ئێران، قەیرانی ئابوری و هەژاری تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە

بەهۆی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک لە ئێراندا، خێزانەکان ناچارن ژیانی ڕۆژانەیان لە شەقامەکاندا بە دەستفرۆشی و کۆکردنەوەی خاشاک بەسەرببەن.

هیما راد

 

سنە- لە شارەکانی ئێراندا، کۆکردنەوەی خاشاک و چاوەڕوانیکردن بۆ فرۆشتنی کلێنسێک لە چوار ڕیانەکانی شاردا بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە، بە ڕوونی کۆکردنەوەی خاشاک لەلایەن ژنان و پیاوان دەبینرێت کاتێکیش قسەیان لەگەڵ دەکەیت باس لەوەدەکەن بەهۆی فشار و هەژاری و بێکارییەوە ناچاری کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکن، ئەو کەسانە بەهۆی ئالودەبوونیانەوە لە کۆمەڵگە دابڕاون، خاوەن خێزان و کەسایەتین، بەڵام بەهۆی دەوڵەت و حکومەتی بێ پلانەوە لە بوونی ژیانێکی ئاسایی و سادە دابڕاون و بێ پەناگە لەسەر شەقامەکان شەوانی خۆیان تێدەپەڕێنن.

 

کێشە ئابوورییەکانی ئێران وای لەخەڵک کردووە کە گرنگی و هاوسۆزیان بۆ یەکتر نەمێنێت و هاوکاری یەکدی نەکەن، هەموو کات و دەرفەتەکانیان بۆ چارەسەری کێشەی ئابوری و دابینکردنی بژێوی ژیانیان بەسەردەبەن و کێشەکانی دیکەیان وەلا ناوە، چارەسەری ڕیشەیی ئەم کێشانەش لەلایەن حکومەتەوەیە کە گرنگی بەو پرسە نادات.

 

بە گوزەرکردنێک بەناو گۆڕەپانی بەسیج لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵ، گەنج، ژن و پیاو دەبینرێت کە چاوەڕێن پاکەتێک کلێنس بفرۆشن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، ئەو ژنانەی بە کۆکردنەوەی خاشاک ڕۆژەکەیان تێدەپەڕێنن نوژنها لێیان دەپرسێت ئاخۆ فرۆشتنی کلێنس بژێوی ژیانیان دابیندەکات؟

 

بێ جیاوازی تەمەن لە چوارڕیانەکاندا کاری دەستفرۆشی دەکرێت

یەکێک لەو ژنانە، کە نەیویست ناوی بڵێت، لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا لە چوارڕیانێکدا کلێنس دەفرۆشێت و کچەکەی دوو و سێ ساڵێک دەبێت، منداڵەکان بەڕووی ئۆتۆمبێلەکاندا دەڕۆن و داوا دەکەن کلێنسەکانیان لێبکڕن، دەڵێت: دوو منداڵم هەیە و دەرامەتمان نییە، سێ مانگە کرێی خانووم نەداوە، خۆشم چەندین کێشەم هەیە و منداڵەکەم نەخۆشە، یەک منداڵم کار دەکات و دەبێت بژێوی ژیانمان دابین بکەین".

 

گەنجێکی دیکە باس لەوەدەکات کارەکەی فرۆشتنی گوڵ و کلێنسە لە شەقامەکاندا، "ئەمە بەشی ژیانمان ناکات، برنج کیلۆیەکی بووەتە یەک ملیۆن تمەن بە فرۆشتنی کلێنسێک و پەیداکردنی ٥٠-٥٠ تمەن چۆن بژیوی ژیانمان دابین دەکرێت، بەهۆی بژێوی خێزانەکەمەوە ناتوانم بخوێنم، بەڵام زۆرم حەز لێیە، ئەگەر من بخوێنم کێ سەرپەرشتی خێزانەکەم بکات".

 

ژنێکی دیکە دەڵێت: بە فرۆشتنی کلێنس بژێوی ژیانم دابین دەکەم چونکە هیچ داهاتێکی دیکەم نییە، پارەم نییە خانوو بگرم بۆیە لە ماڵی براکەم دەژیم و منداڵم هەیە، ١٠-١٥ ساڵە بەردەوام لە دەرەوەم هەمووان دەزانن بێسەرپەرشتم بەڵام هاوکاریم ناکەن.

 

منداڵێکیش دەڵێت ڕۆژانە ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار کار دەکەم و دەیدەمە دایکم بیداتە کرێ و خێزانەکەم بژیەنم، دەخوێنم و لە پۆلی شەشم.