ساجیدە بە خوری جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ دەچنێت

کارگەی نەوید بۆ درووین و چنینی جلوبەرگی ژنان لەسەر دەستی سێ ژن بەرێوە دەبرێت و ڕۆژانە بە چەندین ڕەنگی ئاڵا و واڵاوە پێشوازی لە میوانەکانیان دەکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- کارگەی نەوید بۆ درووین و چنینی جلوبەرگی ژنان لەسەر دەستی سێ ژن بەرێوە دەبرێت، ساجیدە لوقمان خاوەنی کارگە خنجیلانەکەیە و دەرچووی بەشی کشتوکاڵی زانکۆی کەلارە، بەڵام بە هۆی دانەمەزراندن و خولیاکانی بۆ کاری چنین چووەتە خولی چینی خوری و دروستکردنی جلو بەرگ و سێتی خیزانی.

 

ساجیدە باسی لەوەکرد، حەز و خولیای کاری چنینی هەیە و هەوڵیداوە فێری بەکارهێنانی ئامێری چنین و باشترکردنی کار چنین ببێت، بۆ ئەوەش بەشداری لە خولێکدا کردووە و لەبەر لێهاتووییەکەی دوای خولەکە دەبێتەوە بە مۆستا.

 

ساجیدە دوای زیادبوونی لێهاتووییەکەی کارگەیەک دادەنێت و لەگەڵ دوو ژنی دیکەدا کار دەکەن، وتیشی: کۆمەڵێک کەس لە بازاڕدا ئەو سایز و ڕەنگ و مۆدیلەی دەیانەوێت دەستیان ناکەوێت، بۆیە دێنە لامان و پیشانم دەدەن، ئێمەش بە پێی دڵی ئەوان و لە ڕێگەی ئامێر و دەزووەکانەوە دروستیدەکەم، کارەکانمان تا ئیستاش بەدڵی کڕیارەکان بووە.

 

جوانکاری ناوماڵ و سەرفەرش و بوکەڵەکان بەشێکن لە کارەکانیان

لەبارەی ئەو پارچانەی کە ئامادەی دەکەن، ساجیدە وتی: ئێمە تەنها جلوبەرگی ژنان و پیاوان دروست ناکەین، بەڵکو سەرفەرش و شاڵ و بەرگی گۆشەی قەنەفە و سەر سیسەم بە ئامێرەکان دروستدەکەین، هاوڵاتیان پێشوازییەکی گەرمی لێدەکەن و جگە لەو کەسانەی سەردانی کارگەکە دەکەن، لە ڕێگەی ئۆنلاینیشەوە داواکاری لەسەر کارەکانمان هەیە.