بەهار زیاتر لە ٣٠ ساڵە خەریکی نان و کولێرە کردنە

بەهار ساڵح هاوڵاتییەکی دانیشتووی سەیدسادقە، هەفتانە دەچێتە گوندەکەیان و بەکاری باخەوانی و نان کردنەوە خەریک دەبێت، وەک خۆی دەڵێت ٣٥ ساڵە نان و کولێرە دەکەم و لێی بێزار نابم.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- بەهار ساڵح، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، ڕۆژانە لەگەڵ خێزانەکەیدا دەچێتە گوندەکەیان بە ناوی جۆمەرەسی و کاری باخەوانی دەکات بەتایبەت لە وەرزی بەهار و هاویندا، کە وەرزی دروێنە و کشتوکاڵە، لەگەڵ ئەوەشدا بە کاری ماڵەوە خەریک دەبێت و ئارەزووی دروستکردنی نان و کولێرەی بە تەنووریی کوردی هەیە.

 

بەهار ساڵح بەدەم هەویر شێلان و کارکردنەوە بۆ نوژنها دوا باس لە ژیانی کۆن دەکات کە ژنان کاریان زۆر بووە و دەڵێت: لە کۆندا ژن ئەرکی زۆر بوو، مەشکەیان دەکرد و داریان دەهێنا و نانکردن و کۆڵ پێچەوانەوە هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو کارانە کەمتر بووەتەوە، خۆم حەزم لە کارکردنە و لەگەڵ هاوژینەکەمدا دێمە گوندەکەمان و هاوکاری دەکەم.

 

٣٥ ساڵە کولێرە دەکات و لێی بێزار نەبووە

دوای شێلانی هەویرەکە، بۆ کاتژمێرێک هەویرەکە دادەنرێت، بەهار ساڵح لەناو باخەکەدا تەنورەکەی پاک کردەوە و ئاگری تێداکردەوە و دەستیکرد بە نانکردن، لە درێژەی قسەکانیشیدا باسی لەوەکرد کە ماوەی ٣٥ ساڵە نان و کولێرە دەکات و چەندین جۆری کولێرە دەزانێت، دەشڵێت: هەرگیز لێی بێزار نەبووم.

 

بەهار ساڵح وتی: جاران هەفتەی دووجار نانم دەکرد، بەڵام لە ئێستادا توانای جارانم نەماوە و دوو هەفتە جارێک نان دەکەم.

 

گوندی جۆمەرەسی دەکەوێتە بناری سورێن لە شارۆچکەی سەیدسادق شوێنێکی کوێستانە و خاوەن بەرهەمێکی زۆری گوێز و هەنارە.