٣٠ ساڵە خۆی بژێوی ژیانی دابین دەکات

زەینەب ئەحمەد، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، بە کاری گوێزشکێنییەوە خەریکە و بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات، دەڵێت ئەگەرچی ئیشەکەی قورسە بەڵام ناچارە کاربکات.

 ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- زەینەب ئەحمەد ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، لە ئێستادا کاری پاک کردنه‌وه‌ و جیاکردنەوەی گوێز دەکات، ئەم کارە گەرچی قورسی و وردی خۆی هەیە، بەڵام زەینەب دەڵێت توانای جارانی نەماوە کاری دەرەوە بکات و بۆ ئەوەش لە ماڵەوە کاری گوێزشکاندنەکەی بۆ ئاسانترە.

 

زەینەب ئەحمەد دوای گیانلەدەستدانی هاوژینەکەی، دەست دەکات بە کارکردن تا لەو ڕێیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، دەڵێت: دوای مردنی هاوژینەکەم ٣٠ ساڵ پێش ئێستا، دەستم بە کار کردووە و هەموو کارێکم کردووە، وەک تووتن و پارچەکۆڵە و لۆکەچنین و گوڵەبەڕۆژە هەڵبڕین و هەموو کارێکی دەشتم کردووە.

 

ئەو ژنە ڕەنجکێشە باس لەوەدەکات، بە ماندووبوون و کارکردنی بەردەوام توانیویەتی منداڵەکانی بەخێو بکات، "کارم دەکرد تا منداڵەکانم جگە لە خۆم پێویستیان بە کەسی تر نەبێت و بێ باوکیان پێوە دیار نەبێت، ئێستاش هەموویان هاوسەرگیریان کردووە و خاوەن خێزانی خۆیانن".