قاوەڵتی کەشک، شوێنێکی تێکەڵ لە فۆلکلۆری کوردی و سەردەمیانە

ڕۆشنا محەمەد، خاوەنی قاوەڵتی کەشک، دانەبڕان لە کارکردن و هەبوونی خولیای بۆ کارکردن، لە دوای ١٤ ساڵ دەتوانێت وەک خاوەنکار هەلی کار بۆ چوار ژن بڕەخسێنێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- چێشتخانە و قاوەڵتی کەشک، لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانیان بۆ ٣:٠٠ پاشنیوەڕۆ بە ڕووی میوانەکاندا دەکرێتەوە، قاوەڵتی کەشک ژەمی بەیانیان و نیوەڕوانی کوردەواری و بەرهەمی خۆماڵی پێشکەش بە سەردانیکارەکانی دەکات، لە لایەن ڕۆشنا محەمەد، ناسراو بە گەردوون، لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بە پێشنیاری خۆی و خێزانەکەی کراوەتەوە، تێیدا هەلی کاری بۆ چوار ژن ڕەخساندووە.

 

ڕۆشنا محەمەد لە ساڵی ١٩٩١دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، توانیویەتی تا پۆلی یانزەی ئامادەی بەردەوامی بە خوێندن بدات، دایکی دوو منداڵە و خولیای کارکردنیشی هەیە، لە ساڵی ٢٠١٠دا دەست دەکات بە کارکردن و چەندین ئەزموونی تاقی کردووەتەوە، سەرەتای کارکردنی لە باخچەی ساوایان و کاری دەست ڕەنگینیەوە دەستپێدەکات، دواتر خولیاکانی دەیگەیەنێت بە کردنەوەی خواردنگەیەک بە ناوی "چێشتخانەی قاوەڵتی کەشک"، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا چێشتخانەکەی بە تواناکانی خۆی و پشتیوانیکردنی خێزانەکەی دەکاتەوە.  

 

ڕۆشنا محەمەد باس لەوە دەکات، سەرەڕای ئاستەنگییەکانی کۆمەڵگە بەردەوام خولیای کارکردن و بەدەستهێنانی کارێکی تایبەت بە خۆی هەبووە، دەڵێت: هەبوونی کارێکی تایبەت بە خۆم و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان خولیای لەمێژینەی من بووە، خاوەنی دوو کچم بەڵام کارکردنم نەبووەتە ڕێگر لە دایکایەتیم، سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی لە کاتی دروستکردنیدا ڕووبەڕووم دەبووەوە، بەڵام توانیم کەشک بە جوانترین شێواز پێشکەش بە خۆم و سەردانیکارانی بکەم، دیزاین و ناوی دوکانەکەم بە شێوازێکی فۆلکلۆر و سەردەمیانە دیزاین کردووە، لە پێشکەشکردنی خواردنەکاندا تەواوی خواردنەکان بە بابەتی کوردەواری دروست دەکەم و کەرەستەی کوردی تێدا بەکاردەهێنم.

 

خاوەنی قاوەڵتی کەشک باسی لەوەشکرد، چەندین ئاستەنگیی و بەربەست بۆ کەشک دروست دەبێت، بەڵام بە هاوکاری خێزانەکەی دەتوانێت کەشک بۆ ماوەی یازدە مانگ بەردەوامی پێ بدات و وتی: لە دروستکردنی کەشکدا لە سەرەتای بڕیاردان بۆ کردنەوەی لە دائیرەکاندا چەندین کێشەی مۆڵەت نەدان و ناوی ڕێستۆرانتم بۆ دروستبوو، بەڵام توانیم تێیان بپەڕێنم، لە ئەمڕۆدا کارکردن ئەرک و بەرپرسیارێتیە، ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان کاتی سەردانیمان دەکەن وزەمان پێدەدەن و پشتگیری کارەکەمان دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکە پێمان دەڵێن کاری ئێوە نییە، بۆچی کاری پیاوان دەکەن، بەڵام ئێمە توانیومانە بەردەوامی بدەین بە کارکردنمان.

 

"دروستکردنی بەرهەمە خۆماڵیەکان و پێشکەشکردنی بۆ ڕێگریکردن لە خواردنە لە قوتونراوەکانە"

ڕۆشنا محەمەد باس لە شێوازی پێشکەشکردنی خواردنەکنیان دەکات کە ژەمی بەیانیان بە تەواوی خۆماڵییە و لە دیاریکردنی نرخەکاندا ڕەچاوی بارودۆخی ئابووری خەڵک دەکەن، وتیشی: بە دروشمی "مرۆڤ بوون لە پێش هەموو شتێکەوەیە، تەنها ئامانجمان خزمەتکردنە"، چەندین گروپ بانگهێشتی خواردنگەکەمان دەکەین، بانگهێشتەکانمان بۆ خانەی بەساڵاچوان، خانەی بێ سەرپەرشتان، کارگوزارانی شەقامەکان و کەسانی بەخشراو بۆ ژەمێک نانخوارن و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوانماندا ناردووە، بەکارهێنانی خواردنە کوردەوارییەکانیش لە کاتی ئامادەکردنی خواردنەکاندا بۆ ئەوەیە ڕێگری لە هێنانی خواردنی لە قوتوونراوی وڵاتانی دراوسێ بکەین.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی ئابووری و کێشەکان ڕێگری لە کارکردنی ژنان ناکات و وتی: پێویستە ژنان لە هەر بۆشاییەکانی ژیانیاندا پەرە بە تواناکانیان بدەن و کارێک بۆ خۆیان بڕەخسێنن، خۆ پەروەردەکردنی ژنان لەسەر فکر و ڕێبازی ژنان، ژنان بەرەوپێش دەبات، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕێگرییەکان لە کارکردنی ژنان بەردەوامە، ئێمەی ژنان دەتوانین لە ڕێگەی کارکردنەوە پەرە بە تواناکانمان بدەین، ئەگەر لە ماڵەکەی خۆشماندا بین بە کاری دەستی دەتوانیت خاوەن کاری خۆمان بین و بەردەوام بین.