ژنانی غەزە کاری دارتاشی دەکەن و ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە

بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆمەڵگەیەکی چەقبەستوو و خاوەن ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنان هەوڵیانداوە دەست بکەن بەو کارانەی لەلایەن پیاوانەوە قۆرخ کراون، یەکێک لەوانەش دارتاشییە.

نەغم کەراجە

 

غەزە- نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی ئابووری وای لە ژنانی غەزە کردووە کارە جیاوازەکان ئەنجام بدەن، لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان، غەدیر تایحی تەمەن ٣٠ ساڵ، لە ساڵی ٢٠١٥وە دەستیکردووە بە کاری دارتاشی و لە ئێستادا دارتاشکی باشە.

 

سەرەتا هاوژینەکەی دژایەتی کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، باوەڕی بەوە نەبووە ژن بتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات، هۆکاری ئەمەش بوونی کۆمەڵگەیەکی کۆنەپەرستی دواکەوتووە کە هیچ کات باوەڕی بە کارکردنی ژنان نەبووە و پێیان وابووە کۆمەڵێک کار تایبەت بە پیاوانن و نابێت ژنان ئەنجامی بدەن، بەڵام بەهۆی سووربوون لەسەر کارکردن ئەو ژنە توانیویەتی هاوژینەکەی ڕازی بکات.

 

لە پاش هەوڵدانی غەدیر بۆ کارکردن لە دارتاشیدا خولێکی ڕاهێنان کرابووەوە بۆ فێربوونی کاری دارتاشی لەناو ٤٠ ژن کە داواکاریان بۆ خولەکە پێشکەش کردبوو ١٠ ژنیان وەرگیران، لە نێو ئەو ١٠ ژنەدا توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەو ژنانەی بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاهێنانیان ئەنجامدا.

 

غەدیر وتی: "لە پاش هەوڵەکانی ئێمە شوێنی تایبەت بۆ دارتاشی ژنان کرایەوە، دەستمان کرد بەوەی ژنان ڕابهێنین لەسەر چۆنیەتی کارکردن و بەکارهێنانی ئامێرەکان"، ئەو ژنە سەرەتا خۆی بەشداری ڕاهێنانەکانی دەکرد.

 

"ئەوانەی بە ڕوومدا دەوەستان، کچ و ژنەکانیان دەهێنا فێری دارتاشیان بکەم"

غەدیر ئاماژەی بەوەدا سەرەتاکان هەمیشە سەختن، ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار و چەقبەستوو کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەت ئەگەر بژێوی ژیان لەسەر ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە دەست بکەوێت، وتی: "دەوروبەرم هەوڵیان دەدا هاوژینەکەم لە دژم بەکاربهێنن، هەمیشە پێیان دەوت چۆن ڕێگەت داوە خێزانەکەت ئەو کارە بکات و کارەکەی لەگەڵ پیاواندا بێت، باشترە لە ماڵ بمێنێتەوە و منداڵەکانی پەروەردە بکات"، بەڵام ئەو هەوڵانە ئەو ژنەیان ڕانەگرت بەڵکو بووە هۆکارێک کە توانی هێز و ئیرادەی خۆی کۆبکاتەوە و بۆ هەمووانی بسەلمێنێت تواناکانی لە چ ئاستێکدایە، بە جۆرێک ئەوانەی قسەیان پێدەوت کچەکانی خۆیان دەبرد بۆلای تا فێری دارتاشیان بکات.

 

ژنانی گەنج لە کاری دارتاشیدا بەشداریان دەکرد

مونا نەحالی تەمەن ٣٧ ساڵ، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کار و دانەمەزراندن یاخود نەدۆزینەوەی پیشەیەکی ئەکادیمی کە لە پیشەکەی خۆیەوە نزیک بێت، بڕیاری داوە دەستبکات بە کاری دارتاشی، وتی: بۆ من قورس بوو لە بیرۆکەی مامۆستاییەوە دەستبکەم بە کاری دارتاشی، بەڵام چەند مانگێکی ئەستەم بوو، دواتر توانیم ببمە دارتاشێکی باش و بە دەستەکانی خۆم بەرهەمی نوێ دروستبکەم.