بەرهەمی خۆماڵی کوێستان؛ تامێک لە سروشت و داهێنان
ژنان هەمیشە لەگەڵ کاری سەربەخۆی خۆیاندا، هەوڵ بۆ ئەو کارانە دەدەن کە پارێزەری کولتووری کوردەواریین، بە تایبەت لە خواردن و جلوبەرگدا، کوێستان نموونەی یەکێک لەو ژنانەیە کە بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی بۆتە پارێزەری چەندین بەرهەمی سروشتیی.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- کوێستان لە ڕێگەی دوکانی "ترشیات و بەرهەمی خۆماڵی کویستان"ەوە چەندین جۆر بەرهەمی خۆماڵی پێشکەش بە کڕیاران دەکات، لەوانە ترشیات، خەیار، زەیتون، مرەبا، سیرو بیبەری خۆشکراو، کە بەرهەمەکانیان بە گوێرەی وەرز و بەردەستبوونی بەرهەمە ناوخۆییەکان جۆراوجۆر دەبن.
ئەم کاروبارە تەنها سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی بەرهەمی خۆماڵی نییە، بەڵکو هەوڵێکیشە بۆ زیندوو ڕاگرتنی کولتووری ئامادەکردنی خواردنی ماڵەوەو هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی بەرهەمە ناوخۆییەکان.
بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکان و سەرکەوتن لە کاروباردا
کوێستان ساڵح سەعید لە چەندین فێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەکاندا بەشدار بووەو بەگوێرەی قسەکانی یەکێک بووە لەو کەسانەی لە ڕووی فرۆشتنەوە سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە، لە کەپرەکانی فرۆشتندا فرۆشتنی زۆری هەبووە، هەروەها بە مەبەستی ناساندنی زیاتر بەرهەمەکانی و فراوانکردنی بازاڕی فرۆشتن، بەردەوامە لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکاندا.
بەردەوامی لەم بوارەدا بۆی بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر گرنگی بە ناسنامەی کاروبارەکەی بدات، لەوانەش دیاریکردنی ناوی دوکان و لۆگۆی تایبەت بە بەرهەمەکانی، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی لە بازاڕدا ناسراوتر بن.
پەیامی کویستان بۆ ژنان: پشتیوانی لە یەکتر بکەن
کوێستان لە پەیامێکدا بۆ ژنان، جەخت لەسەر گرنگی هاوکاری و پشتیوانیکردنی یەکتر دەکاتەوەو وتێ: ژنان دەبێت پشتیوانی بەرهەم و تواناکانی یەکتر بن و بەرهەمە ناوخۆییەکان بەهای پێویستیان پێبدەن، هەر ژنێک دەتوانێت بە پێی سەلیقە، توانایی و داهێنانی خۆی هەنگاو بنێت و لە هەر وەرزێکدا بە گوێرەی بەرهەمە بەردەستەکان، کارێکی تایبەت پێشکەش بکات، جا لە شارێک بێت یان شارۆچکەیەک، هەروەها پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی تەنها پشتیوانیکردن لە بەرهەمێک نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی، هاندانی ژنان بۆ کارکردن و ناساندنی تواناکانیان.
بەرهەمی خۆماڵی؛ هەنگاوێک بەرەو داهاتوویەکی باشتر
چیرۆکی کوێستان ساڵح سەعید نموونەیەکە لە هەوڵی ژنێکی کورد کە لە ڕێگەی کاروبارێکی خۆماڵییەوە هەوڵ دەدات بەرهەمە ناوخۆییەکان بناسێنێت و بەشداری لە جووڵەی ئابووری ناوچەکەی خۆیدا بکات، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کاتێک ژنان پشتیوانی یەکتر بن و کڕیاران گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەن، دەرفەتی گەشەکردن و سەرکەوتن بۆ کاروبارە بچووکەکان زیاتر دەبێت.