"بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشێک ناچار بووم دەرگای نەخۆشخانە بشکێنم"

٤٢ ساڵ خزمەتی کردووە و لە ماوەی ٣٠ ساڵدا پەرستاری مامان بووە، شەوقی عەلی دەڵێت، بۆ ئەوەی نەخۆشێک ڕزگار بکەم ناچاربووم دەرگای نەخۆشخانە بشکێنم.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- شەوقی عەلی محەمەد، دانیشتووی شاری هەڵەبجە، لە ساڵی ١٩٧٩ بەشی پەرستاری تەواوکردووە لە زانکۆی سلێمانی پاش دامەزراندن و ٤٢ ساڵ خزمەت بەر لە مانگێك خانەنشین بوو.

 

شەوقی مامان بە خۆشەویستی کارمەندان و دکتۆران و تەنانەت ئەو نەخۆشانەش کە منداڵیان بووە، ناسراوە، دایکی کۆرپە هەمیشە هەستی بە دڵنیایی کردووە لەگەڵیدا و بۆ سەلامەتی گیانی دایک و کۆرپەکەش یارمەتیدەرێکی باش بووە، بە وتەی خۆی ٤٢ ساڵ خزمەت و ٣٠ ساڵیش تەنها لە بواری پەرستاری مامانیدا کاری کردووە، لە چەندین شاری کوردستان وەک سلێمانی و شانەدەر و سەیدسادق و مەریوان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامان بووە، جگە لەوەش لە بەشی سوتاوی شکاوی و نەخۆشخانەکان کاری کردوە.

 

شەوقی عەلی دەڵێت: ماوەی ١٠ ساڵ لە ئێران و لە نەخۆشخانەی مەریوان مامان بووم، لە هەر شوێنێک مامان بووبێتم، ئێشکگری شەوان بووبم ١-١٥ منداڵ لەدایکبووە، بۆیە نازانم لە ژیانی مامانیمدا چەند منداڵ لەدایکبووە لەسەر دەستم.

 

لە ماوەی کارکردنی ئەم پەرستارەدا چەندین ڕووداوی ناخۆش و خۆش ڕوویانداوە و وەک خۆی باسی دەکات دیارترین ڕووداوی ناخۆش ئەوەبووە "سەرە کارکردنی من نەبوو، هاتم سەیر دەکەم منداڵێک لەدایکبووە و تووشی گەشکە بووە و گیانی سپارد، لە هەمانکاتدا دایکێکیش تووشی خوێنبەربوون بو گیانی لەدەستدا".

 

کارکردن تەنها ڕووداوی ناخۆش نییە، بەڵکو چەندین ڕووداوی خۆشیش هەبووە، شەوقی پەرستار وەک باسیکرد بۆمان لە کاتی کەرەنتینە ژنیک هەبووە لە مانگی خۆی بۆ ئەوەی منداڵی ببێت، بەڵام دەرگای نەخۆشخانەکان داخراون و بردوویانەتە ماڵەوە بۆی: نەخۆشەکەیان هێنایە ماڵەوە من هیچ کەرەستەیەکم نەبوو، بۆیە دەرگای نەخۆشخانەم شکاند و هەرچەندە زۆر نارەحەت بووم تا منداڵەکە لەدایکبوو بەڵام بە ئەنجامەکەی دڵخۆش بووم دایک و کۆرپە سەلامەت بوون".

 

لەدایکبوونی سروشتی باشترین ڕێگەیە

شەوقی عەلی وەها دەڵێت: ئەزموونی کار پێم دەڵێت کە منداڵبوونی سروشتی سەلامەتترین ڕێگایە بۆ منداڵ بوون.

 

شەوقی عەلی مامان، ماوەی ٤٢ ساڵ خزمەتی بە نەخۆشان کردووە، ئامۆژگاری ژنان دەکات و دەڵێت: لەدایکبوون بە سروشتی سەلامەتترین ڕێگایە بۆ لەدایکبوونی کۆرپە و داوای نەشتەرگەری نەکەن بە خواستی خۆیان، چونکە مەترسی هەیە لە خوێنبەربوون و مەترسی ئەوە هەیە کە نەخۆشەکە بە ئاگا نەیەتەوە..