کۆڵبەری سوتەمەنی مەترسی لەسەر ژیانی ژنانی ئاوارە دروستکردووە

ژنانی ئاوارەی گوندەکانی ئیدلب کە بەهۆی هەژارییەوە ناچارن کۆڵبەری سووتەمەنی بکەن، دەڵێن: "ناچارین لە سەختترین بارودۆخدا کار بۆ خێزانەکانمان بکەین".

هەدیل ئەلعمار

 

ئیدلب- ئەو کۆڵبەرانەی کە لە نێوان ناوچە گوندنشینەکانی باکووری حەلەب و ئیدلب کاردەکەن، بەهۆی زیادبوونی نرخی شتومەکەوە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، ژنانی ئاوارەش لە کامپی عەتما بەهۆی هەژاری و نەبوونی دەرفەتی کارەوە ناچارن کۆڵبەری سوتەمەنی بکەن و باس لە قورسییەکانی ژیانیان دەکەن.

 

"لەبەر هەژاری دەستمان بە کۆڵبەری کرد"

حەنان ئەلشێخۆ، ٣٣ ساڵ، باس لەوەدەکات بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی کۆڵبەری دەکات، وتیشی: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکەوە، خۆراکم بۆ منداڵەکانم دابین نەکردووە، ئێمە لە زستاندا بەبێ پێداویستی و بێ خواردن و بێ پارە دەمێنینەوە، دوای ئەوەی ئاوارەی گوندەکانی ئیدلب بووین، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە کامپی عەتما دەژین، بەهۆی بارودۆخی سەختی هەژارییەوە دەستم بە کۆڵبەری سوتەمەنی کرد، ئێستا لە کارەکەمدا ڕووبەڕووی زۆر کێشە دەبمەوە، بەڵام پێویستە منداڵەکانم بەخێوبکەم".

 

سەمیعە ئەلڕامووسی ٣٠ ساڵان، باس لەو سەختییانە دەکات لە کاتی کۆڵبەریدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و وتی: من لەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە کۆڵبەری دەکەم و ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبمەوە، کاتێک کۆڵبەری دەکەم زۆر کەس لە ناوچە کۆنترۆڵییەکاندا دەبەی گازەکانم پێ فڕێدەدەن و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و زیندانم لێدەکەن، هەروەها کەسانێک هەن کە بەپێی دۆلار و دراوی تورکی ڕێژەی گاز و سوتەمەنی کەمدەکەنەوە و ڕەوایەتیشی پێدەدەن، تا ئێستا ڕێژەی سوتەمەنی جێگیر نەکراوە و ئەمەش کارەکەمان لێ قورس دەکات.

 

جەمیلە عەلوش ٢٠ ساڵە و لەسەر کاری کۆڵبەرییەکەی وتی: کاتێک دەبە سوتەمەنییەکانم لەسەرشان بوو، ئەندامانی کۆنتڕۆڵی ڕێگاکە منیان بینی و کەوتمە ناو چاڵێکەوە، بۆیە لە قاچی چەپمدا برین و شکان هەبوو، من دەبێت وەک کۆڵبەر کاربکەم، بۆئەوەی ئاگام لە دایکم و پێنج خوشکە گەنجەکانم بێت، کە قاچیشم چاک بووەوە، بەردەوام دەبم لە کۆڵبەری.