" بە جێب و تراکتۆر فێری شۆفێری بووم "

ئەختەر حاجی شێخ ڕەئوف، دەربارەی فێرکردنی شۆفێری ژنان بۆ ئاژانسی نوژنها وتی، " بڕیارمدا خۆم فێری شۆفێری بکەم و دواتر ژنان فێر بکەم، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار ژنم فێری شۆفێری کردووە، زۆر ئاسودەم کاتێک ژنان فێری شۆفێری دەکەم."

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- شۆفێریکردن، لە هەموو کۆمەڵگەیەک وە لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە بە هەردوو ڕەگەزەوە بایەخی پێ دەدرێت، بۆ بەڕێکردنی کار و بارەکانی ژیانی خۆیان، بەڵام لە هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا ڕەخنە لە ژنان دەگرن و ژنان تووشی توانج و کۆمەڵێک قسە دەبنەوە و دەیانترسێنن بەوەی کە ناتوانن فێری شۆفێری ببن، لە کاتێکدا کە ژنان زیاتر پابەندی یاساکانی هاتوچۆ دەبن و کەمتر توشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن، لە هەرێمی کوردستانیش ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوو لە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەکەن، بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆ ٢٢٨ هەزار و ٣٢٤ ژن لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی شۆفێریان هەیە.

 

ئەختەر حاجی شێخ ڕەئوف، خاوەنی نوسینگەی ئەختەر خان بۆ خولی شۆفێری لە شاری سلێمانی، لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە خەڵک فێری شۆفێری دەکات بە تایبەتی ژنان، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ ئیش دەکات، ئەختەر خۆی ژنان فێری شۆفێری دەکات تا ئێستاش زیاتر لە ٣٠ هەزار ژنی فێری شۆفێری کردووە.

 

'' ژنانی ترم دەبینی شۆفێری دەکەن منیش حەزم کرد فیر ببم"

ئەختەر حاجی شیخ ڕەئوف، لە باسکردنی ئەوەی کە چۆن فێری شۆفێری بووە وتی"تەمەنم ٧ ساڵان بوو کە ڕۆشتم بۆ بەغدا ژنانم دەبینی شۆفێری دەکەن منیش حەزم کرد و بڕیارم دا خۆم فێر بکەم و دواتریش ژنان فێر بکەم، سەرەتا ژنی ماڵەوە بووم پێش ئەوەی فێری شۆفێری ببم، لەبەرئەوەی ماڵی باوکم جێب و تراکتۆریان هەبوو خۆمم فێری شۆفێری کرد، کە هاوسەرگیریشم کرد دەمزانی شۆفێری هەموو جۆرە سەیارەیەک بکەم، دواتر کچەکانی خۆمم فێری شۆفێری کرد".

 

"ژنان و پیاوان هەردووکیان بەشداری دەکەن لە نوسنگەکەمدا"

ئەختەر حاجی شێخ ڕەئوف وتیشی" لە نوسینگەکەمدا ژنان و پیاوان هەردووکیان بەشداری دەکەن بۆ ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن، مۆڵەتی گشتی و تەکسیشمان هەیە، بەڵام من خۆم ئیش لەسەر مۆڵەتی تایبەت دەکەم و تەنها ژنان فێری شۆفێری دەکەم، کاتێک دەستم کرد بەم ئیشە خێزانەکەم هیچ ڕێگریەکیان لێ نەکردم و خەڵک زۆری پێخۆش بوو کە دەتوانم ژنان فێری شۆفێری بکەم، من لە ١٩٩٦ ەوە ژنان فێری شۆفێری دەکەم، دواتر بەشداری خولێکم کرد بۆ ماوەی ٤ بۆ ٥ مانگ لە بەکرەجۆ و تەخەروجم کرد".

 

ئەختەر بەردەوامی بە قسەکانیدا و وتی، " نوسینگەکەی من جیاوازە لە نووسینگەکانی تر چونکە من خۆم تەنها ژنان فێری شۆفێری دەکەم، دواتر پۆلیسی هاتوچۆ هەڵسەنگاندیان پێدەکەن، بە پێی ئەنجامەکانیان فێرخوازان دەردەچن، لە ئێستادا لە سلێمانی ژنان زیاتر ئۆتۆمبیلی گێڕ ئۆتۆماتیک بەکار دەهێنن چونکە سەلامەتترە لەبەر ئەو قەرەباڵغیەی کە لە شەقامەکاندا دروست بووە."

 

هەروەها ئەختەر ئاماژەی بەوەدا ژنان لە تەمەنێکی کەمتر باشتر فێری شۆفێری دەبن، " ژنان کاتێک دێن بۆ لای من بۆ فێربوونی شۆفێری هیچ ڕێگریەک نایەتە بەردەمیان، زیاتر ژنە تەمەن گەنجەکان زووتر فێری شۆفێری دەبن بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان ١٨ بۆ ١٩ ساڵە زۆر زووتر فێری شۆفێری دەبن لە چاو ئەوەنەی تەمەنیان گەورەترە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار ژنم فێری شۆفێری کردووە."

 

"ژنان زیاتر پابەندن بە یاساکانی هاتوچۆ"

ئەختەر حاجی شێخ ڕەئوف ئاماژەی بەوەشدا کە ژنان ئێستا زیاتر ڕوو لە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەکەن لە چاو ڕابردوودا، " هەستم زۆر خۆشە کە ئیش لەگەڵ ژنان دەکەم و ژنانیش بە هەمان شێوە هەستیان خۆشە چونکە ژن لە ژن تێدەگات و منیش زیاتر ئارامگرم و هەوڵیان لەگەڵدا دەدەم تا بە تەواوی فێر دەبن."

 

وتیشی، " ژنان زیاتر پابەندن بە یاساکانی هاتوچۆ چونکە بە یاسا فێر دەبن، داواکارم لە ژنان کە تەمەنیان بوو بە ١٨ ساڵ و یەک ڕۆژ پێویستە مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن، پێویستە کە کەس شۆفێری نەکات بە بێ مۆڵەتی شۆفیری."