نانی ''واشۆکانی'' بە هەڵمی کۆچ و هیوای گەڕانەوە دەبرژێت

سێ ژن بە خۆشەویستی و بۆن و هەستی کۆچ و چاوەڕوانی گەڕانەوە بۆ خاکی کۆنی واشۆکانی، پێکەوە نان دروست دەکەن.

سورگوڵ شێخۆ

 

تل تەمر- نانی ساجی کوردی میرات، نەریت و فۆلکلۆرێکی کۆنە کە لەگەڵ نانەوا مۆدێرنەکان بۆ مانەوە و پاراستن لە لەناوچوون ململانێ دەکات. لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە گشتی، لیژنەی ئابووری کۆنگرەی ستار هەوڵدەدات بە پرۆژەکانی هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنێت و ژنان زیاتر پەیوەست بن بە کولتووری مێژوویی خۆیانەوە و بە زیندوویی بیهێڵنەوە. پڕۆژەی ''واشۆکانی'' نانی ساجی ژنانی کۆچبەرە لە گوندی تل نەسر لە باشووری شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە، بەم پڕۆژەیەوە ژمارەی پڕۆژەی نان ساجی بۆ ژنان چوار پڕۆژەیە.

 

پڕۆژەی واشۆکانی سێ ژنی کۆچبەری کورد و عەرەب لە خۆدەگرێت کە بەهۆی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانی ئاوارە بوون. ئەمیرە محەمەد مکرس لە سەرێکانیی داگیرکراوەوە باسی گرنگی پڕۆژەکەی کرد کە لە ڕووی ماددییەوە هاوکاریان دەکات.

 

پڕۆژەکە ٢٠ ڕۆژە

ئەمیرە دەڵێت دوای کۆچکردن و نیشتەجێبوونیان لە گوندەکانی ئاشوورییەکان، دەستیان کرد بە کردنەوەی پڕۆژەی بچووک و لیژنەی ئابووریی کۆنگرەی ستار هاوکارمان بوون بۆ کردنەوەی ئەم پڕۆژە و پڕۆژەکەمان ٢٠ ڕۆژە.

 

بێکاری کۆچبەران بە کردنەوەی پڕۆژەی بچووک و فراوانکردنی چارەسەر دەکرێت

ئەمیرە محەمەد باسی لەوەشکرد، کە ئەوان ڕۆژانە بەپێی پێویستی کۆچبەرانی دیکە نان دروست دەکەن و دەڵێت: "بەبێ هیچ جیاوازییەک، بۆ خۆشی، بۆ ماتەمینی یان هەرچییەک، ئێمە بە خۆشەویستییەوە نان دروست دەکەین. هەر کەسێک دەتوانێت پڕۆژەی بچووکی لەو شێوەیە بکاتەوە، بێگومان ئەمەش بە هاوکاری دامەزراوە پەیوەندیدارەکان زیاتر جێبەجێ دەکرێت. مرۆڤەکان لەبری ئەوەی لە ماڵەوە دابنیشن، دەتوانن بۆ خۆیان کار بکەن و خزمەت بە دەوروبەرەکەی بکەن".

 

هەموو کەسێک فەرمانبەر نییە، بۆیە پێویستە بێکاری کۆچبەران کەم بکرێتەوە یان بە پڕۆژەی بچووک و فراوانکردنیان کۆتایی پێبهێنرێت. هەر بۆیە لە کاتژمێر ٠٥:٠٠ی بەیانی دەست پێدەکەین و کاتژمێر١٢:٠٠ی نیوەڕۆ کۆتایی دێت".

 

''شەرمەزاربوون لە ماڵەوە دانیشتنە''

ئەمیرە محەمەد بۆچوونی خۆی لەسەر تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان دەربڕی کە دەڵێن ژن شەرم لە کارکردن دەکات و وتی: کار شەرمەزاری نییە بۆ ژنان، شەرمەزارییە لە ماڵەوە دابنیشیت و کار نەکەیت، تەمەن هیچ بەربەستێک نییە، دەتوانیت لە هەر بوارێکدا کار بکەیت. ئەو کەسانەی کار ناکەن و ماندوو نابن هەست بە جوانی ژیان ناکەن هەر بۆیە ئێمە پێکەوە کار دەکەین.

 

"ڕەگەزپەرستی نییە، ئێمە خوشکی ئەم خاکەین"

ئەمیرە محەمەد جەختی لە یەکگرتوویی گەلان کردەوە لە پرۆژەکەدا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەموومان منداڵی ئەم خاکەین، پێکەوە لەسەر ئەم خاکە ژیاوین و پێکەوە کاردەکەین، بێ گوێدانە جیاوازی و ڕەگەزپەرستی. هەموومان خوشکین لە لەم کۆمەڵگەیەدا، بۆیە لای ئێمە کورد و عەرەب نییە، ئێمە یەکین".

 

هیوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ

ئەمیرە محەمەد برینەکانی ژیانی خۆی بەبیر دێتەوە کە پڕن لە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و دەڵێت: ماڵەکەم نەماوە، داگیرکرا، ئێستاش چەتەکانی دەوڵەتی تورک تێیدا دەژین. چۆن کۆچمان کرد، چەتەکان لە ماڵەکەم هەموو شتێکیان لە یادگارییەکانمان وەرگرت و هەموو شتێکیان وێران کرد، ئێمە ناتوانین دابنیشین و چاوەڕێی گەڕانەوەمان بکەین، دەبێت ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەین تا دەگەڕێینەوە".

 

هەروەها وتیشی: ئێمە دەمانەوێت داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکەمان کۆتایی پێبێت و کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. هەرکەسێک گوێمان لێدەگرێت و تەماشامان دەکات، پێویستە هاوکاربێت بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی تورکیا لەسەر خاکەکەمان، لەبەرئەوەی داهاتوویەکی تەندروستانەی منداڵانو  بەتایبەتی ئایندەی ئێمە بەگشتی.

 

لە کۆتاییدا ئەمیرە محەمەد داوای لە ژنان کرد بەهێز بن و کار بکەن بۆ کردنەوەی پڕۆژە و بێکار نەبن.