گوڵشەن، خاوەن پێداویستی تایبەتە بەڵام لە هەوڵدان کۆڵ نادات

گوڵشەن توانای ڕێکردنی نییە، بەڵام یەکەمین ژنە لە سەیدسادق دوکانی گوڵی سروشتی دانابێت، لە ئێستاشدا دوکانێکی دیکەی کردووەتەوە.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- گوڵشەن ساڵح، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، تەمەنی ١٣ ساڵ بووە کە دیوارێک بە سەریدا دەڕووخێت و دەبێتە هۆی لە دەستدانی قاچەکانی، گوڵشەن هیچ کاتێک هیوای لە دەستنەدا بۆ چاکبوونەوە و گەڕانەوەی وزە و جوڵە بۆ قاچەکانی، بەردەوامیش لە هەوڵداندا بووە تا بگاتە خەون و ئامانجەکانی.

 

ئەو ژنە گەنجە بەر لە چوار ساڵ دووکانێکی گوڵفرۆشی دامەزراند و ئەگەرچی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام خۆی دوکانەکەی بەڕێوەدەبرد، ئەو یەکەمین ژن بوو لە شارۆچکەکەدا خاوەن بیرۆکەی دانانی گوڵی سروشتی و دیاری بێت.

 

گوڵشەن بەردەوامە لە هەوڵدانەکانی، دوای سەرکەوتنی لە دوکانی گوڵفرۆشییەکەی، بیرۆکەی دانانی دوکانێکی جیاواز و پێویستی شارۆچکەکەی بەبیردا هات، ئەویش کردنەوەی دوکانێکی جلوبەرگی ژنان بوو، گوڵشەن دەڵێت جیاوازی دوکانەکەی من ئەوەیە سەرجەم کاڵاکان بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشم .

 

دەربارەی کارکردن و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان، گوڵشەن دەڵێت: هەموو کارێک بۆ ژن سەختی خۆی هەیە، بۆ من کە قاچەکانم توانای ڕۆشتنیان نەبوو، زۆر سەخت بوو، بەڵام بەردەوام بووم  و سەرکەوتوو بووم، ئێستاش ئامانجەکەم کار و سەرکەوتنی زیاترە.