"بوون بە خاوەن بژێوی ئاسودەی دەبەخشێت"

شادی ڕێبوار ژنێکی فرۆشیارە و لە شارەدێی خورماڵ فرۆشگایەکی کردووەتەوە، باس لەوەدەکات، کە چەندە کار بکەیت و بژێوی خۆت دابین بکەیت، ئاسودەتری.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- شارەدێی خورماڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، یەکێکە لە ناوچەکانی باشووری کوردستان کە هێشتا دابونەریتی کۆنەپارێز ڕێگری لە کار و چالاکی ژیانی ژنان دەکات، بەڵام شادی ڕێبوار توانیویەتی بە هەوڵەکانی خۆی ببێتە خاوەن فرۆشگای خۆی و دەیەوێت ببێتە پێشەنگ بۆ ژنانی دیکەی شارۆچکەکەی.

 

شادی ڕێبوار، دانیشتووی شارەدێی خورماڵە و زیاتر لە ساڵ و نیوێکە خاوەن کاری خۆیەتی و فرۆشگایەکی بەناوی کچەکەیەوە "زەنێ" داناوە.

 

سەرەتا لە فرۆشگاکەیدا بابەتی کەمی بە نرخی کەم فرۆشتووە، دواتر لەسەر خواستی ژنانی کڕیار بابەتی ناوماڵ و پێداویستی ژنانی زیاد کردووە، شادی دەڵێت: لە خورماڵ تەنها من و ژنێکی دیکە خاوەن فرۆشگای خۆمانین، بەو پێیەی خۆم ژنم زیاتر لە ئارەزووی ژنان تێدەگەم و ئەوە دەهێنم کە ئارەزوویان لێیەتی، ئەوانیش لەگەڵ من ئاسودەترن وەک لەوەی پیاوێک فرۆشیار بێت.

 

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری لە بازاڕی گشتی کردووە و وەک شادیش دەڵێت: لەم ماوەدا دۆلار بەردەوام نرخەکەی بەرز دەبووەوە و جێگیر نەدەبوو، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی کاڵاکان هەبوو، بەڵام نەمان دەهێشت نرخی کاڵاکانمان بەرز ببێتەوە و ڕەوچاوی بارودۆخی دارایی خەڵکمان کردووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شادی باسی لەوەکرد، کە کردنەوەی فرۆشگاکەی تەنها حەزی خۆی بووە کە دەیویست کار بکات و پەیامی بۆ ژنانیش ئەوەیە، "مەرج نییە تەنها دایک و باوک بژێوی ژیان دابین بکات، وەها خۆشترە خۆت خاوەن بژێوی و کاری خۆت بیت، وەها ئاسودەتری".