵانی ئیدلیب پێویستە پارێزگاری لە خۆیان بکەن لە پاشماوەکانی جەنگ، بەڵام بەشێکی منداڵان بۆ درێژەدان بە کارکردنیان ژیان و سەلامەتییان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.

سوهەیر ئیدلیبی

 

ئیدلیب- جوتیارانی ئیدلیب ماوەی ١٠ ڕۆژ زیاتر سەرقاڵی تەواوکردنی کۆکردنەوەی بەرهەمی پەتاتەن، پێشبڕکێ لە نێوان منداڵانی کەمپەکانی سەر بە شارەدێی ئیدلیب دەستیپێکردووە بۆ هەڵگرتنەوەی بەروبوومەکان و کۆکردنەوەی ئەو میوەیەی کە لەلایەن جوتیارانەوە بەجێماوە یان پشتگوێخراوە، بۆ ئەوەی هەندێکیان بفرۆشن بۆخۆیان و بەشێکی تریشی بۆ خواردن بەکاربهێنن.

 

پەتاتە ژەمە خۆراکی سەرەکی ئاوارەکانە

یەکێک لەو منداڵانە ناوی محەمەد شەمسەدینە و تەمەنی ١٣ ساڵە، ئاوارەی شارۆچکەی ئەلڕیفا و نیشتەجێی کامپەکانی سەرمەدایە لە ئیدلیب، هەر بەیانییەک چەند کیلۆمەترێک دەبڕێت تا بگاتە کێڵگەی پەتاتەکان کە چەند ڕۆژێکە بەرهەمی پەتاتەی لێ کۆدەکرێتەوە، محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە سودی لە کارەکەی وەرگرتووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی لەڕێگەی دابینکردنی پەتاتە کە خۆراکی بنەڕەتی ئەوانە، بەتایبەتی لەگەڵ دۆخی گرانیی ئەم دواییەدا.

 

لەبارەی کارەکانیشەوە دەڵێت: "زۆر بەکەمی دەتوانین بگەینە ئەو جۆرە کێڵگانە، چونکە ئەوان لە چادرەکەمان دوورن، بەڵام کاتێک کێڵگەکە لە ئێمە نزیک بوو، ئەوە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئێمە، محەمەد شەمسەدین دەتوانێت ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ کیلۆگرام پەتاتە لە کێڵگەکان کۆبکاتەوە لەگەڵ منداڵانی دیکەدا کە بۆ هەمان مەبەست دەچنە کامپەکانەوە.

 

پەتاتە لە بنچینەدا ئەو بەروبوومەیە کە ئاوارەکان پشتی پێدەبەستن بۆ خواردن، چونکە لە سەوزە و گۆشتی تر هەرزانترە و بۆ دروستکردنی چەندین ژەمی خۆراکی وەک سوورکراوەی فەڕەنسی و پەتاتەی کوڵاو و چەندین شێوازی تر بەکاردەهێنرێت.

 

لە وەرزی کۆکردنەوەی پەتاتە منداڵان ناچنەوە بۆ خوێندن

نەک هەر منداڵانی دەرەوەی قوتابخانە بەشداری ئەم پیشەیەیان کردووە، بەڵکو ئەوانەی بەردەوامن لە خوێندن وەک مولهەم ئەلعەبدی ١٢ ساڵ، کە خوێنکاری پۆلی شەشەمە هەمان کار دەکات، چونکە زیاتر لە سێ ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە گوندی بەسقولەی سەر بە شارەدێی ئیدلیب ئاوارە بووە و خێزانەکەی دوای لەدەستدانی بژێوی ژیانیان تووشی هەژارییەکی زۆر دەبن و لە کەمپەکانیاندا تووشی هەژاری و نادادپەروەری دەبنەوە.

 

لە ڕۆژانی کۆکردنەوەی بەرهەمی میوە و دانەوێڵەکان ناچێتەوە بۆ قوتابخانە، دەشڵێت: کاتێک وەرزی کۆکردنەوە تەواو بوو و پارەیەکی زۆرم کۆکردەوە کە بتوانم یارمەتی دایک و باوکە هەژارەکەم بدەم دەگەڕێمەوە بۆ قوتابخانە، بۆیە هیواخوازم کە زوو قوتابخانەکان دابخرێت تا ماوەیەکی زیاتر بتوانم کاربکەم."

 

نەدا جامۆسی تەمەن ٣٥ ساڵ، دایکی مولهەم ئەلعەبد، باسی لەوەکرد ئەگەر کوڕەکەی چەند ڕۆژێک لەبەر کۆکردنەوەی پەتاتە نەچێتەوە بۆ قوتابخانە کێشە دروستنابێت، چونکە منداڵەکەی زیرەکە و توانای پێداچوونەوەی بە وانەکانی مامۆستای هەیە.

 

هەروەها دایکی مولهەم وتی: "ئەگەر لێرە دۆخی سەختی ئێمە نەبووایە، من ڕازی نەدەبووم کە بیر لە کارکردنی منداڵەکەم بکەمەوە، بەڵام ئەو کۆکردنەوەی پەتاتەیە یارمەتیمان دەدات بەردەوام بین و بەشێک لە خواردن و پێداویستییەکانمان دابینبکەین، بەدوای بژێوی ژیاندا دەگەڕێین تەنانەت ئەگەر لەسەر بنەمای لەدەستدانی خوێندن و فێرکردنی منداڵەکانیشمان بێت، باسکردن یان تێگەیشتنی بارودۆخی ئێرە زۆر زەحمەتە"