تامی کولیچەکەی دڵکەش، کلتووری کۆنی لەدەست نەداوە

تێپەڕاندنی ڕێگرییەکان لە ژیانی دڵکەشدا، کارێکی ئاسان نەبووە، بەڵام تواناکانی وایکردووە ببێتە نمونەی ژنی سەرکەتوو، لە ئێستادا خاوەن فرۆشگایەکی تایبەت بە خۆیەتی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژیان بۆ هەر تاکێک ئەزموونێکە، ژنان ئەزموونەکانی ژیانیان کۆدەکەنەوە و بەهۆیەوە دەگەنە ئەو ئامانجەی دەیانەوێت، چەندین ژنی خاوەن کار و بەتوانا لە بازاڕی کاردا کاردەکەن، هۆکاری ئەمەش بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و نەمانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری نییە، بە پێچەوانەوە، هەبوونی ڕێگرییەکان و کلتووری لە مێژینەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنانی بەهێزتر کردووە، بووەتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشچوونیان، گەیشتن بە هیواکانیان.

 

دڵکەش عومەر، لەدایکبووی پارێزگای هەڵەبجەیە و ٥١ ساڵە، بەهۆی دۆخی ژیانەوە ڕوویانکردۆتە شاری سلێمانی، لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئامادەیی پیشەسازی تەواو کردووە و لە بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان دامەزراوە و چەند ساڵێک کاری کردووە، بەهۆی ژیانی هاوژینییەوە و ئەرکی خێزان و منداڵ لە کارەکەی دابڕاوە، چەندین ساڵ لە ماڵەوە بە بەخێکردنی منداڵەکانی و دایکایەتییەوە سەرقاڵ بووە.

 

ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە بێ کار بووە، دواتر بیریکردووەتەوە کارێک بکات بۆ خۆی و کەمێک لە کەشی ماڵەوە دوور بکەوێتەوە، بۆیە دڵکەش دەستەکات بە کاری خەیاتی و بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو کارە ئەنجام دەدات، لە پاشان حەز و خولیای بۆ دروستکردنی خواردن زیاتر دەبێت و بەهۆی بەتامی خواردن و شیرینییەکانیەوە دەست دەکات بە کاری دروستکردنی شیرینی.

 

لە بونیادنانی فرۆشگاکەی نەوەستا، دواجار فرۆشگایەکی تایبەتی کردەوە

کەسوکار و خێزانی دڵکەش کاتێک خواردن و شیرینییەکانی ئەو ژنەیان تاقی دەکردەوە بەردەوام پێیان دەوت مافی خۆتە دەست بکەیت بەو کارە و کار بکەیت بەڕاستی خواردنی دەستت چێژی تایبەتی هەیە، وتی "پاڵپشتی خێزان و منداڵەکانم وایانلێکردم دەست بکەم بە دروستکردنی شیرینی، سەرەتا لەگەڵ خوشکەکەم دەستم پێکرد"، بەهۆی دووری کارەکەی لە ماڵەکەیەوە و هەبوونی منداڵەکانی لە خوێندنگە دووبارە واز لە کار دەهێنێت.

 

لە پاشان دڵکەش لە ماڵەکەی خۆیدا درێژە بە کارەکەی دەدات، لە دووبارە هەوڵدانەوەی بۆ بونیادنانی دوکانێکی خنجیلانە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی کۆمەڵگە دەبنەوە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانیدا، بەڵام دڵکەش ناوەستێت و بەردەوام دەبێت تا لە کۆتایدا فرۆشگایەکی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە و تیایدا شیرینییەکانی دەفرۆشێت، دەڵێت "ڕاستە بە خواردن و شیرینی دەستم پێکردن، بەلام زیاتر خۆمم لە شیرینیا دۆزیەوە و درکم بەوەکرد وەک خواردن نییە زۆر کەس ناتوانێت لە ماڵەوە دروستی بکات".

 

"دایکم قەڵغان و پاڵپشتی سەرەکی من بووە"

دەربارەی دەستکردن بە کار و سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکانی بەردەمیدا، دڵکەش باسی لەوەکرد، دەستکردن بە کاری خۆت و هەبوونی جێگەیەکی تایبەت بە خۆت ئەرکیکی ئاسان نییە، خەڵکی قسە دەکەن بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەلگەی ئێمە ئاسان نییە ژن دەست بداتە کاری خۆی بەڵام بێ گوێدانە هیچ بەربەستێک بەردەوام بووە.

 

ئاماژەی بە پاڵپشتییەکانی کرد و وتی "هەمیشە دایکم قەڵغانێک بووە بۆم، هەرکات بێتاقەت بوبێتم یاخود ساردبووبێتمەوە لە کارەکەم دایکم پاڵپشتی لێکردووم، بەهۆی دایکمەوە من توانیومە بەردەوام بم".

 

"هەوڵمداوە هەلی کار بۆ ئەو ژنانە دابین بکەم کە خولیای کارکردنیان هەیە"

لە درێژەی قسەکانیدا، دڵکەش ئاماژەی بەوەدا، هەمیشە هەوڵی داوە دوکانەکەی لە خزمەتی ژنانی دیکەدابێت، بتوانێت هاوکاریان بکات و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت، بەتایبەت ئەو ژنانەی پێویستیان بە کار هەیە و حەز بەکارکردن دەکەن، چونکە هەر کەسێک خولیای کاری هەبێت دەتوانێت تیایدا سەرکەتووبێت، وتی "سەرجەم ئەو کەسانەی لە لام کار دەکەن ژنن، هەرکەسێک کارەکەش نەزانێت فێری دەکەم تەنها لەسەر پێی خۆی بوەستێت و کاربکات".

 

داوا لە ژنان و گەنجان دەکات بەهرەکانی خۆیان بدۆزنەوە و پەرەی پێبدەن، بە شوێن ئامانجەکەیانەوەبن، بەتایبەت کەسانی دەست ڕەنگین، چونکە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت ئەوەی بیەوێت ئەنجامی بدات تەنها کەمێک ماندووبوونی دەوێت.

 

هەموو جۆرە شیرینییەک لە شیرینیخانەکەی دڵکەش بەردەستە

باسی لە ڕۆژانی ناو فرۆشگاکەی بۆ نوژنها کرد، ئاماژەی بەوەدا ڕۆژانە خودی خۆی فرۆشگاکەی دەکاتەوە، لە کاتژمێر ٧ی سەر لە بەیانییەوە دەچێتە سەر کار و دەست دەکات بە شێلانی هەویرەکان، ئامادەیان دەکات تا ژنەکانی دیکە دەچنە سەر کار، تەنها یەک جۆر شیرینی دروست ناکەن بەڵکو کولیچە بە هەموو جۆرەکانی وەک "گوێز، خورما، گوێزهندی و لقوم، هەروەها جۆ"، برمەی وشک و شیرین، پاقلاوە و جۆرەکانی، گاڵگاڵی، کونافە، کێک و چەندین جۆری دیکە دروست دەکەن.

 

هاوڵاتیان زیاتر داوای شیرینییە وشکەکان دەکەن، ئەوانەی شیلەیان تێدا نییە، چونکە لە ئێستادا خەڵكی خۆی دەگرێتەوە لە شەکر و شیلە لە پێناو پاراستنی تەندروستیان، دەڵێت "شیرینییە بە شیلەکانیش هێندە شیرین دروستی ناکەین نەخورێت لەبەر شەکرەکەی، زۆرکات لەسەر داواکاری کڕیارەکانیش شیرینی دروست دەکەین، خۆیان دیاری دەکەن چۆن بۆیان دروست بکەین".

 

چێژی شیرینییەکانی دڵکەش جیاوازن

فرپشگاکەی دڵکەش بە بەردەوامی تا کاتژمێر ١١ی شەو هەیە، جیاوازی شیرینییەکانی دڵکەش بە بەراورد بە شیرینی شوێنەکانی دیکە ناسکیەکەیەتی، دروستکردنیەتی بە دەست، دەڵێت "سەرجەم شێوازەکانی کولیچە بە دەست دروست دەکەین، هەندێک نەخش هەیە خەڵکی حەزی پێناکات و حەزیان بە تازەگەرییە، بەڵام ژنیش هەن بەتایبەت ژنانی بەتەمەن، داوای ئەو شێوازە قەدیمییەکان دەکەن کە لە کۆندا هەبوون".

 

شیرینییەکانی دلکەش تابەتمەندی دیکەیشی هەیە، بەکارهێنانی حێل، بەرهەمی خۆماڵی و کوردەواری وەک گوێز و ڕۆن، چێژی زیاتری بە شیرینییەکانی بەخشیوە، لە سەروو هەموویەوە دروستکردنی شیرینییەکانیەتی بە خۆشەویستییەوە وای کردووە جیاوازبیت.